هەڵسوڕاوان: کاک نەوشیروان سەرکردەى نوێخواز و گۆڕانکارى بو

20/05/2019

هەواڵ و چالاکی

هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەى گۆڕان جەخت لە پێویستى بەردەوامیدان بە رێباز و کارکردن لەسەر پەیامەکانى نەوسیروان مستەفا دەکەنەوە بە ئەنجامدانى چاکسازى لەپێناو گۆڕانکارى و نوێبونەوە و بەهێزکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان و بەدامەزراوەییکردنى دامەزراوەکانى حکومەت و بیناکردنى پایەکانى دەوڵەتێکى بەهێز.



د.یوسف محەمەد: نەوشیروان مستەفا هەمیشە دژ بە چەق بەستن و بەزین بو
د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق، لە دوەم ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا سەرکردەی نیو سەدە لە خەباتی گەلی کورد، رایدەگەیەنێت؛ کاک نەوشیروان هەمیشە دژى چەق بەستن بو، ئەو پێیوابو کە سیستەمی پەرلەمانی دەتوانێت ببێتەهۆی هێنانەکایەی چاودێری بەسەر دامو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکان لە دەستی تاکەکەس دەردەکات و دابەشیان دەکات.

دەشڵێت:"نەوشیروان مستەفا گرفتەکانی سیستەمی حوکمڕانی بەسەر سێ مەسەلەی گرنگ دابەشکردوە؛ یەکەم: ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات، دوەم: هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەماندا، سێهەم: دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم سنورداربێت و لەژێر چاودێری پەرلەماندا بێت، ئەمانە هەندێکیان بەشێوەیەکی جوزئیش بێت هاتۆتە دی، بەڵام هەندێک لە ئامانجەکانی دیکەی بەتەواوی نەهاتۆتە دی، بۆیە پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو ئەو هێزانەی بڕوایان بە سیستەمی پەرلەمانی هەیە بە جدی کاری بۆبکەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: شێوازێک لە حوكمڕانیمان هێناوەتە کایەوە كە خەڵکانى دیکەش شایەتی بۆ بدەن
لاى خۆیەوە د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، سەبارەت بە دنیابینى نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە چارەسەرى قەیران و كێشەكان و چەسپاندنى سیستمى لامەركەزیەت، رایگەیاند؛ نەوشیروان مستەفا پێیوابو قوڵی و قەیرانەكان و نەداری و گەورەیی و بەهێزی دوژمنەكان گرنگ نین، بەڵكو ئەو كەسانە گرنگن چۆن ئەتوانن لە سەنگەرەكاندا بجەنگن، چۆن ئەتوانن سەنگەرەكان بەجێنەهێڵن چۆن لە كاتێكدا سێبەری ئەو نەما بتوانن سێبەرێك دروست بكەن، چۆن ئەتوانن بەر و سێبەر و بەرهەمیان هەبێت.


باس لەوەش دەکات کە نەوشیروان مستەفا بڕواى وابوە  کە دەبێت گۆڕانخوازان كوڕی رۆژی تەنگانە بن، لە كاتێكدا وەزارەتی پێشمەرگەمان وەرگرت شەڕی داعش دەستی پێكرد، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایمان وەرگرت قەیرانی دارایی قوڵ  لەم وڵاتەیا هەبو، لە كاتێكدا دەستاودەستی ئاشتیانەمان لە پارێزگای سلێمانیدا دروست كرد هیچ متمانەیەك و هیچ گۆڕانكارییەك لە (25) ساڵی رابردودا لەناو حكومەتە خۆجێییەكاندا رویان نەدابو، بۆیە ئێمە دەبێت بە رۆحێك كە شەهیدەكان قوربانیان پێداوە بچینە ناو ئەو ئۆرگانانەوە تان و پۆی دەسەڵاتداری رێك بكەینەوە و چاكی بكەینەوە و تەونی كۆمەڵایەتی دروست بكەینەوە.

وتیشى:"لە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و دروست بونی گۆڕان و تەنانەت لە سەرەتای چونی ئیمەش بۆ حكومەت و حكومەتی خۆجێیەتیش گومان و بێ متمانەیی زۆری لەلای  لایەنەكان دروست كردبو تا ئەو رادەیەی یەكێتی و پارتیش  بڕوای تەواویان بە لامەركەزی هەبو تەنها لەبەر دروستبونی بزوتنەوە گۆڕان ئەم جۆرەی حوكمرانیان هەڵپەسارد، چونكە ئەترسان گۆڕان دەسەڵاتێكی بكەوێتە دەست كە جارێكی تر ئەو متمانەیە درێژ ببێتەوە و رەوایەتی بۆ لایەنی دیكە نەمێنێت، بەڵام بەراستی كە ئێمە چوینە حوكمرانییەوە بۆمان سەلماندن نەك ئێمە سیستەمەكەمان چەسپاند متمانەشمان بۆ دروستكردن كە ئێمە نایەین دەستی پێوە بگرین و نایەین كورسییەكە چۆڵ نەكەین و هەڵنەستین بۆ كەس، ئێمە خەمی سیستمی گشتیمان هەیە خەمی  ئاڵوگۆڕی ئاشتانەمان هەیە خەمی خزمەتگوزارییەكانمان هەیە".

پارێزگارى سلێمانى جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ لە ئیدارەدانی بزوتنەوەى گۆڕاندا توانراوە شێوازێک لە حوكمڕانی بهێنرێتە کایەوە كە ئێستا "ئەو خۆشەویستانەمان كە بزوتنەوەی گۆڕانیش نین زیاتر لە بزوتنەوەی گۆڕان شایەتی بۆ ئەم مۆدێلە لە حوكمرانی بدەن".

دلاوەر حاجى عوسمان: سەرکردەیەکى مەزنى سەربازییش بو
هەر لە دوەم ساڵیادى نەوشیروان مستەفادا، دلاوەر حاجی عوسمان هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات جگە لەوەى کاک نەوشیروان ئومێدی لە نائومێدیدا دروست دەکرد و هەمیشە بۆ خەڵک ژیاوە نەک خۆی، دەڵێت:"كاك نەوشیروان جگە لەوە سەركردەیەكی سیاسی بو، گرنگترین رۆڵى هەبوە لە داڕشتنى بەرنامەى شۆڕش، بەشێوەیەک ئەو كاتانەی كە لە شاخ بوین ئەو نەخشە و پلانە سەربازییانەى دایدەڕشت بۆ هەر شەڕێك لە دژی نەیارەكانی گەلەكەمان بە زۆرترین دەستكەوت و كەمترین زیان كۆتایی دەهات".


وتیشى :"دەتوانم بڵێم سەردەمی زێڕینی ئەو كاتەی یەكێتی  نیشتیمانی كوردستان ئەو كاتانە بوە كە كاك نەوشیروان فەرماندەی هێزەكانی پیشمەرگە بوە لەبەرئەوەی لە هەر تەشكیلاتێكدا لە هەر روبەروبونەوەیەكدا كاك نەوشیروان  سەرپەرشتی كردبێت سەركەوتنی ئەو شەڕە زۆر زیاتر بوە  وە بە شایەتی هەمو ئەوانەش كە ئێستا شایەتی بۆ نادەن، هەمو ئەو كاتانەی كە كاك نەوشیروان سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگەی كردوە دوژمن لە هەمو پیلانەكانی كاك نەوشیروان دەترسا و حساباتی وردی بۆ دەكرد".


هەواڵی زیاتر