سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان: كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو كایه‌ی سیاسی

19/05/2020

هەواڵ و چالاکی

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان پەیامێک لە سێیەمین ساڵیادى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفادا بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، سه‌ری ڕێز و وه‌فا داده‌نەوێنین و ئه‌م یاده‌ خەمهێنەرە به‌شکۆوە ڕاده‌گرین، دەشڵێت: كۆچی دوایی ئه‌م بیرمه‌ند و سه‌ركرده‌ گه‌وره‌یه‌ی شۆڕشی نوێ و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو كایه‌ی سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان و کۆی عێراق و، گەلی کوردستان ڕابەرێکی مەزنی لەدەستدا.

د.رێواز فایەق ئەوە دەخاتەڕوو، نەوشیروان مستەفا له ‌تێكڕای قۆناغه‌كانی خه‌بات و تێكۆشانی سیاسیی خۆیدا سازشی له‌سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كان نه‌كردوه‌.

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت: ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنیشه‌ تێز و بۆچوونه‌ فیكرییه‌ قووڵ و دونیا بینییه‌ دوورمه‌وداكانیه‌تی كه‌ له‌ئێستادا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر ئاماژەکانی دیارکەوتوون.

دەقى پەیامەکە:
له‌سێهه‌مین ساڵیادی ژیانئاواییی گه‌وره‌ سه‌ركرده‌، بیرمەند و سیاسه‌تمه‌داری گه‌له‌كه‌مان ڕه‌وانشاد كاك نه‌وشیروان مسته‌فا، سه‌ری ڕێزو وه‌فا داده‌نوێنین و ئه‌م یاده‌ خەمهێنەرە به‌شکۆوە ڕاده‌گرین.

دیاره‌ كۆچی دوایی ئه‌م بیرمه‌ند و سه‌ركرده‌ گه‌وره‌یه‌یی شۆڕشی نوێ و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو كایه‌ی سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان و کۆی عێراق و گەلی کوردستان ڕابەرێکی مەزنی لەدەستدا.

ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنیشه‌ تێزو بۆچوونه‌ فیكرییه‌ قووڵ و دونیا بینییه‌ دوورمه‌وداكانیه‌تی كه‌ له‌ئێستادا له‌هه‌موو كاتێك زیاتر ئاماژەکانی دیارکەوتوون، بەتایبەت کە زیندوو مانه‌وه‌ی بیری سیاسی و نیشتیمانیان له‌ زیهنییه‌ت و یاده‌وه‌ریی تاكی كوردی په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ڵوێست و قوربانیدان و پته‌وی بیروباوه‌ڕی سیاسیی ئه‌م كه‌ڵه‌ پیاوه‌، كه‌ له‌تێكڕای قۆناغه‌كانی خه‌بات و تێكۆشانی سیاسیی خۆیدا سازشی له‌سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كان نه‌كردووه‌.

به‌رزو شكۆدار بێت یادی كۆچی دوایی ئه‌ندازیاری ڕاپه‌ڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان و دروود بۆ گیانی پاكی كاك نه‌وشیروان و سەرجەم شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.

د.ڕێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
2020/5/18


هەواڵی زیاتر