دەقی كۆتا پەیامی بانگەشەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ لیستی (114)ی گۆڕان

15/10/2024

D هەواڵ و چالاکی

دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتا پەیامی بانگەشەی بۆ لیستی 114ی گۆڕان پێشكەشكرد و تێیدا رایگەیاند: بەرچاو ڕوون بوین لەوەی گۆڕانخوازان و هاونیشتیمانیان، چییان لەگۆڕان دەوێت، لەسەر ئەم بنەمایە، چەند بڕیارێکی گرنگ و چارەنوسسازمان پەیوەست بە دۆخی ئێستاو داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان دا، ئەو داواکارییەی لەبزوتنەوەی گۆران هەتانبو، بەگەڕانەوەی بۆ بەرەی خەڵک و کشانەوە لەحکومەت بەهەند وەرمانگرت و بڕیارمان لێدا.

لە پەیامەكەی رێكخەری گشتی هاتوە: داواتان لێ دەکەین، لەرۆژی دەنگداندا، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانتان؛ دەنگبدەن بەلیستی ژمارە (١١٤)ی بزوتنەوەی گۆڕان. دەنگی پڕ بەهای ئێوە بۆ کاندیدە لێهاتووەکانی لیستی گۆڕان؛ هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووی سیاسیی دەگوازێتەوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش بەهێز دەکات.

 

دەقی پەیامەكە:

((بەناوی خودای گەورەو میهرەبان))

هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان ..
دەنگدەرانی بەڕێزی کوردستان ..

ئەمڕۆ قۆناغی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت و قۆناغێکی گرنگ و چارەنوسساز چاوەڕوانی میللەتەکەمان دەکات، قۆناغێک کەتیایدا بەدەنگی ئێوە داهاتوی حکومڕانی و ژیانی پەرلەمانی و سیاسی دیاریدەکرێت، بەرپرسیارێتی هەمومانە، کە داهاتوییەکی ڕۆشن و ژیانێکی شایستە و نیشتیمانێکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەمو هاوڵاتیانی کوردستان بەبێ جیاوازی ئینتیمای سیاسی و حزبی و ئاینی و نەتەوەیی بهێنینەدی.

دەنگدەرانی سەربەرزی کوردستان، بڕیار بەدەستی ئێوەیە، بە دەنگ و متمانەی ئێوە دەتواندرێت واقیعی ئێستای سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت و بەدەنگەکانتان جیاوازی دروست بکەن و کۆتایی بەو قەیران و نەهامەتیە کەڵەکەبوانە بهێنن، کە (٣٣) ساڵە بەرۆکی دانیشتوانی ئەم هەرێمەی گرتوە، بەپێچەوانەشەوە بایکۆت چارەسەر نییە و تاقیکرایەوە، دەرکەوت کە لەبەرژەوەندی هێشتنەوەی دۆخەکەدایە، بەو جۆرەی کە دەسەڵات دەیخوازێت.

هەربۆیە، ئێوەی دەنگدەر تەنهاو تەنها بڕیار بەدەستن و بە دەنگەکانتان دەتوانن داهاتو و چارەنوسی خۆتان و نەوەکانتان دیاری بکەن، هەر ئێوەشن کە بڕیار دەدەن داهاتوی حکومڕانی ئەم وڵاتە لەدەستی چ هێزێکدا بێت، بەشداری بەرفراوانتان نیشانەی هۆشیاری و زیندوێتی ئێوەیە، بۆ سزادانی گەندەڵکاران و کۆتایهێنان بەتاكڕەوی لە بڕیاردان و حکومڕانی خراپ لەم هەرێمەدا، ئەوەش بەئامانجی سەرخستن و هێنانەدی ئیرادەی گۆڕانکاری و خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتمانیان. 

هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازانی ئارامگر و خۆڕاگر ..

وەک دەزانن لەماوەی دو هەفتەی ڕابردودا، بەندە بەرپرسیارێتیەکی قورس و گرنگم بەپشتیوانی هاوڕێیانی ناوەوەو دەرەوەی بزوتنەوەکە پێسپێردرا، ئێمە بەرچاو ڕوون بوین لەوەی کە گۆڕانخوازان و هاونیشتیمانیان، چییان لەگۆڕان دەوێت، لەسەر ئەم بنەمایە، چەند بڕیارێکی گرنگ و چارەنوس سازمان پەیوەست بە دۆخی ئێستاو داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان دا، ئەو داواکارییەی لەبزوتنەوەی گۆران هەتانبو، بەگەڕانەوەی بۆ بەرەی خەڵک و کشانەوە لەحکومەت بەهەند وەرمانگرت و بڕیارمان لێدا. 

ئەم بڕیارانەش بەبێ پشتیوانی و دەنگ و خاوەندارێتی ئێوە لەبزوتنەوەی گۆڕان، بەقازانجی میللەتەکەمان ناشکێتەوەو شوێنی خۆی ناگرێت، هەربۆیە داواکارین لێتان لەم هەڵبژاردنەدا، دەرفەتێکی دیکە بە بزوتنەوەکەتان ببەخشن و بەهێزی بکەنەوە، بۆ ئەوەی لەداهاتوداو لەرێگەی موعارەزەیەکی بەهێزەوە داکۆکی لەماف و داواکارییەکانتان بکەین و  شەقام بەهێزبکەینەوە و هاوکات بتوانین بەرەیەکی بەهێزی موعارەزەش بۆ ئەو مەبەستە دروستبکەین.

هاونیشتیمانیانی بەڕێز ..
 ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە ئومێدو تین و بڕوایەکی تەواوەوە دەستمان خستە سەر برین و کەموکورتیەکان و چارەسەرمانکردن، بەعەزم و بڕواو حەماسی سەرەتاکانی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان هاتوینەتەوە مەیدان، ئێمە نە چاومان لەپۆست و پلەو پایەیە، نە دەبینە بەشێک لەگەمەو ململانێی هێزە ناوخۆی و ئیقلیمییەکان، ئێمە تەنها بەرەی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هاونیشتیمانیان دەبێتە ناوەندی بڕیارو کارو ئامانجی داهاتوی بزوتنەوەکەمان.

هاوڵاتیانی مافخوراو، ڕەوەندی کوردی، فەرمانبەران، گەنجان، خانمان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ...

بزوتنەوەی گۆڕان بەڵێن دەدات سەرسەختانە کاربکات بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری و سەروەری یاساو بنبڕکردنی گەندەڵی. گۆڕان بەو بەڕی توانایەوە کار دەکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان و چارەسەرکردنی کیشەی موچە و ڕێگەگرتن لەبەکارهێنانی قوت و بژێوی فەرمانبەران و مامۆستایان لەململانێ سیاسییەکاندا. هەروەها ڕەخساندنی هەلیکارو دامەزراندن و دەرفەتی یەکسان بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان، دور لە بەشبەشێنەو تەزکیەو وەلائی حزبی، هەروەک چۆن هەوڵدەدەین بۆ بەدامەزراوەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لەسەر بنەمای دەستور، دور لە بەرژەوەندییە حزبییەکان.

بەڕێزان، لە هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، هێزەکانی ناوخۆ ..

ئێوە کە پارێزەری یاساو سەروماڵی هاونیشتیمانیان و خاکی کوردستانن، بەدڵسۆزییەوە ئەرکەکانتان ڕادەپەڕێنن، بەڵام دەسەڵات بێباکە لەباشترکردنی ژیان و گوزەرانتان و پرسی بەرزکردنەوەو هاوتاکردنی موچەو ئیمتیازاتەکانتان، هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. بۆیە خەمی ئیوە دەبێتە خەمی گۆڕان و بەڵێن دەدەین لەداهاتودا کار بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ماف و داواکارییەکانتان بکەین.

داواتان لێ دەکەین، لەرۆژی دەنگداندا، ویژدانی خۆتان ئاسودە بکەن و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانتان؛ دەنگبدەن بەلیستی ژمارە )١١٤(ی بزوتنەوەی گۆڕان. دەنگی پڕ بەهای ئێوە بۆ کاندیدە لێهاتووەکانی لیستی گۆڕان؛ هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووی سیاسیی دەگوازێتەوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش بەهێز دەکات. 

لە کۆتایدا، بە دەنگی ئێوە بەهێز دەبینەوە..


هەواڵی زیاتر