دیمانەیەکی تایبەتی نەوشیروان مستەفا لەبارەی راپەڕین

05/03/2020

دیمانە

 ئەم چاوپێکەوتنەی رەوانشاد "نەوشیروان مستەفا" بیست ساڵ پێش ئێستا (رۆژی ٦ی ٣ی ٢٠٠٠) لە لایەن باست حەمەغەریب ئەنجام دراوە و لە کەناڵی کوردسات بە (٣٢) دەقیقە پەخش کراوە.
"لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا" بە باشی زانی لە یادی راپەڕین‌دا بە تێکست و وەک خۆی بڵاوی بکاتەوە. گرنگی ئەم چاوپێکەوتنە و بڵاوکردنەوەی لەبەر دو هۆکارە:
یەکەم، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا کوردسات لە پەخشی ئەزمونی‌دا بوە، کەمترین خەڵک چاوپێکەوتنەکەی بینیوە.
دوەم، لەبەر ئەوەی تا ئێستا کاک نەوشیروان چاوپێکەوتن و دیداری لەسەر پلان و دەست پێکردنی راپەڕین نی‌یە. لە کاتێک‌دا خۆی ئەندازیاری راستەقینەی ئەو روداوەیە، کە لە مێژوی گەلەکەمان‌دا بێ وێنەیە.
دەقی دیمانەکە

باست حەمەغەریب: ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا ئەنجام ئەدەین بە مەبەستی ئەوەی بزانین، ئەو کاتە ڕۆڵی یەکێتی لە ڕاپەڕیندا چۆن بوە. چۆن توانرا جەماوەری کوردستان بهێنرێتە جۆش و خرۆش بۆ ڕاپەڕین، بە شاری کەرکوکیشەوە.
سوپاس کاک نەوشیروان بۆ ئەم دەرفەتەی بۆت ڕەخساندین. ئەو کاتەی عێراق کوردی داگیر کرد، ئێوە وەک سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چۆن پێشبینی وەزعەکانتان ئەکرد؟
نەوشیروان مستەفا: سوپاستان ئەکەم. کە عێراق ڕۆیشت کوێتی داگیر کرد، لە ڕاستیدا ئەوە وەکو نوقتەی وەرچەرخان وابو لە هەمو سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونکە لەوەپێش کە عێراق چوبو بەگژ دەوڵەتی جمهوری ئیسلامی ئێراندا، دنیا پشتیوانیان لە دەوڵەتی عێراق ئەکرد. چونکە عێراق شەڕی لەگەڵ دەوڵەتێکدا ئەکرد، کە بەشی زۆری دنیا بە خەتەریان ئەزانی لەسەر خۆیان. بەڵام کە چو کوێتی داگیر کرد، عێراق ئەو پشتیوانییەی لە دەستدا و بە عەکسەوە هەمو دەوڵەتانی دنیا بون بە دژی عێراق. لەبەر ئەوە چو بو دەوڵەتێکی بچکۆڵەی داگیر کرد بو، بەبێ ئەوەی ئەو هیچ حەقێکی بەسەر ئەوەوە هەبوبێ. ئەو کاتە ئێمە چەند مانگێک بو حەملاتی ئەنفالمان بەسەردا جێبەجێ بو بو، عەمەلیاتی ئەنفال بەسەر کوردا جێبەجێ کرا بو، بەشی زۆری دێهاتەکانی کوردستانی عێراق کاول کرا بو. خەڵک بە زۆر ڕاپێچ کرا بون بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان. دێهاتی کوردستان و لادێی کوردستان چۆڵ کرا بو. بەشی هەرە زۆری ئاوەدانییەکان، بریتی بون لە مەرکەزی شارە گەورەکانی وەکو: سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کەرکوک. مەسەلەن شارێکی وەکو سلێمانی، لەودیو جادەی ٦٠ مەترییەوە ئاوەدانی تیادا نەما بو. خەڵکیان هەمو کۆکرد بوەوە لە چەند ئۆردوگایەکدا. ئۆردوگاکان بە درێژایی جادە سەرەکییەکانی کوردستانی عێراق بینا کرا بون. ژمارەی ئۆردوگاکان لە ٧٠ ئۆردوگا بەرەو ژور بون. خەڵک هەمو لەوانەدا کۆکرا بونەوە. ئەو کاتەی بارەگاکانی ئێمە، بارەگاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە قاسمەڕەش و زەڵێ بون، کە کەوتونەتە ناوچەیەکی سنوری، دیوێکی ئێران و دیوێکی عێراقەوە، ئەو ناوچەیە ئاوەدانی تێدا نەبون. ئاوەدانییەکەی بریتی بو لەو مقەڕانەی یەکێتی دروستی کرد بون. بەشی هەرە زۆری هێزەکانی ئێمە توشی زەربەی گەورە بو بون، بە هۆی عەمەلیاتی ئەنفالەوە. لەبەر ئەوە هەمو هێزەکانمان کێشابونەوە بۆ ناوچە سنوریییەکان. ئەو زەمانە هێزەکانی خۆمانمان دابەش کرد بو بەسەر سێ جۆر لە پێشمەرگە. جۆرێکیان ئەوانە بون کە لەسەر سنورەکان لە بەتالیۆنەکاندا ڕێکمان خستبون، کە ١٤ بەتالیۆن بون. بە شێوەیەکی وا ڕێکمان خستبون، کە خۆیان لە حدودی ١٧٠-١٨٠ کەس ئەبون. ئەمانە بە زۆری کادری مەشق پێکراو بون، ئەیانتوانی لە کاتی پێویستدا هەمو بەتالوێنێک لە حدودی ٢٠٠٠-٢٥٠٠ کەس لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و قیادەیان بکات. لەپاڵ ئەم بەتالیۆنانەدا، هێزێکی ترمان هەبو کە ئەویش دیسان سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگە بو، ئەوش پارتیزانەکان بون، کە لەناو داخڵی کوردستانی عێراقدا بون و بە مەجموع ژمارەیان ٥٢٠ پێشمەرگە بون. ئەمانەمان لە هەرە باشەکانی پێشمەرگە هەڵبژارد بو. بێجگە لەمانە، ئێمە لە هەمو شارەکان و ئۆردوگاکاندا هێزێکی ترمان دروست کرد بو بە ناوی شانەی چەکدارەوە. لە ڕاستیدا ئەوانە خۆیان سەرکردایەتی تایبەتیان هەبو. لە ناو شارەکاندا سەر بە ڕێکخستنەکانی ناوخۆ بون. من لێرەدا ئەمەوێ بە زۆری باسی ئەوە بکەم، کە تا ئێستا ڕۆڵی ڕێکخستنەکانی ناوشار زۆر کەم باس کراوە، کە بە ڕاستی قارەمانی ڕاستەقینە بون، لە ڕۆژانی تەنگانە و ناخۆشیدا ئەرکێکی زۆر گەورەیان خستبوە سەر شانیان، بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای مقاومەتی کورد. ڕێکخستنەکانی ناوشار بون، دەورێکی زۆریان هەبو، تەنانەت لە یارمەتی دانی پارتیزانەکاندا. لە یارمەتیدانی ئێمە بە دەنگوباس. بێجگە لەوە لە ڕێخکستنی شانە چەکدارەکاندا. ئەوان زەربەی زۆریان خوارد، هەندێکیان لێ گیرا، هەندێکیان لێ ئیعدام کرا. ئەو کاتەی عێراق پەلاماری کوێتی دا، وەکو باسم کرد ئێمە بارەگاکانمان لە قاسمەڕەش و زەڵێ بو. زنجیرەیەک کۆبونەوەمان بە ئەندامانی سەرکردایەتی، بە فەرماندەکانی پێشمەرگە، بە کادرە پێشکەوتوەکانی یەکێتی، کرد بۆ ئەوەی چی بکەین و چی نەکەین، یان هەڵوێستمان چی بێت. لەو زنجیرە کۆبونەوانە ژمارەیەک ئەگەرمان دانا. ئەگەر بەو مانایەی عێراق ڕۆشتوە و کوێتی داگیر کردوە، ئەگەر لە کوێت کشایەوە، ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێ. ئەگەرێکی تر ئەوە بو، ئەگەر عێراق مایەوە و لە کوێت نەکشایەوە و لێی نەدرا. یەعنی ئەگەر عێراق توانی کوێت بکات بە بەشێک لە قەڵەمڕەوی خۆی، ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێ.
ئەو شوێنانەی هێزەکانی ئێمە و مەسئولەکانی ئێمەی لێی کۆبوبنەوە. بۆ نمونە: ئەو هێزەی ئەبو بێتە ناو شاری سلێمانی، ئەوانەی لە بلەکێ بون، هاتبونە پشتی چوارتا و ئەولاتر. ئەو هێزە لەوێ بون. ئەو هێزانەش کە ئەبو بچنە سەر شارەزور و زەڕایەن، لە دزڵی دامان نابون. ئەو هێزانەی ئەبو بپەڕنەوە بۆ بەری کەلار و دەربەندیخان، لە تەپەڕەش دانرابون، کە ئەویش شوێنێکە بەرامبەر ناوچەی دەربەندیخانە. هەندێکی تریش لەو هێزانە مەسئولەکانی یەکێتی تێدا بو، بە تەحدید واجبیان بۆ دیاری کرا بو، کە ئیشەکانیان چییە و چی نییە. پاش ئەوەی پلانەکە هەموی جێبەجێ کرا، ژمارەیەکی تریش خەڵکی ترمان ناردە خوارەوە، بۆ نمونە: لە زمنی ئەوانەی ناردمانە خوارەوە؛ مامۆستا جەمالی حاجی محەمەد هاتە ناوچەی شارباژێر، تەحسین کاوانی بە خۆی و مەفرەزەیەکەوە هات بۆ ناوچەی خۆشناوەتی، شەهید سلێمان عەرەب، ئەویش دیسان دابەزی چو بۆ ناوچەی هەولێر و ئەوانە. ژمارەیەک مەفرەزەی ترمان نارد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکدا راستەوخۆ پەیوەندیان هەبێ، قسەیان لەگەڵ بکەن، بەشداری بکەن لە ئامادەکردنی راپەڕین. بێجگە لەمانە، پارتیزانەکان بون، کە مابونەوە لە ناو کوردستانی عێراقدا. تەعلیماتیان بۆ چو، بۆ ئەوەی هەر یەکەی لای خۆیەوە پەیوەندی بکا بەو کەسانەوە کە ئەتوانێ پەیوەندیان پێوە بکا.
وەکو باسم کرد، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا جەوی سیاسی بە پێچەوانەی قازانجی دەوڵەتی عێراق جوڵا بو. دنیا بو بو بە دژی دەوڵەتی عێراق. دەوڵەتی عێراقیش گەوجێتیەکی وای کرد، کە لە کوێت نەکشایەوە، چونکە ئەگەر بکشایەتەوە دور نەبو توشی ئەو لێدانە گەورەیە نەبێ، بەڵام سواری سەری خۆی بو، مایەوە. ئەوە بو شەڕەکە دەستی پێ کرد، پەلاماری عێراق درا، عێراق نەیتوانی مقاوەمەت بکا.ئەو فەترەیەی کە قەسفی جەوی بەردەوام بو لەسەر عێراق، پەیوەندی بەینی هێزەکانی جەیشی عێراقی و بەینی هێزەکانی عێراق لە ناو خۆیاندا پچڕا، بۆیە هێزەکانی هاوپەیمانان توانیبویان سەیتەرە بکەن بەسەر دەزگای پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراقیدا. بێجگە لەوە سەیتەرەیان کرد بو بەسەر ئاسمانی عێراقیشدا. ئەو فەترەیە فرسەتێکی زۆر گەورە بو بۆ ئێمە، کە ئەوەندەی بتوانین کادر و ئەندام و لایەنگرەکانی خۆمان ساز بدەین، هەندێکیان بنێرینەوە بۆ ناو داخلی کوردستانی عێراق. پێش ئەوەی ڕاپەڕین دەست پێبکا، ئێمە ١٦ دەزگای بێ تەلمان لە سەرتاسەری کوردستانی عێراقدا هەبو، کە بەردەوام دەنگوباسی هەمو ناوچەکانی کوردستانیان پێ رائەگەیاندین. پێش ئەوەی راپەڕینیش دەست پێ بکا، کاک عەزیز سدیقمان ناردەوە بۆ ناوچەی رانیە، بۆ ئەوەی تەنسیق لەگەڵ هەمو رێکخراوی شارەکاندا بکا. مەرکەزێکی لەناوچەی رانیە دروست کرد، هەمو رێکخراوەکان ئەو دەنگوباسانەی رۆژانە وەریان ئەگرت، ئەیان برد تەسلیمی نوقتەیەکیان ئەکرد، ئەوانیش تەسلیمی عەزیز بەگیان ئەکرد، ئەویش بە دەزگای بێ تەل ئەیناردەوە بۆ ئێمە. بۆیە ئێمە زۆر لە نزیکەوە ئاگامان لە روداوەکان بو. بێجگە لەوەی رۆژانە دەیان نامەمان لە رێکخراوی ناو شارەکان و دۆستەکانمانەوە بۆ ئەهات. یەعنی خۆ ئامادەکردنێکی زۆر باش خۆمان ئامادە کرد.
وەکو باسم کرد ئەوە یەکێک بو لە ئیحتیمالەکان. ئیحتیمالێکیشیان بۆ ئەوە بو، کە عێراق ئەگەر بکشێتەوە، بۆ ئەمەشیان خۆمان بە نەوعێکی تر ئامادە کرد بو. ئەوە بو عێراق نەکشایەوە و توشی لێدان بو. کە توشی لێدا بو، ئێمەش هێزەکانمان بەو جۆرەی دابەشمان کرد بو، لەسەر ئەو ١٠ میحوەرە هەر کەسە و واجباتی خۆی وەرگرت. نیدامان دەرکرد، بانگەوازی زۆرمان لە رادیۆکەی خۆمانەوە دەرکرد. رادیۆکەمان دەورێکی زۆر هەبو، لە بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکدا، لە ڕوخانی ورەی پیاوەکانی رژێم و دۆستەکانی رژێم، لە سازدانی خەڵکدا، لە رێکخستنی خەڵکدا. لە رادیۆکەی خۆمانەوە چەندین بانگەوازمان دەرکرد بۆ ئەوەی سەر بنێن بە یەکەوە و لە کۆڵانەکاندا شانەی چەکدار دروست بکەن. بە راستی شانەی چەکداریان دروست کرد و پەیوەندیان پێوە ئەکردین. بەشی زۆری شانە چەکدارەکان کۆدی نهێنیان هەبو، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا لە رادیۆکەمانەوە بتوانین بانگیان بکەین. پێش راپەڕین رێکخستنەکانی ناو شار توانیان دو خەتی زۆر گەورەی ڕێکخستنی شانە چەکدارەکان دروست بکەن؛ یەکێکیان مەرکەزەکەی لە هەولێر بو، لەوێوە درێژ ئەبوەوە، بەشێکی بۆ ناو کەرکوک و بەشێکی بۆ ناو ئۆردوگاکانی تر بە ناوی شانەی چەکداری "بروسک"ەوە، یەکێکی تریشیان مەرکەزەکەی لە سلێمانی بو بەناوی شانەی چەکداری "شاڵاو"ەوە. ئەمە بێجگە لەوەی لەناو شاردا و لە هەمو ئۆردوگاکاندا خەڵکیان رێکخست بو، شانەی چەکداریان دروست کرد بو، لەناو کەرکوکیشدا دروستیان کرد بو. بۆ هەمو ئەو شانە چەکدارانە رەمزێکی نهێنیان هەبو، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی پێویستدا بتوانن لەگەڵ ئێمە پەیوەندیان هەبێ. هەندێکیان بۆ ئەوەی باوەڕ بکەن بۆ ئەوەی ئەو کەسەی پەیوەندی پێوە کرد بون لەلایەن ئێمەوە راسپێردراون، جاری وا هەبو کاغەزیان بۆ ئەناردین و ئەیانوت لە ئێستگەکەتانەوە نیشانەیەکمان بدەنێ، کە ئەو کەسەی ئێوە ناردوتانە باوەر پێ کراوە یان نا. زۆر جار هەبو نیشانەکەمان ئەوت، بۆ ئەوەی ئەو لایە باوەری پێ بکا.
ئەو کاتەی راپەرین دەستی پێ کرد رێکخستنەکانی ناو شاری ئێمە لە حدودی ٧٠٠٠ کەسیان لە ریزی شانە چەکدارەکان رێکخست بو. دیارە شانە چەکدارەکان هەمویان لەو کەسانە نەبون، کە تێکۆشەری کۆن بون، هەندێکیان ئەوانە بون، کە لەناو فەوجەکاندا ئامر سریە بون، ئامر مەفرەزە بون. هەندێک لە هێزەکان لەناو ئەوانەدا رێکیان خستبون. یەعنی لەناو هێزە چەکدارەکانی حکومەتی عێراقیدا، ئێمە توانیمان بەشێکی باشییان بە دۆست و لایەنگرەکانی خۆمان رێک بخەن. ئینجا بەشی هەرە زۆری ئەو پێشمەرگانەی لە کاتی ئەنفال و دوای ئەنفالدا تەسلیم بوبونەوە، هەمو پەیوەندیان پێوە کرا بو و ڕێکخرابونەوە. شان بە شانی ئەمانە تێکۆشەرەکانی ناوشاریش رێک خرا بون. لەبەر ئەوە ئێمە قاعیدەیەکی بەهێزمان هەبو لەناو شارەکاندا؛ رێکخستنی ناو شارمان هەبو، شانەی چەکدارمان هەبو، پارتیزانەکانمان هەبو، بێجگە لەوە هێزە نیزامیەکەی خۆمان، کە لەسەر سنورەکان پێک هاتبون لە ١٤ بەتالیۆن. سەرەڕای ئەوە قاعیدەیەکی فراوانی پشتیوانی هەبو لە ناو میلەتەکەی خۆمان، بە تایبەتی کە میلەتێکی بریندار بو، ئەنفالی بەسەردا هات بو، راگوێزرا بو، ژمارەیەکی زۆر خەڵک کوژرا بون. یەعنی خەڵک هەمو چاوەڕوانی ئەوە بون رۆژێکیان لێ هەڵ بێ، تروسکەیەک ببین، بۆ ئەوەی لەو تروسکەیەوە ئامانجەکانیان بەدی بێ.
بێگومان راپەرین لە مێژوی کوردا کارێکی بێ وێنە بوە. من پێم وانییە نە لە پێش راپەڕیندا و نە لە دوای راپەڕینیش جارێکی تر لەم نزیکانەدا، روداوێکی وا دوبارە بێتەوە. لەبەر ئەوە هەمو کوردێک باسی ئەوە ئەکا لە راپەڕیندا بەشداری کردوە، راست ئەکا. من پێم وایە ئەبێ هەمو کوردێ حەقی خۆیەتی شانازی بەوەوە بکا، کە لە راپەڕیندا بەشدار بوە و بڵێ من راپەڕینم کردوە.
باست حەمەغەریب: کاک نەوشیروان لەو پلانەدا ی.ن.ک بە تەنیا بو؟
نەوشیروان مستەفا: بەڵێ، لە پێشا ئێمە بە تەنیا نەخشەی راپەڕینمان دانا، دابەش کردنی کوردستان بەسەر میحوەرەکاندا، دابەش کردنی هێزەکانمان بەسەر ئەو ١٠ میحوەرەدا، دابەش کردنی مەسئولەکانی یەکێتی بەسەر ئەو ١٠ میحوەرەدا، بەڵێ لەلایەن ی.ن.ک و سەرکردایەتی ی.ن.ک بوە. ئێمە هێزەکانمان، کە لەوێ دابەشمان کرد بو، بێجگە لەوەی پێشمەرگەکانی خۆمانمان دانا بو، هەمو ئەو کەسانەی چو بونە دیوی ئێران لەگەڵمان بون، لە ریش سپی و پیاوماقوڵ و ئەنجومەنی گوندەکان، ئەوانەشمان ساز دابو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو هێزانەدا بگەڕێنەوە. فیعەلەن خۆیان ئامادە کرد بو بۆ گەڕانەوە. پێش ئەوەی ئێمە ئەمە جێبەجێ بکەین، چەند کەسێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو پرۆژەیەی ئێمەیان برد بۆ لای مەکتەبی سیاسی پارتی، پێشکەشیان کرد بە کاک مەسعود بەرزانی. کاک مەسعودیش پاش ماوەیەک بە نامە ئاگاداری کردین کە موافیقە لەسەری. ئەوانیش لەسەر ئەو ١٠ میحوەرەی ئێمە ئامادەمان کرد بو، مەسئولەکانی خۆیان و هێزەکانیان دابەش کرد، بۆ ئەوەی پێکەوە بە هاوکاریی کارەکە ئەنجام بدەین. لە راستیدا ئەو کاتە جەبهەی کوردستانی هەرچەندە چەند حزیبێکی تری تیا بو بێجگە لە یەکێتی و پارتی، بەڵام بە چاکمان نەزانی ئەو هەمو تەفسیلات و پلانەی خۆمان بۆ حیزبەکانی تر باس بکەین. ئەوەی بە دەرەجەی ئەساسی ئەیزانی، پارتی بو و بێگومان مەسئولەکانی ئێمەش. ئەمە لە ترسی ئەوە بو، کە نەوەک یەکێک لەوانە کەسێکی وای تیا بێ، کە خەبەرەکە تەسریب بکا بۆ دەزگاکانی حکومەتی عێراقی و ئیشەکانمان لێ تێک بدا. بەڵام لە دوایدا، کە ئیتر سەرەتای راپەڕینەکە هات و سەرەتاکەی دەرکەوت، هەمو لایەنەکانی تریش ئاگادار کرانەوە و هەر کەسەی بە گوێرەی حەجمی خۆی بەشداریی لە راپەڕینەکەدا کرد.
باست حەمەغەریب: کاک نەوشیروان سەرکردایەتی یەکێتی لەو پلانەی خۆیدا، ئیعتیمادی ئەساسی لەسەر کێ بو؟ لەسەر هێزی پێشمەرگە بو، یان تەنزیماتی ناو شارەکان؟
نەوشیروان مستەفا: ئیعتیمادی ئەساسیمان لەسەر تەنزیماتی ناو شارەکان بو، لەسەر شانە چەکدارەکان بو، لەسەر پارتیزانەکان بو، لەسەر پێشمەرگەکان بو. یەعنی لە حەقیقەتدا ئەمانە هەموی وەکو حەڵقە بە یەکەوە بەسترا بون، هیچیان دابڕاو نەبون لە یەکتری. بۆ نمونە ئەو پارتیزانانەی کە پێشتر لەناو داخلی کوردستانی عێراقدا بون، دواتر زیاد کران و خەڵکی تریان بۆ نێردرا، لە نزیکەوە پەیوەندیان هەبو لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ناو شارەکان و ناو ئۆردوگاکان. ئەوان بە موختەفی ئەو کارانەیان ئەکرد و لەگەڵ زۆر لە چەکدارەکانی حکومەت قسەیان کرد بو، بۆ ئەوەی هاوکارییان لەگەڵ بکەن. هەندێک لەوانە تا کاتی ڕاپەڕین لەناو شاردا مانەوە. لەبەر ئەوە، کە ئەڵێی ئیعتیمادی ئەساسی لەسەر کێ بو، ناتوانی بڵێی بە یەک هێز ئیشەکەم کردوە، بەڵام ئەوەی دەوری گرنگی بینی، لە راستیدا رێکخستنی شارەکان بو، کە شانە چەکدارەکانیان رێکخست بو، تەوجیهی شانە چەکدارەکانیان ئەکرد. بێجگە لەمە کاتێ گەیشتە دەست پێکردنی راپەڕین، ئیتر خۆمان لە رێگای رادیۆوە بە مەرکەزیی ئاگادارمان ئەکردنەوە، کە کوێ دەست پێ بکا و کوێ دەست پێ نەکا. بۆ نمونە: لەبەر ئەوەی ئێمە خۆمان لە ناوچەی زەڵێ و قاسمەڕەش بوین پێویستیمان بەوە هەبو، کە دەروازەیەکمان هەبێ بۆ کوردستانی عێراق، هەر لە زوەوە ئێمە قورسایی خۆمانمان خستبوە سەر ناوچەی رانیە و بتوێن و چوارقوڕنە و حاجی ئاوا و سەروچاوە. لەناو ئەوانە هێزی زۆر باشمان رێک خست بو، پێشمەرگەی باشیشمان نارد بو، کادری باشمان نارد بو، بۆ ئەوەی لەو ناوچەیەدا خەریکی سازدانی کۆمەڵانی خەڵک بن. ئەوە بو راپەڕین لە ٥ی ٣ لە رانیەوە دەستی پێ کرد، ناوچەکەیان رزگار کرد. رزگار کردنی ناوچەکەش بوە سەبەبی ئەوەی رێگاش بۆ ئێمە بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە قاسمەڕەش و لە زەڵێوە بەشی هەرە زۆری هێزەکانی خۆمان، ئەوانەی مەسئول بون لە ئیشەکانیان لە هەمو پارێزگای هەولێردا، لە ناوچەی بتوێن و رانیە، بۆ ئەوەی لەو ناوچەیەوە بێینە خوارەوە. خۆشمان ئێمە لەوێوە هاتینە خوارەوە، بۆیە ناویش نراوە دەروازەی راپەڕین، چونکە لەوێوە دەستی پێ کرد، یەکەم شوێن، کە رزگار کرا ئەوێ بو، ئەوان رێگاکەیان کردەوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لەو سەرەوە دابەزینە خوارەوە. پاش ئەوەی هەمو هێزەکانی هەولێر گەیشتنە شاری رانیە، خەڵک پێشوازییەکی گەرمیان لێ کردن، کاک کۆسرەت و کاک حەسەن کوێستانی و کاک شێردڵ و ئەوانیان لەگەڵدا بو، ئۆتۆمبیلەکانیان بە دەست بەرز کردنەوە. ئینجا پێش ئەوەی هیچ ئیسراحەتێک بکەن هەمو هێزەکانی ناوچەکەیان ساز دا، هەمو ئەو هێزە چەکدارانەی پێشتر لەگەڵ حکومەتدا بون، تێكەڵاوی راپەڕین بو بون، بۆ ئەوەی جێگاکانی تری پێ ئازاد بکەین، ئەمە بە گوێرەی ئەو نەخشەیەی کە پێشتر دانرابو. ئەوە بو هێزەکانیان دابەش کرد، بەشێکیان چونە سەر شەقڵاوە، بەشێکیان چونە سەر کۆیە، شەقڵاوەشیان ئازاد کرد و کۆیەشیان ئازاد کرد. هەمو ئەو ڕێگایەی پێی ئەوترێ جادەی هاملتۆن لە شەقڵاوەوە تا حاجی ئۆمەران سقوتی کرد، ئەو هێزانەی لەو ناوچانەدا بون هەمویان تەسلیمی خەڵک بون. هێزەکانی تریشیان کۆ کردەوە لە شەقڵاوەوە بۆ سەڵاحەدین و لەوێوە بەرەو هەولێر، لە کۆی سنجاقەوە بەرەو هەولێر. ئەوە بو لەناو شاری هەولێریشدا شانە چەکدارەکان و کۆمەڵانی خەڵک راپەڕینیان دەست پێ کرد و پەلاماری دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمیان دا. هاوزەمان لەگەڵ پەلاماردانی ئەوانەدا، پێشمەرگەش گەیشتە ناو شاری هەولێر. لە رۆژی ١١ی ئازاردا، کە رۆژێکی مێژویی بڵاوکردنەوەی بەیانی ۱۱ ی ئازارە ناو شاری هەولێریش ئازاد کرا. بێگومان پێش ئازادکردنی شاری هەولێر وەکو وتم: ٥ی ئازار لە رانیە دەستی پێ کرد و ئازاد کرا، لەناو سلێمانیدا ٧ی ئازار راپەڕین دەستی پێ کرد. لەناو شاری سلێمانی لە دو شوێنی سەرەکییەوە دەستی پێ کرد، یەکێکیان لە سەروی سلێمانییەوە، کە خەڵک کۆبونەوە، ئەوانەی سەر بە رێکخستن و شانەی چەکدارەکان لە شیمالی سلێمانییەوە دەستیان پێ کرد، بەشێکی تریشیان لە جنوبی سلێمانییەوە دەستیان پێ کرد، لە دوایدا ئەمانە هەمویان لە ئەمنە سورەکە یەکیان گرتەوە، ئەمنە سورەکەشیان ئازاد کرد و بەو شێوەیە سلێمانی ئازاد بو.
لە راستیدا بە ئازادبونی سلێمانی مەعنەویاتی خەڵکی کوردستانی زۆر زۆر پێ بەرز بوەوە، چونکە سلێمانی شارێکی ئاسایی نەبو، سلێمانی شارێکی گەورەیە، مەرکەزی پارێزگایە، بێجگە لەوە یەکێک بو لەو شارانەی عێراق زۆر ئیهتیمامی پێ دابو بە پارێزگاری کردنی دامودەزگا سەرکوتکەری زۆر بەهێزی تیابو، لەبەر ئەوە زۆر پارێزگاریان لێ ئەکرد، بۆیە ئازادکردنی شاری سلێمانی بو بە سەبەبی ئەو تەلیسمەی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستانی عێراقدا شکا. خەڵکیش ورەیان بەرز بوەوە، بۆ ئەوەی زیاتر حەماس پەیدا بکەن بۆ پەلاماردانی دامودەزگاکانی حکومەت.
باست حەمەغەریب: کاک نەوشیروان رۆژێکی دیاری کراوتان دانا بو بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری کوردستاندا بە یەک جار راپەڕین ببێ؟
نەوشیروان مستەفا: نەخێر دانەنرا بو، لە سەرتاسەری کوردستاندا بێ، چونکە پێمان وابو، کە ئەوە کارێکی لە کردە نەهاتوە، بە تایبەتی چونکە بۆ ئازاد کردنی هەندێ شوێن، تۆ پێویستت بەوە هەبو هێزی لەسەر کۆبکەیەوە، یەعنی نەتئەتوانی بە هێزێکی بچوک ناوچەیەک بگری. بۆ نمونە، ئەگەر رانیە رزگار نەکرایە، نەئەتوانرا شەقڵاوە و کۆیە رزگار بکرێ. چونکە پاش ئەوەی رانیە رزگار بو، هەمو هێزەکانی رانیە بە هەزاران بردرانە ئەو جێگایانەی تر، بۆ رزگار کردنی شەقڵاوە و کۆیە و دواتر بۆ رزگار کردنی هەولێر. یەعنی نەئەتوانرا لە یەک کاتدا لە سەرتاسەری کوردستاندا دەست پێ بکرێ، لەبەر ئەوە لە ئەساسەوە دانرا بو، کە لە رانیەوە دەست پێ بکەین، رانیە ببێ بە بنکەی سەرکردایەتی راپەڕین.
باست حەمەغەریب: هیچ حسابێ کرا بو لانی کەم، بێ لایەنکردنی جەیشی عێراق؟
نەوشیروان مستەفا: بەڵێ لە کاتی داگیرکردنی کوێت‌دا ٨ فیرقە عەسکەر لە کوردستانی عێراقدا هەبو، ئێمە هەر هەشتیان نامەمان بۆ نوسی بون، کە شەڕمان لەگەڵدا راگیر کردون. سەرکردایەتی سیاسی جەبهەی کوردستانیش لەلای خۆیەوە شەڕی راگیر کرد لەگەڵیان. بێجگە لەوە لە دابەزینی هێزەکانمان، تەعلیمات درا بو بە هەمو مەسئولەکانی ی.ن.ک، کە لە هیچ جیگایەک توخنی جەیش و پۆلیسی عێراقی نەکەون، بە عەکسەوە لە هەمو ناوچەکان خۆیان لە شەڕی ئەوانە لابەن. هەوڵ بدەن بە زوترین کات بچنە ناو مەرکەزی ئاوەدانییەکان، یەعنی ناو مەرکەزی شارەکان، لەناو مەرکەزی شارەکانیشدا پەلاماری ٤ جێگا بدەن، ئەوانەش بریتی بون لە، مقەڕی حیزبی بەعس، مقەڕی ئیستیخباراتی عەسکەری، مقەڕی موخابەراتی عەسکەری و دائیرەی ئەمن. یەعنی ئەم چوارە ئامانجی پەلامارەکان بون لە ناو شارەکان. وە وەکو باسمکرد ئەمە عەسەبی حەساسی رژێمی عێراق بو، دوای ئەوەی ئەم چوارە سقوتی ئەکرد شارەکە سقوتی ئەکرد. لەبەر ئەوە ئەو هێزانەی ئێمە کە جوڵەیان کرد، هەمو ئەوانەی لە بلەکێوە هاتن بۆ سلێمانی خۆیان لادا لە هێزەکانی حکومەتی عێراقی. ئەوەی لە ناوزەنگەوە بەڕێکەوت بەرەو رانیە خۆی لادا لە جەیشی عێراقی، ئەوەی لە تەپەڕەشەوە چو بۆ کەلار و دەربەندیخان خۆیان لادا لە جەیشی عێراقی، هەم لە پۆلیسی عراقی و هەم لە جەیشی شەعبی. لەو هێزانەی رەبایەی سەرجادە و معسەکەرات خۆیان لادا، بۆ ئەوەی بە زوترین کات بگەنە ناو شارەکان. بۆیە توانیمان تا حەدێکی زۆر جەیشی عێراقی محاید بێ، بێجگە لەوەی نیدایەکی زۆر زۆریشمان لە رادیۆکەی خۆمانەوە بۆ دەرکردن، پاش ئەوەی بە چاپیش بڵاومان کردەوە. بۆ ئەوەی جەیشی عێراقی بێ لایەن بکەین، لەم بارەیەوە ژمارەیەکی زۆر بەیانمان پێش دەست پێ کردنی راپەڕین چاپ کرد و بۆمان فڕێدانە ناو معەسکەرەکانیانەوە. یەعنی هەوڵی ئەوە زۆر درا، کە جەیشی عێراقی بێ لایەن بێ، بە راستیش بێ لایەن بو. رەنگە بێ لایەنییەکە هەموی ئەوە نەبێ، کە ئێمە تەئسیرمان تێ کردبن، هەندێک لە بێ لایەنییەکەی ئەگەڕایەوە بۆ ئەوەی جەیشی عێراقی لەو رۆژانەدا سەری نەمابو، چونکە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ قیادەی عامی قواتی مسەلەحەی خۆیا بە جیهازی لاسیکی نەمابو و پچڕا بو، لەبەر ئەوە نەیئەزانی چی بکا و چی نەکا. بێجگە لەوەی ورەیان دابەزی بو، پێیان وابو کە ئیتر سەددام رۆشتوە و تەواو بوە، ئەو رژێمە تەواو بوە، بۆیە نایهێنێ دیفاعی لێ بکەن و خۆیانی لەسەر بە کوشتن بدەن.
باست حەمەغەریب: کاک نەوشیروان ئەی سەبارەت بەو راپەڕینەی لە باشوری عێراق روی دا، هیچ تەنسیقێک لە نێوان راپەڕینی باشوری عێراق و کوردستاندا کرا بو؟
نەوشیروان مستەفا: دوای ئەوەی عێراق کوێتی داگیر کرد، ئێمە لیژنەیەکی سێ قۆڵیمان هەبو، لە نوێنەرێکی یەکێتی، نوێنەرێکی پارتی و نوێنەرێکی مەجلیسی ئەعلای شۆرشی ئیسلامی. زنجیرەیەک کۆبونەوەیان کرد. دو لیژنە بون، لیژنەیەکیان لیژنەیەکی سیاسی بو بۆ تەنسیقی سیاسی، لیژنەیەکیان لیژنەی عەسکەری بو بۆ ئەوەی تەنسیقی عەسکەری بکەین. ئەو لیژنانە مەجموعەیەک ئیحتیمالاتیان باسکرد، لە زمنی ئەو ئیحتیمالاتانە باسی ئەوەیان کرد کە ئێمە هەمو هێزەکانمان کۆ بکەینەوە و بیبەینە ناوچەیەکی بەرامبەر بە بەغدا دایبنێین بۆ ئەوەی کاتێک رژێمی عێراقی ئەتەپێ و ئەڕوخێ هێزەکانی ئێمە لەوێوە پەلاماری شاری بەغدا بەن. ئەوە یەکێک بو لە ئیحتیمالەکان، بەڵام لە دوایی دا ئەوەیان پەسەند نەکرد، ئەوەیان پەسەند کرد، کە ئێمە لە ناوچەکانی خۆمانەوە دەست پێ بکەن، ئەوانیش لە باشوری عێراقەوە دەست پێ بکەن. لە راستیدا راپەڕینی باشوری عێراق سەرەتاکەی شتێکی عەفەوی بو، هێزێک لەو هێزانەی بە شکاوی لە کوێتەوە کشایەوە بۆ بەسرە، لولەی تۆپەکەی کردە یەکێک لە وێنەکانی سەدام و دایە بەر تۆپ ئیتر خەڵک راپەڕی و پەلاماری دامودەزگاکانیان دا. ئەو کاتە مەجلسیش کادر و چەکدارەکانی خۆی ناردەوە بۆ شارەکانی جنوب. لە راستیدا مەجلیس لەوەدا خەتایەکی گەورەیان کرد، هەرچەندە پێش ئەوەی هیچ کارێک دەست پێ بکەن، بەڵێنی ئەوەیان بە ئێمە دابو، کە شیعاراتی دینی نەهێننە ناو راپەڕینەکەوە، بەڵام ئەو بەڵێنەی خۆیان بەجێ نەهێنا. پێشم وایە زەرەرێکی زۆر گەورە لەوان و لە ئێمەش کەوت، لە ئەنجامی ئەو شیعاراتە دینی و رەسمانەوە، کە خەڵک هەموی ئەزانێ چۆن بوە، لە ناو شارەکانی جنوبدا چالاکیان نواند. لە سەرەتادا ئێمە وەکو سێ رێکخراو تەنسیق لە نێوانماندا هەبو، بەڵام کە راپەڕینەکە لە جنوبی عێراق دەستی پێ کرد تا حەدێکی زۆر پێیان وابو ئیتر مەسەلەکە حەسم بوە، ئەوەندە گوێیان نەئەدا بە ئێمە، بۆ ئەوەی تەنسیق لەگەڵ ئێمە بکەن. خۆیان خەریکی خۆیان بون، تا بەرەو تێک شکان چون. ئەو تەنسیقە ئەگەر ببوایە موحتەمەل بو زیاتر سودی هەبێ، یان ئەگەر ئەوان ئەو دروشمە دینیانەیان نەهێنایەتە ناو مەسەلەکەوە، رەنگ بو وا چاوپۆشییان نەکردایە لە لێدانی ڕاپەڕین دا لە رۆژانی راپەڕین.
باست حەمەغەریب: کاک نەوشیروان جگە لەو ناوچەیەی کە لە راپەڕیندا ئازاد کرا، ناوچەیەکی گەورەی موسڵ، کە هەموی ناوچەی کوردنشین بون، هیچی تیا روی نەدا، سەبەب چی بو؟ هەر لە پێشەوە پلانێکی وا دانەنرا بو ئەو ناوچانەش ئازاد بکرێن؟ یان هێشتا مابو، کە حکومەت پەلاماری کەرکوکی دایەوە؟
نەوشیروان مستەفا: بۆچی؟ ناوچەی پارێزگای دهۆک هەموی ئازاد کرا، لە ئازاد کردنی پارێزگاری دهۆکدا مستەشارەکان دەورێکی زۆریان بینی. یەکەم هێزیش کە گەیشتە بادینان بە ئیمدادی خەڵکەوە، هێزێکی ی.ن.ک بو بە سەرکردایەتی مامۆستا نازم عومەر. ئەو ناوە زەمینەی راپەڕین زۆر زۆر لەبار بو بۆی، بەڵام لەبەر ئەوەی ناوچەکە زۆر لە ئێمەوە دور بو و کەوتبوە سەر سنوری تورکیا، بۆیە بە ئاسانی نەمانئەتوانی هێزی بۆ بنێرین. ئێمە هێزێکی بچوکمان لەوێ بو، یەکێک لەوانەی سەرکردایەتیان ئەکرد حەسەن سەلیم بو، کە دواتر شەهید بو. پارتیش لەوێ دیسانەوە هێزێکی هەبو لەسەر سنور، بەڵام ئەو هێزە بایی ئەوە نەبو بتوانێ قیادەی راپەڕین بکا لە ناوچەی بادیناندا، بەڵام لە بادینانیش ئێمە شانەی چەکداری زۆرمان هەبو، ئەگەر کەسێک لە بیری بێ لە کاتی راپەڕیندا چۆن هەندێ لەوانەی لە بادینانەوە بروسکەی پیرۆزباییان لێ ئەدا لە رادیۆکەی ئێمەوە بڵاو ئەکرایەوە، هەم ئێمەش لە رادیۆکەوە کۆدی نهێنیمان بۆ ئەناردن، داوامان لێدەکردن دەستبکەن بە ئیش و بە راپەڕین.
ناوچەی موسڵیش یەکێک بو لە ناوچە گرنگەکان، لەوێش زەمینەی راپەڕین لەبار بو، خەڵکێکی زۆر جوابیان نارد بۆ ئەوەی هێز بنێرین و ئەوانیش هاوکاریمان لەگەڵ بکەن و تەنانەت ناو شاری موسڵیش ئازاد بکرێت. ئەو کاتەی شاری کەرکوک ئازاد نەکرا بو، لە ئاڵتون کۆپری بارەگایەکی سەرەکی ئێمەی لێ بو، لەوێ کۆبونەوەیەکمان کرد بۆ ئەوەی رێوشوێنی ئازاد کردنی شاری کەرکوک دابنێین، کاک مەسعود بازرانیش لە کۆبونەوەکەدا بەشدار بو. وا ئیتیفاقمان کرد ئەو بگەڕێتەوە و بڕوا هەندێ لە هێزەکانی هەولێر و بادینان رێک بخا، بۆ ئەوەی بچنە سەر موسڵ و موسڵ ڕزگار بکەن، کەرکوکیشی بۆ ئێمە بەجێهێست، بۆ ئەوەی ئێمە خەریکی ئیشی کەرکوک بین. ئیتر ئێمە خەریکی ئیشی کەرکوک بوین. لە راستیدا ئەو کە رۆیشت و چو بۆ ئەولا، لەو لا پەشیمان بوەوە. کاک مەسعود ئەیوت بۆیە پەشیمان بۆینەتەوە، کە ئینتیباعێکی وا نەدەین بە خەڵکی موسڵ، وەکو چۆن ساڵی ١٩٥٩ کوردی تیا ئیتیهام کراوە بەوەی رۆیشتوە خەڵکی کوشتوە، بۆ ئەوەی ئەوە دوبارە نەبێتەوە. ئێمە کارەکەی خۆمان بەجێ هێنا، کە عیبارەت بو لە ئازادکردنی شاری کەرکوک. هێزەکانی خۆمانمان هەموی کۆ کردەوە، هێزەکانی ئەوانیشمان برد، کە لەو ناوچەنەدا بون. هێزێک لە ناوچەی ئاڵتون کۆپری ئامادە کرا بەرەو کەلوڕ و لەوێوە بەرەو کەلی سێکانیان. هێزێکی تریش لە سلێمانی‌یەوە چو بون بەرەو چەمچەماڵ و لە قەرەهەنجیر یەکیان گرت بوەوە. هێزێکی تریش لە گەرمیانەوە ئەبو لە دوزەوە پەلامار بدەن. ئەو هێزانەی کە ئامادەمان کرد بون لە ئاڵتون کۆپرییەوە، کارەکانی خۆیان دەست پێ کرد بۆ تێکشکاندنی خەتی دیفاعی حکومەت لەسەر کەلی سێکانیان. ئەوانەی قەرەهەنجیریش خەتە دیفاعییەکانی عێراقیان شکاند و داخڵی ناو شاری کەرکوک بون. بەڵام ئەو هێزەی ئەبو لە دوزەوە حەرەکەت بکا، موجاهیدینی خەڵک پەلاماریاندان، مەشغوڵیان کردن بە خۆیانەوە، شەڕێکی قورسیان لەگەڵ کردن، لەبەر ئەوە ئەو قۆڵە نەیتوانی بەشداری لە ئازادکردنی کەرکوکدا بکا. بۆیە هەتا کەرکوکیش گیرایەوە، معەسکەر خالید و ئەو ناوچەیە، کە ئەبوایە ئەو هێزەی گەرمیان بهاتنایە و تەسفیەیان بکردنایە، مایەوە. ئەوە دیسان بوەوە بە بنکەیەک بۆ ئەوەی هێزەکانی عێراق لەوێ کۆببنەوە، لەوێوە پەلاماری شاری کەرکوکیان دایەوە و گرتیانەوە.
باست حەمەغەریب: ئەو پلانەی بۆ ڕاپەڕینتان دانابو لە نەتیجەدا هەمو ئامانجەکانی خۆی پێکا؟
نەوشیروان مستەفا: بەڵێ پێم وایە هەمو ئامانجەکانی خۆی پێکا، کە ئەویش بریتی بو لە دەرکردنی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستانی عێراق و ڕزگارکردنی کوردستانی عێراق. لە راپەڕیندا لە ڕاستیدا ئێمە نەمانتوانی پارێزگاری لێ بکەین، ئەگینا چەند شوێنێکی کەمی لێ دەرچێت، سنجار و ئەوانە نەبێ، باقیەکەی تری تەقریبەن هەموی رزگار کرا. تەنانەت ناو شاری کەرکوک و خانەقین و ئەوانە هەموی کەوتنە دەست کورد. بەڵام ئێمە حسابەکانمان تا حەدێک دیعایەی هاوپەیمانەکان سەریان لێ شێواندن. هاوپەیمانەکان لە رادیۆکانی خۆیانەوە بڵاویان کردەوە کە ٤٥ فیرقری جەیشی عێراقیان تێک شکاندوە، وە عێراق هێزی ئاسمانی نەماوە، هێزی دەبابەی نەماوە، تۆپی نەماوە، ئەوەی نەماوە. ئێمە وامانئەزانی راست ئەکەن. وە باسی ئەوەشیان کرد، کە جەیشی عێراقیان ئیبادە کردوە لەو جێگایەی ناویان نابو "طریق الموت" لە بەینی کوێت و لە گەڕانەوەدا، کە چەند هەزار کەسێکیان کوشتوە و بە تەلەفزیۆن پیشانیان دابو. دنیا وای ئەزانی جەیشی عێراقی ئیبادە بوە. لە راستیدا ئێمە وامانئەزانی ئەو قسانەی لە زمانی قسەکەرەکانی هێزی هاوپەیمانەکانەوە بڵاویان ئەکردەوە، پێمان وابو هێزی عێراقی تەواو بوە، مادەم ٤٥ فیرقەی جەیشی عێراقی شکابێ، مەعنای وایە هێزێکی وایان نەماوە. بەڵام لە رۆژانەی راپەڕیندا بۆمان دەرکەوت، کە جەیشی عێراقی جەزرەبەیەکی ئەوتۆی بەر نەکەوتبو، بە تایبەتی حەرەسی جمهوری هەموی ساغ و سەلیم بو، مابونەوە. ئەوە بو لە دواتردا لە سەرکوت کردنی عێراقدا بەشداریان کرد.
باست حەمەغەریب: کاک نەوشیروان دەرئەنجامی راپەڕین، ئەو روداوانەی لە دوای راپەڕین رویاندا، ئایا کورد لە هەرێمی کوردستاندا توانیویەتی بە تەواوی ئیستیفادەی لێ بکا؟
نەوشیروان مستەفا: ئەوەی بە تەواوی توانیبێتی ئیستیفادەی لێ بکا، ئەوە رەنگە بەجێی بێڵم بۆ خەڵکی تر تەقیمی بکا، چونکە خۆم یەکێک بوم لەو کەسانەی بەشداریم کردوە لە روداوەکاندا، بۆیە ناتوانم ئەوە تەقیم بکەم. بەڵام ئێستا سلێمانی و هەولێر و دهۆک ئازادە. راستە سلێمانی بۆ پارتی ئازاد نییە، هەولێر و دهۆکیش بۆ یەکێتی ئازاد نییە، بەڵام لە عەینی وەختا بە دەست کوردەوەیە. لەو فەترەی ٩ ساڵی رابردودا سەرەڕای ئەوەی کورد حەساری دەولی لەسەر بوە، حەساری بەغدای لەسەر بوە، حەساری دراوسێکانی لەسەر بوە، بێ تەجروبەیی خۆی، لە هەموی خراپ تر شەڕی ناوخۆ. سەرەڕای هەمو ئەوانە، لە هەر کەسێ بپرسی ئێستا وەزعی باشترە لەوەی کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی بەعسی‌دا بوە. لە هەر کوردێکی دڵسۆزیش بپرسی ئایا ئەم وەزعەی ئێستا باشترە، یاخود ئەوەی حکومەتی عێراق بێتەوە، ئیتر بەعسی بێ، یان غەیری بەعسی بێ، خەڵک دەسەڵاتی حوکمی کوردی بەلاوە باشترە. وە ئەو فەترەیەش ئەگەر نەشیتوانی بێ هەمو شتەکان جێبەجێ بکا، کە دێهاتی کوردستان هەموی وێران بوە، بەڵام سەر لەنوێ هەمو دێهاتەکان ئاوادان بۆتەوە، خەڵک گەڕاوەتەوە بۆ جێگاکانی خۆی. ئەوە چەندین جامیعەمان هەیە. دامودەزگاکانی خۆمان لە وڵاتەکی خۆماندا، هەمو دامودەزگاکان لە کەسوکاری خۆمانن، خەڵکی وڵاتەکەی خۆمانە بەڕێوەی ئەبا. کورد توانیویەتی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەوڵەتانی دنیا، لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ دروست بکا، لەناو موجتەمەعی دەولی جێگای خۆی بکاتەوە. یەعنی دەستکەوتی باشی هەبوە.
باست حەمەغەریب: کاک نەوشیروان، پاش ٩ ساڵ لە راپەڕین، ئەگەر ئەو ۹ ساڵە پێکەوە هەڵسەنگێنین، چۆن سەیری ئەکەیت؟
نەوشیروان مستەفا: بە گشتی پێم وایە سەرکەوتو بوە. کورد ئیشێکی باشی کردوە، بە تایبەتی ئەگەر بتوانین کێشەی ناوخۆ چارەسەر بکەین، لام وایە گەورەترین سەرکەوتنمان لە قەڕنی بیستەمدا بۆ میلەتەکەمان بەدەست هێناوە.
باست حەمەغەریب: سوپاس بۆ ئەم دیدارە.
نەوشیروان مستەفا: منیش سوپاستان ئەکەم.
تێبینی: وێنەکە پشتی سونێیە، بە کامێرای مەلا محەمەدی شارستێنی گیراوە. دیمەنی هاتنەخوارەوەی رەوانشاد کاک نەوشیروان و کاک مەسعود و هەڤاڵەکانیانە بۆ ناو رانیە.

 


هەواڵی زیاتر