عومەر سەید عەلى: بزوتنەوەى گۆڕان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن

26/03/2018

هەواڵ و چالاکی

عومەر سەید عەلى دوپاتى دەکاتەوە بزوتنەوەى گۆڕان لەسەرەتاى دروستبونیەوە داکۆکی لە ماف و داوا رەواکانى خەڵک کردوە و لەو بەرەیەدایە، بەپێویستى دەزانێت هەڵبژاردنەکان لە وادەى خۆیاندا ئەنجام بدرێن و دەڵێت: “گۆڕان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن”.

رۆژی چوارشەممە، عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بە ئامادەبونى محەمەد تۆفیق رەحیم سکرتێرى کاروبارى ژورەکان لە خانەى راپەڕاندن و هۆشیار عومەر عەلی رێکخەرى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، لەگەڵ رامۆن بلیکوا باڵیۆزى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێک گفتوگۆى لەبارەوە کرا، پرسى هەڵبژاردنەکانى عێراق و هەرێم و ئەو ئاڵنگارییانەى لەبەردەم پرۆسەکەدان لەوانە بونى هێزە چەکدارەکان لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان و پێویستیى ئارامکردنەوەى دۆخى کەرکوک و خورماتو لەگەڵ ناوچە کێشەلەسەرەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان.

عومەر سەید عەلی، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەى خستەڕو کە تێڕوانیان بۆ هەڵبژاردنەکان رونە، لەو سۆنگەیە و لەپێناو پەرت نەبونى دەنگى کورد لە کەرکوک و ناوچە کیشە لەسەرەکان بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەوەرى لیستێکى هاوبەشیان پێکهێناوە.

هەروەک جەخت لە پێویستى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى هەرێم کرایەوە لە وادەى خۆیدا و لەوبارەیەوە عومەر سەید عەلى، دوپاتى کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان لەسەرەتاى دروستبونیەوە داکۆکی لە ماف و داوا رەواکانى خەڵک کردوە لە بەرەى چاکسازى و دژى گەندەڵیدا بوە و هۆکار نەبوە بۆ ئەو قەیرانە ئابورى و سیاسیانەى بەسەر هەرێمدا هاتوە، لەو سۆنگەیەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا و پێویستە وادەکەى دوانەخرێت”.

لەکۆبونەوەکەدا، رامۆن بلیکوا باڵیۆزى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق ئاماژەی بە سیاسیەتی یەکێتی ئەوروپا کرد کە خۆی دەبینێتەوە لە چاکسازی سیاسی و ئابوری لە عێراق و هەرێمی کوردستان و روبەڕبونەوەی گەندەڵی، لەهەمانکاتدا ئاماژەی بە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە کرد کە لەماوەی رابردودا لە کوەیت بەڕێوەچو.


هەواڵی زیاتر