شۆڕش حاجى: تۆزقاڵێک سازش لە پەیام و بەرنامەکانى کاک نەوشیروان ناکەین

20/05/2019

هەواڵ و چالاکی

د. شۆڕش حاجى جەخت
لەوە دەکاتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان درێژە پێدەرى ئەو رێباز و پەیامە دەبێت کە کاک
نەوشیروان و بزوتنەوەکە بۆ خزمەتى خەڵک دایڕشتوە و تۆزقاڵێک سازش لەو پەیام و بەرنامانە
ناکات و دەڵێت:"بەشێک لە پاکێجەکانى چاکسازى کە بەرنامە و پەیامى کاک
نەوشیروان و بزوتنەوەى گۆڕان بون لە بەرنامەى کارى حکومەتى ئایندە جێى کراوەتەوە
کە هەموى لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستانە".

ئەمڕۆ (19/5/2019)
ئەندامانى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆان لەسەر گڵگۆى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا
بەردەوامیدانیان بە رێباز و بەرنامەکانى سەرکردنەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد
دوپاتکردەوە و لە پەیامێکیشدا بەناوى خانەى راپەڕاندنەوە شۆڕش حاجى وتى:"لە
دوەم ساڵیادى کۆچى دوایى کاک نەوشیروان هاتوینەتە سەر گڵگۆکەى بۆ دوبارەکردنەوەى
بەڵێن بۆ رۆحى پاکى کاک نەوشیروان و هەمو شەهیدانى رێگەى رزگارى کوردستان کە ئێمە درێژە
پێدەرى ئەو رێباز و پەیامە دەبین کە بۆ خزمەتى خەڵک مان داناوە و تۆزقاڵێک سازش لە
هیچ کام لەو پەیامانە و بەرنامەکانى کاک نەوشیروان ناکەین و هەمو هەوڵێکمان دەدەین
بۆئەوەى بتوانین بە دەستەجەمعى سوچێک لەو کەلێنەى کاک نەوشیروان لەناو ئێمە و
گەلەکەمان بەجێى هیشتوە پڕى بکەینەوە".

ئەو جەختى
لەوە کردەوە کە کاک نەوشیروان تەنها موڵکى بزوتنەوەى گۆڕان نەبوە، بەڵکو موڵکى
هەمو خەڵک و خاکى کوردستان بو، "بەڵام دوا مەنزڵ و وێستگەى سیاسى کاک
نەوشیروان بزوتنەوەى گۆڕان بو کە بۆ بەرژەوەندى خەڵک و چەسپاندنى عەدالەتى
کۆمەڵایەتى و بە نیشتیمانیکردنى دامەزراوەکانى هەرێم دایمەزراندوە، بۆئەوەى
پایەکانى دروستکردنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان دابمەزرێنین و گەلەکەمان لە کەشێکى
ئاسودەدا تێیدا بژى".

وتیشى:"لەکاتێکدا
ئەم بۆنەیە دەکەینەوە کە لەگەڵ پارتى دیموکراتنى کوردستان رێککەوتنێکمان واژۆکرد
کە لە دوتوێى ئەو رێککەوتنەدا بەشێک لە پاکێجەکانى چاکسازى کە بەرنامە و پەیامى کاک
نەوشیروان و بزوتنەوەى گۆڕان بون لە بەرنامەى کارى حکومەتى ئایندە جێى کراوەتەوە
کە هەموى لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستانە، لە بەرامبەردا هەموار کردنەوەى یاساى
سەرۆکایەتى هەرێم و کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێمیش پەسەندکرا کە بۆ یەکەمجارە
دواى ئەو مشتومڕەى کرا، سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانى کوردستانەوە هەڵدەبژێرێت".

هەروەک دوپاتى
کردەوە ئیستا لە هەمو کاتێک زیاتر زەرورە بۆ گەلەکەمان کە یەکڕیز و یەکگرتو بین بەو
هێزە سیاسیانەى دەچنە دەسەڵات و ئەوانەش کە لە ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە، "بۆئەوەى
روبەڕوى ئەو ئاڵنگاریانە ببینەوە کە دێنە بەردەممان و داکۆکى لەو قەوارە سیاسییە
بکەین کە بە خوێن و فرمێسکى سەدان هەزار تێکۆشەرى گەلەکەمان هاتوەتە دى و ئەو ماف
و خاک و شوێنانەى لەدەستمانداوە بتوانین بیانگەڕێنینەوە".


هەواڵی زیاتر