نەوشیروان مستەفا پاڵپشتی میدیای ئازاد و گەنجان بو

22/05/2019

هەواڵ و چالاکی

لە دوەم ساڵیادی کۆچی دواییدا، رۆژنامەنوسان و میدیاکاران و پەرلەمانتارانی پێشو رایدەگەیەنن: نەوشیروان مستەفا هەمیشە پاڵپشتی میدیای ئازاد و گەنجان بوە و خەونی دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی مەدەنی بەهێز بوە تا پاڵپشتی کۆمەڵگە و مافەکانی خەڵک بکات.

عەدنان عوسمان: ئۆپۆزسیۆنێکی مەدەنی بەهێز خەونی کاک نەوشیروان بو
لەوبارەیەوە عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری پێشو و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: حیزبی سیاسی کار بۆ دەسەڵات دەکات، کار بۆ ئۆپۆزسیۆن ناکات، بەڵکو ئۆپۆزیسۆن بون قۆناغێکە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکەدا.

وتیشی :"نەوشیروان موستەفا سەرەتا یەکێک لە خەونەکانی ئەوەبو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستاندا دروست بێت و کاری لەسەربکرێت، بەڵام هێزی ئۆپۆزسیۆن هەرچەندە گەورە و بەهێز و جەماوەری زۆر بوایە، لە خەونی دەسەڵاتدایە، چونکە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا نابێت تەنها لە دەسەڵات بێت، یان بەردەوام لە ئۆپۆزسیۆن بێت و نەچێتە دەسەڵاتەوە.

بەوتەی عەدنان عوسمان؛ بە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان بەشێکی گرنگ لە خەون و روئیای کاک نەوشیروان هاتەدی ئەویش ئەوەیە کە توانی بۆ یەکەمجار لە مێژوی هەرێمی کوردستاندا ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دروست بێت توانی هەمو رەخنەکان و بیروڕاکان لە پێناوی چاکسازیدا بە کەناڵێکی خەباتی مەدەنی ببات و جۆرێک لە کۆدەنگییەک لە ناو لایەنەکاندا دروست بکات و ئەو دیدگایەی دروست کرد و ئەمەش زۆر گرنگە چونکە تا یادی کاک نەوشیروان هەبێت ویستی چاکسازیی دەبێت.

ئاماژەی بەوەکرد؛ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و خودی کاک نەوشیروان ساڵی (2009) و دۆخی ئەو کاتە وا رەخسابو کە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دروست بێت و خەونی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن پشتوپەنای کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسی ئازاد بێت و لە پەرلەماندا بەرگری بکات و داکۆکی لە مافەکان و ئازادی و قوتی خەڵکی بکات.

ئەو هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لە قۆناغی دوەمیشدا نەوشیروان مستەفا پێیوابو کە؛ قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بونمان تێپەڕاندوە و هەمو هەوڵ و خەباتێکی خۆمان کردوە لە پێناوی باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی و کۆمەڵگە، لە ئێستاش کە زەمینەیەک رەخساوە بۆ بەشداربون لە دەسەڵات بە ئەو پەڕی حەماس و جدییەوە بەشداری دەکەین. هەر ئەو پڕۆژەیەی کاک نەوشیروانە کە  ئێمە ئامادەین بۆ چوار ساڵی ئارامی بۆ ئەوەی کۆمەڵگە و دامەزراوەکان بونیات بنرێتەوە و هێزی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە و گەندەڵی کەمبکرێتەوە و پڕۆسەی نەوت شەفاف بێت، ئەمانەش هەموی ئەو پلان و بەرنامانەیە کە کاک نەوشیروان و گۆڕان کاری لەسەر دەکات.

عەدنان عوسمان وتیشی  :"وانەیەکی سیاسی کە کاک نەوشیروان بە هاوڕێکانی دابێت ئەوەیە کە حیزبی سیاسی ئازایانە لە هەر ساتە وەختێکی مێژوییدا پێویست بکات ئۆپۆزسیۆنە و لە وەختێکی مێژوییدا پێویست بکات دەسەڵاتە، بەڵام حیزبی سیاسی لە کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا حەتمەن بەرنامەکانی لە رێگەی بەشداریکردن لە دەسەڵاتەوە دێتە دی و جێبەجێ دەکرێت".

کەمال رەئوف: کاک نەوشیروان هەمیشە پشتیوانی میدیای ئازاد بو

کەمال رەئوف، نوسەر و رۆژنامەنوس رایدەگەیەنێت: نەوشیروان مستەفا هەمیشە پشتیوانێکی باشی میدیای ئازاد بو.

لە دوەم ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، کەمال رەئوف نوسەر و رۆژنامەنوس ئاماژەی بەوەکرد؛ سەرەتا کە دەستیان بردوە بۆ میدیای سەربەخۆ سەردانی کۆمەڵێک کەسایەتییان کرد و یەکێک لەو کەسایەتییانە کاک نەوشیروان بوە و پێی وتین: ئەوەی ئێستا ئێوە دەیکەن ئەوە خەونی من بوە، زۆر حەزم دەکرد من کارێکی وام بکردایە، بەڵام من بۆم نەکرا چونکە لە ناو حیزبدا بوم و هاوڕێکانیشم پێانخۆش نەبو، بەڵام لە کوێدا پێویستتان بە من بو پشتیوانتان دەبم.

وتیشی :"بەردەوام پشتیوانی میدیای ئازادی دەکرد، ماوەیەک زۆر لە نزیکەوە تێکەڵی بوم تەنانەت جارێک نەمبیست بڵێت لەسەر ئەوە شتێک بڵاوبکەنەوە، یان بڵاوی مەکەنەوە هەمیشە هەوڵی دەدا توێژینەوەت لەگەڵدا بکات و شیکاریی دەکرد و راستەوخۆ زانیارییشی پێنەئەداین و هیچکات نەمبیستوە پارە بدات بە رۆژنامەنوس و بڵێ ئەمە وەک پاداشت بە تۆ دەدەم، بەڵام ئەگەر پڕۆژەیەکت هەبوایە پشتیوانیی دەکردی، ئەو شارەزاییەکی قوڵی هەبو لە مێژوی رۆژنامەگەریی و زۆر وردبو لە خوێندنەوەی تێکستی هەواڵدا، ئەو دەیوت خوێنەری ئێمە ورد نین و شتە روکەشییەکان کاریگەرییان تێدەکات و ئەو شتانەی واتادارن کەم بایەخ لێیدەڕوانن".

کەمال رەئوف نەیشاردەوە کە؛ نەوشیروان مستەفا هەندێکجار گلەیی لە میدیکاران هەبو کە دەکەونە ژێر کاریگەریی قسە و قسەڵۆک، ئەو بەڕاستی لە دانیشتنەکان و کۆبونەوەکاندا بەردەوام پشتیوانی میدیای ئەهلی بو و نوسینی هەندێک لە قەڵەمەکانی بە وردی دەخوێنێتەوە و سەرنجی لەسەریان بو و گفتوگۆی لەسەر بابەتەکان دەکرد.

برزۆ مەجید: کاک نەوشیروان ئیرادەیەکی گەورەی بە گەنجان بەخشی

هاوکات برزۆ مەجید، پەرلەمانتاری پێشو و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد؛ زۆربەی سەرکردە تەقلیدەکانی تر هەوڵیان دەدا چوار دەوریان خەڵکی لاواز و خاوەن قسە و بڕیار نەبن، بەڵام کاک نەوشیروان دەستی هەبوە لە دروستکردنی خەڵکی تازە و بەهێز هانی گەنجی داوە بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە و توانا و ئیرادەیەکی زۆری پێ بەخشین و چەندین دەسەڵاتی جیاواز لە دامودەزگاکانی حکومەتدا وەربگرن، هاوکات  بایەخێکی زۆریشی بە تێکۆشەرە دێرینەکان داوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتییەکی بەهێز لەناو حیزبەکەی دروستبکات.

 ئاماژەی بەوەکرد؛ لە کاتێکدا کاک نەوشیروان وایکردوە حیزبە رکابەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان چاو لەو بکەن لە هێنانە پێشەوەی گەنجان، بۆیە ئەوانیش بە ناچاری و ئەگەر لەگەڵ بەرنامەشیاندا نەگونجێت وەک دیکۆر هاتن و گەنجیان پێگەیاند و هێنایە پێشەوە، بۆیە کاک نەوشیروان هەم لە ناو بزوتنەوەکە گەنجی پەروەردە کردوە و هەم وایکردوە حیزبەکانی تر گەنج پەروەردە بکەن و کاریگەریی لەسەریان هەبوە.

برزۆ مەجید دەڵێت: تێڕوانینی کاک نەوشیروان بۆ کاری سیاسی بۆ هەمو کوردستان بو، نەک تەنها لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شارەکانی، کەسێک بوە کۆمەڵگەکەی خۆی زۆر بەباشی دەناسی چونکە کۆمەڵناسێکی زۆر باش بو، رەئی لە هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی وەردەگرت ئەمەش وەڵامێکە بۆ ئەوەی کە دەڵێن کاک نەوشیروان پیاوێکی وشکە و کۆمەڵایەتی نییە.


هەواڵی زیاتر