فوئاد مەعسوم: کاک نەوشیروان بەشدارنەبوە لە هیچ بڕیارێ کە زیانی خەڵکی تێدابوبێت

20/05/2019

هەواڵ و چالاکی

د.فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باس لە کۆبونەوەکانی سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی و
چۆنیەتی دامەزراندنی و ناو و پڕۆگرامی حیزبەکە دەکات، کە چۆن کاک نەوشیروان مستەفا
رۆڵی سەرەکی بینیوە.

فوئاد مەعسوم، ئاماژە بە رۆڵی نەوشیروان مستەفا دەکات لە دانانی پلانی
راپەڕین و دابەشکردنی هێزەکان و چۆنیەتی سود بینین لەو ژمارە کەمەی هێزی پێشمەرگە
لەوکاتە و بەجێبەجێکردنی پلانی راپەڕین.

لەبارەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمەوە، فوئاد
مەعسوم ئاشکرای دەکات؛ کە راستەوخۆ کاک نەوشیروان کاندید کراوە بۆ ئەوەی ببێتە
سەرۆکی حکومەت بەڵام ئەوە رەتیکردوەتەوە و وتویەتی: عادەتەن ئەوەی
ئیشی حکومەت دەکات خەڵک دەکەوێتە دژی، من دەمەوێت لەگەڵ خەڵک بم.

ئەوە دەخاتەڕو کە لە سەردەمی ئەنجومەنی حوکمیش کە کاک نەوشیروان ئەندام
بوە، رۆژێک لە رۆژان بەشدارنەبوە لە بڕیارێک کە زیانی خەڵکی تێدا
بوبێت.

دەقی وتەکانی د.فوئاد مەعسوم بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا:

لەسەرەتای بیرۆکەی دامەزراندنی یەکێتی، کۆبونەوەیەکمان کرد لە ڤییەنا،
لەڤییەنا روبەڕو لەگەڵ کاک نەوشیروان یەکمان بینی و پیاسەمان کرد و دانیشتنی دوقۆڵی
و دوای ئەوە دانیشتنی دەستەجەمعی ئەنجامدرا، ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر کە بەس
کاک عەبدولرەزاق فەیلی نەیتوانی بەشداربێت و هەموان دانیشتین.

دەرکەوت کە کاک نەوشیروان مستەفا پیاوێکی زیرەکە و دەزانێت چۆن تەرحی شت
بکات و دوربینیشە، من لەیەکەم دانیشتندا ئەوەم هەست پێکرد، لەوێوە پەیوەندیمان
گەرموگوڕ بو، بۆ سەری ساڵیش هاتە دیمەشق، لە دیمەشق کۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر
بو، بەڵام کاک عومەر شێخ موس نەتواینی بێت بۆ سوریا، رەگەزنامەکەی هی سوریابو
رەنگە کێشەی بۆ دروست ببوایە و نەیتوانی بەشداربێت.

ماوەیەک لەوێ ماوەیەوە، لەو ماوەیەی لێی داواکرا کە پڕۆژەی پەیڕەو و پڕۆگرامێک
بۆ یەکێتی ئامادەبکات و فیعلەن دەستی پێکرد و لە دەفتەری محازەرەکان بەدەستوخەتی
ئەو نوسراوە و ئیمزامان کردوە، ئیتر لەوێوە پەیوەندی نێوان کاک نەوشیروان و من
دروستبو ئەو پەیوەندییەش تا کۆچی دوایی نەپچڕا.

لە راستیدا بەیاننامەمان دەرکرد و بڵاوکردەوە، تەرجەمەی ناوە عەرەبییەکەمان
کرد؛ یەکگرتنی نیشتمانی کوردستانی، بەڵام لە کۆبونەوەی ڤییەنا لەوێ ئەو بابەتە
هاتەوە پێش و یەکگرتن و یەکگرتنی نیشتمانی قورسە و باسکراوە و لێکدانەوەی زارەوەی
و زمانی بۆ کرا، کاک نەوشیروانیش رەئی وابو ببێت بە یەکێتی، یەکگرتن واتای
ئیتیحادەکەی تێدایە، بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە بەو شێوەیە نییە. پەیوەندی بە مامۆستا
ئیبراهیم کرا و ئەویش رەئی وابو، بۆیە ناوەکە گۆڕا بو بە یەکێتی نیشتمانی
کوردستان.

رۆژێک لە ڤییەنا بوین لەگەڵ کاک نەوشیروان پیاسەمان دەکرد، گوتی فیلمێکی
خۆش هەیە بۆ نەچین؟ وتم با بچین، هەر کەچوین بلیتەکەی بڕی یەکێک لەوێ بو دیاربو
کاک نەوشیروانی دەناسی بەرەوڕوی هات و بەسەبری وتی خۆت ئاشکرا مەکە، کابرا سەلامی
کرد و روی لە کاک نەوشیروان کرد و وتی ئەوە جەلال تاڵەبانییە وتی نە، وتی کەواتە
فواد مەعسومە وتی نەخێر ئەویش نییە، برادەرەکە لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوە منیش خۆم
وانیشاندا کە تێناگەم ئەوە چ قسەیەک دەکات، چونکە پێی وتم ئەو کابرایە مولحەقی
سەقافی عێراقیە و لە سەفارەت ئیشدەکات و لە مەعلومات دەگەڕێت، کابرا سەلامی کرد و
دوعاخوازی کرد و وتی بەڵام تەئکیدم ئەوە فوئاد مەعسومە مادام جەلال تاڵەبانی نییە.

گەڕامەوە چومە ئاوژێر کە بارەگای کاک نەوشیروانی لێبو لای ئەو دابەزیم،
لەوێ باسی ئەوەکرا وەفدێک پێکبێت بۆ چونە بەغدا و بە سەرۆکایەتی کاک نەوشیروان،
وەفدەکەش پێکهات و منیشی تێدابوم، هەندێک بابەتمان حازرکرد ئێمە دەچین بڵێین چی و
چیمان پێیە؟ دەبێت هەندێک شت هەبێت بە نوسراو  پێکەوە هەندێک شتمان گەڵاڵە کرد بۆ ئەوەی دەچینە بەغدا قسەی تێدابکەین،
بەڵام کە چوین هەستمان کرد کە لایەنی عێراقی زۆر موهتەم نین بە وەفدەکە.

تاریق عەزیز وتی: دەعوەت کراوم بۆ کۆبونەوەی موئتەمەری ئیسلامی ئیتر نازانم
لە قاهیرە بو کوێ بو، هەفتەیەک دوا دەکەوم و ناتوانم بە حوکمی ئەو سەفەرە بەشداری
لە کۆبونەوەکان بکەم، دەبێت بیربکەینەوە یەکێکی تر لە جیاتی من بێت، بەڵام ئەوەی
بێتە جێگەی من، بۆ بەشداریی لە کۆبونەوەکە، دەبێت بەلایەنی کەمەوە دو هەزار وەرەقە
بخوێنێتەوە ئەوجا دەتوانێت و تێی دەگات، تێگەشتین کە ئامادەییان نییە بۆ
کۆبونەوەکە، وتیان حەزدەکەن بمێننەوە لێرە یاخود بگەڕێنەوە، لەگەڵ کاک نەوشیروان
قسەمان کرد کە باشتر وایە بگەڕێینەوە و هەرکاتێک داوایان کرد ئێمە دەچینەوە بەغدا،
ئیتر ئەو وەفدە بە سەرۆکایەتی کاک نەوشیروان بو، بۆ یەکەمجار و دواجار.

بێگومان کاک نەوشیروان رۆڵی گرنگی هەبو لە رێکخستنی راپەڕیندا و ئەو
سەرپەرشتی دابەشکردنی هێزەکانی دەکرد بەشێوەیەکی وا کە بتوانین لەکاتی پێوسیت
بەکاریبهێنین، چونکە ئەوە نەبو تەنها پشتببەستین بە پێشمەرگە، ژمارەی پێشمەرگە
ئەوەندە زۆر نەبو بتوانێت هەمو ئەو چالاکییانە بەتەنها جێبەجێبکات، بەڵکو لەسەر
رێکخستنی ناوشارەکان بو، دوەم ئەوانەی تێوەگلابون چەکیان بۆ حوکمەت هەڵگرتبو رۆڵێک
دیاریان هەبو لەو راپەڕینە، بۆیە کاک نەوشیروان خۆی خاوەنی ئەو بیرۆکەیە بو کە
هێزەکانمان وا دابەشبێت کە لەشوێنی خۆیان بتوانن ئیشبکەن، ئەو کاتە بەرەی کوردستانی
هەبو و ئەو تەنسیقە لەگەڵ بەرەی کوردستانی هەبو. ئینجا بۆیە ئەو جێیەی کە پارتی
دەتوانێت کاری خۆی تێدا ئەنجامبدات مەرج نییە هی لایەنێکی تری تێدابێت، با ئەوی تر
لەشوێنێک بێت کە لەلای خۆیەوە ئەنجامی بدات، ئەو جێیەی یەکێتی دەتوانێت بەتەنیا
بێت با خۆی بیکات، بەراستیش کاک نەوشیروان خاوەنی ئەو بیرۆکەیە بو، یەکێتیش هەموی
لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە بو کەس نەبو بڵێ نا، لەهەمان کاتدا رۆڵی سەرەکی هی یەکێتی بو
دەبێت ئەوە بزانرێت.

جارێکیان کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر لە کەسانی ناسراو بانگێشت کران، کاک مەسعود
سەرپەرشتی کۆبونەوەکەی کرد کاک نەوشیروانی لابو، دیاربو کاک مەسعود بەو تەوەجوهە
رۆیشت کە واباشە ئێمە رێککبەوین و بگەینە رێککەوتن، کاک نەوشیوان هەندێ شتی ئیبراز
کرد کە رەنگە قسەکان پێکی نەکردبێتەوە، ئەو لەگەڵ ئەوەبو زەحمەتە رێککەوتن، ئەو
بەیانەی کە ئەوان بەنیازبون، کەس ئامادەنەبو ئیمزایبکات، تەنانەت من خۆم بە تاریق
عەزیزم وت باشە ئەو بەیانەی دەینوسن با سەدام حسێن بیخوێنیتەوە، وتی دەزانم
مەبەستت چییە، ئەمن گوتم ئەگەر خۆی بیخوێنیتەوە کە ئەوەندە مەدحی خۆی ناکات، وتی
دەزانم مەبەستت چییە ئەویش بەیانی خۆی هەیە ئێوەش دەبێت بەیانی هاوبەشمان لەگەڵ
بکەن، ئێمە وتمان دەبێت بگەڕێنەوە ناو حیزبەکانی خۆمان و لێرە ناتوانین بڕیاربدەین
ئیتر ئەوەبو گەڕاینەوە و ئەو کۆبونەوانە دەستی پێکرد، دو کۆبونەوە کرا، یەکێکیان
لەلای یەکێتیەوە کاک نەوشیروانی تێدابو و کۆبونەوەکەی تر من لەلایەن یەکێتییەوە
چوبوم.

پەرلەمان هاتە دروستکردن و دەنگدان، بەراستی کاک نەوشیروان لەناو یەکێتی
ئەو کاتیش وتومە موکەڕەڕ یەکە، جابۆیە قسەی ئەو کاریگەریی هەبو، لەگەڵ ئەوەی
پیاوێکی توندوتیژ بو لە هەندێک شت بەڵام پرس و رای بەهەموان دەکرد، وانەبو کە ئەو
شتەی خۆی دەیەوێت دەبێت ئەوە بێت، نەخێر بەوشێوەیە نەبو. موناقەشە دەکرا و
هەموشتێک باسدەکرا، بەڵام هەمو شت بە رێکوپێکی بەڕێوەچوە. ئەوەبو کە هەڵبژاردنەکە
کرا و یەکێتی و پارتی نیسبەتێکی کەم فەرق هەبو لەنێوانیان، وادانرا نیوە بە نیوە
بێت، دو مەوقیع دانرا: سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان، پارتی کامەی هەڵدەبژێرێت
ئەوەی دیکەی بۆ ئێمە، ئەگەر سەرۆکی حکومەتی دەوێت ئەوا سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئێمە و
بە پێچەوانەشەوە.

پارتی سەرۆکی پەرلەمانی هەڵبژارد، ئێمە کۆبوینەوە هەمو سەرکردایەتی، مام جەلال
بەسی لەوەکرد کە ئێستا پێویستە ئێمە یەکیک هەڵبژێرین بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی حکومەت
باکات، یەکەم کەس من دەستم بەرزکردەوە وتم کاک نەوشیروانە، کاک نەوشیروان وتی من
پیاوێکی تۆزێ توندم ئیشی حکومەت بەمن ناکرێ و حەزناکەم بیکەم، چونکە عادەتەن ئەوەی
ئیشی حکومەت دەکات خەڵک دەکەوێتە دژی، من دەمەوێت لەگەڵ خەڵک بم. ئەوە دەقی قسەکەی
بو.

لە چوارچێوەی ئەو نامانەی لامە زۆرە، داوای نەکردوە پشتگیری کەسبکات و
نەیدەویست تەداخول بکات لە کاروباری سەرۆک وەزیران، یان بڵێت ئەوە موستەهەقە یان
ناموستەهەقە ئەوە نەبو لەبەینماندا. دیارە خۆشی مەبەستی ئەوەبو با ئێشی حکومەت
بڕوا و ئیشی حیزب لەلایەکی تربێت.

دواتر و لەسەردەمی ئەنجومەنی حوکمدا، ئەوانەی لە مەجلیسی حوکم بون هەریەکە
جێگرێکی خۆی دانابو، ئەو کۆبونەوانەی ئەوی تێدانییە (25) کەس بون، ئەوی کە
دەستنیشانی کردوە ببێت بە نوێنەری ئەو لە کۆبونەوەکان بەشدار دەبو.

کاک نەوشیروان جێگری مام جەلال بو، بەڵام کاک نەوشیروان هەندێک شتی دیپلۆماسییەتی
بو موراعەتی نەدەکرد، مەسەلەن قسەکانی روبەڕو بون یەکسەر دەیکرد، ئەوەنەبو پێشەکییەکی
بۆ بێنیت و دواتر قسەکە بکات و ئاخیرەکەی بیهێنێتەوە، بەو شێوەیە نەبو، زەق و ڕەق
قسەکانی خۆی دەکرد.

بۆ نمونە هەندێکجار شتی وا رویداوە لە ئەنجومەنی حوکم، بەڵام رۆژێک لە
رۆژان بەشدارنەبوە لە بڕیارێکی زیانی خەڵکی تێدابوبێت.

 

 

 

.


هەواڵی زیاتر