عومەر سەید عەلى: پێویستە کورد یەکڕیز بێت بۆ روبەڕوبونەوەى ئاڵنگارییەکان

26/11/2019

هەواڵ و چالاکی

رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ کونسوڵى کۆریاى باشور، رایدەگەیەنێت؛ پێویستە کورد یەکڕیز بێت بۆ روبەڕوبونەوەى ئەو ئاڵنگاریانەى لە بەردەمیدان.

ئەمڕۆ دوشەممە، چۆى کوانگ ژین، کونسوڵى گشتى کۆمارى کۆریا لە هەرێمى کوردستان، سەردانى مەکۆسى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلى، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و هۆشیار عومەر عەلى رێکخەرى ژورى پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان پێشوازى لێکرا و لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ کرا لەبارەى پەیوەندییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکان و دۆخى سیاسى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و خۆپیشاندانەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق و دواین پێشهاتەکان.

هاوکات تیشکخرایە سەر پەیوەندى حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق و ئەو دانوستانانەى لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ پرسى نەوت و بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێم بەڕێوەدەچن.

لە کۆبونەوەکەدا، عومەر سەید عەلى  رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان جەختى کردەوە لەوەى کە؛ پێویستە کورد لەم قۆناغەدا یەکڕیز و یەکگرتو بێت بۆ روبەڕوبونەوەى ئەو ئاڵنگاریانەى روبەڕوى دەبێتەوە.

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر