عومەر سەید عەلی: چاكسازی پێویستییەکی گرنگە و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانه

05/02/2020

هەواڵ و چالاکی


رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە بە ئامانجی دروستكردنی سه‌قامگیری و ئه‌نجامدانی چاكسازی ریشه‌یی ئابوری و سیاسی به‌شداریان لە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردوه‌، دەشڵێت: سەقامگیری لە بەغدا گرنگە بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ وەفدێکی نەرویژی بە سەرۆکایەتی کنوت لێن، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ بۆ سوریا و عێراق لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا کە رێکخەرو ژمارەیەک ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی بون، باس له‌ ره‌وشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پەیوەندی لایه‌نه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کرا و لەوبارەیەوە رێکخەری گشتی گۆڕان وتی :"بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی چاكسازی ریشه‌یی ئابوری و سیاسی به‌شداری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا کردوە".

وتیشی:"ئه‌نجامدانی چاكسازی پێویستییەکی گرنگە و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانه‌".

سەبارەت تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، عومەر سەید عەلی ئاماژەی بەوەکرد؛ هه‌وڵێك هه‌یه‌ كورد بتوانێت به‌یه‌ك ده‌نگ له‌ به‌غدا قسه‌بكات و رۆڵی هه‌بێت له‌ دروستكردنی سه‌قامگیری و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یران و کێشانەی ‌هه‌یه‌، چونكه‌ سه‌قامگیری له‌به‌غدا گرنگە بۆ سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ست به‌ بابه‌تی بودجه‌ و موچه.

رێکخەری گشتی جەختی لەوەکردەوە؛ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو هێزێكی سیاسی مەدەنی، گفتوگۆ‌ و دانوستان بە چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەزانێت.

لای خۆیانەوە وەفدەکەی وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ باسیان لە دواین گۆڕانکارییەکانی عێراق و گفتوگۆکانی نێوان نەرویژ و بەغدا و هەرێمی کوردستان کرد و جەختان کردەوە لەوەی کە کورد هاوبەشێکی گرنگی شەڕی دژ بە داعشە و هاوکارە لە بواری وزە و نەوت و کاری هاوبەشی ئابوری.

هەروەک ئاماژەیان بەوەکرد کە بەلای ئەوانەوە گرنگە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە، چونکە نەرویژ بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییە و جگە لەوەش تائێستا داعش مەترسی هەیە لەسەر ئاسایشی عێراق.


هەواڵی زیاتر