نه‌وشیروان مسته‌فا: ده‌بێت ئه‌وان داوای لێبوردن بکه‌ن

19/05/2020

دیمانە


سازدانی: هۆشیار عەبدوڵڵا
Tuesday, February 15, 2011     

        لە بەرنامەی روبەڕوی كەناڵی (KNN) دا، نەوشیروان مستەفا، ئاماژە بەو پەندو دەرسانە دەكات كە پێویستە دەسەڵاتدارانی كوردستان، لە شۆڕشەكانی تونسو میسرەوە وەریانگرتبێت.
هەروەكو بەیاننامە (7) خاڵییەكەی گۆڕان، وەك نەخشە رێگای كاركردنی بزوتنەوەكەی دەبینێت و دەڵێت: "بەیانەكەی ئێمە، بەیانێكی ئیستیباقییە، بەیانێكە پێشتر هۆشیاریی داوە بە كۆمەڵێك لەو حیزبانە و پێشئەوەی گەردەلولەكە بێتە كوردستان، با دانیشینو چارەسەری وەزعەكە بكەین".

KNN: ئەگەر لە تونس و میسرەوە دەستپێبكەین، ئەو گۆڕانكارییەی لە تونس بە (27) رۆژو لە میسر بە (18) رۆژ یەكلایی بوەوە، چییان لێ فێر دەبین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: لەڕاستیدا ئەو روداوانەی لە تونس و دواتر لەمیسر رویاندا، ئەوەمان بەبیر دەهێننەوە كە كاتی خۆی چۆن گۆڕان لە ئەوروپای رۆژهەڵات لە پۆڵۆنیاوە دەستپێكرد، بەرەو رۆمانیا و دوایی هەمو وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتی گرتەوە و یەكێتی سۆڤیەتیشی گرتەوە و ئەو دەوڵەته گەورەیە پارچە پارچە بو، ئەمەش رەنگە شتێكی لەوبابەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێتە پێشەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە ئەو گۆڕانە بنەڕەتییەی كە لە میسرا رویدا و سیستمی ئەوێی گۆڕی، ئەمە وەكو ئەوە وایە سەرەتای گۆڕانێك بێت لەهەمو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەپێش هەمو شتێكدا، دەبێت لەئەزمونی ئەو دو وڵاتەوە چەند دەرسێك دەربهێنین.
یەكەم؛ وەكو چۆن سیستمی تاكحیزبی لە ئەوروپای شەرقی رماو هەرەسی هێناو وەك ئەزمون فەشەلی كرد لە ژیانی سیاسیی میللەتان، به‌هه‌مان شێوه لەتونس سیستمی تاكحیزبی و لە میسریش سیستمی تاكحیزبی فەشەلی هێنا، لەم وڵاتانە كە دەڵێن سیستمی تاكحیزبی، كۆمەڵێك حیزبی تر هەبون، بەڵام لەپانتایەكی زۆر تەسكدا رێگەیان داون بۆئەوەی بەهیچ جۆرێك رۆژێك لەڕۆژان دەسەڵات نەگرنە دەستیان، سەیری تونس بكە، هەمو بارەگای حیزبەكانی دەسەڵات، ئاگریان تێبەردراو سەركردایەتی حیزبەكەی هەڵوەشایەوە و سكرتاریەتی هەڵوەشایەوە و مەكتەبی سیاسییەكەی هەڵوەشایەوە و بارەگای لقەكان لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكەوە بەتاڵان بران، لەمیسریش بەهەمان دەرد چون، ئەمە دەرسێكە بۆئەوەی كە فیعلەن پێشوەخت تێبگەین، سیستمی تاكحیزبی لە سلێمانیش فەشەلی كردوە و لە هەولێر و دهۆكیش فەشەلی كردوە، ئەو تەعەدودییە كە ئێستا سەركردایەتی كورد خۆی پێوە هەڵدەكێشێت، لەڕاستدا تەعەدودی نییە، لە سلێمانی یەك حیزب حوكم دەكات و چەند حیزبێكی بچكۆلە لەدەورین، لە هەولێریش یەك حیزب حوكم دەكات و چەند حیزبێكی بچوك لە دەورین، تەنانەت لە هەولێر یەكێتی وەك پارتی دەسەڵاتی نییە و لە سلێمانی پارتی وەك یەكێتی دەسەڵاتی نییە، ئەمە دەرسی یەكەمە كە دەبێت بەڕاستی هەمو حیزبەكان، لەپێش هەمویان حیزبەكانی كوردستانی عێراق، ئەو دەرسە وەربگرن كە سەردەمی سیستمی تاكحیزبی و ئەو حیزبانەی كە خۆیان بە پێشڕەو و حیزبی قائید دەزاننو ئەو حیزبانەی پێیانوایە، ئەگەر ئەوان نەبن، ئەوا میللەت گورگ دەیخواو لافاو دەیبا و هەمو لەبرسا دەمرن و ماڵیان وێران دەبێت، ئەمە تێپەڕیوە و ئەمە دەرسی یەكەم که دەبێت لێوەی فێربین.
دەرسی دوەم؛ چاكسازی درەنگوەخت سودی نییە، من خۆم دوساڵ لەمەوپێش، لەگەڵ هەندێ لە سەركردەكانی كە خاوەن دەسەڵاتن، قسەم لەگەڵدا كردن و بۆم باسكردن كە پرۆسەی ناڕەزایی پڕۆسەیەكە گەشە دەكات و دەگۆڕێت، سەرەتاكەی بە داواكاری زۆر ئاسان دەستپێدەكات، خەڵك داوا دەكات و دەڵێت رێگاوبانم نییە، دەڵێت زێرابم نییە، دەڵێت جێگای نیشتەجێبونم نییە، دەڵێت بێكارم، دەڵێت كارەبام نییە، دەڵێت ئاوم نییە، یانی خواستەكانیان لەئاستی خزمەتگوزارییدایە، لەپاش ماوەیەك كە تۆ چارەسەری ئەمە ناكەیت، وەعدی دەدەیتێ و درۆ دەكەیت و بەڵێنەكانت جێبەجێناكەیت، چاوبەستەكی لێ دەكەیت، لەپاش فەترەیەك ئەمە دەگۆڕێت، لەخواستی خزمەتگوزارییەوە دەبێت بە خواستی ئیسلاحی، داوا دەكەن ئیسلاح لە نیزامی ئیداریی و لەنیزامی سیاسی و ماڵیدا بكرێت، ئەمەش قۆناغێكە كە ئەگەر ئەو قوناغەش سایەی نەبێت، دەبێت بەم گەردەلولەی كە ئێستا لەمیسر و تونس و ئەو وڵاتانە هەیە.

KNN: بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە، لەبنەمادا كە ئێوە وەك خۆتان باسی دەكەن، بۆ تێپەڕاندنی دۆخی هەرێمی كوردستان بو لە قەیران، بەڵام قەیرانەكەی بەردەوامكرد، ئەگەر نەڵێین تۆختری كردەوە، لەو قەیرانەی هەرێمی كوردستانەوە، چ وانەیەك فێردەبین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمە چونكە خۆمان لەم ژینگە سیاسییە دەژین، لەم چەند رۆژەی رابردودا، ئێمە چەند دەرسێكمان لەم تەنگژەو قەیرانە وەرگرت، من خۆم بە چاوی لێكۆڵینەوەوە سەیری ئەوەم كردوە، لەگەڵ كۆمەڵێ خەڵكی تر گفتوگۆم لەسەر كردوە و چەند دەرسێكی لێدەردەهێنین، دەرسێكیان عەسكەرییە، دەرسێكیان سیاسییە، دەرسێكیان رۆشنبیرییە و دەرسێكیان راگەیاندنە، واتە دەرسی جیاجیای لێدەردەهێنین.

KNN: با لە سەربازییەكەوە دەست پێبكەین، ئەو وانەیەی كە لێوەی فێردەبین، چییە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: لەدەرسی عەسكەرییدا، فێریكردین لەم وڵاتە دامەزراوەیەك نییە بەناوی دامەزراوەی عەسكەرییەوە، لەم وڵاتە هێزی پێشمەرگە هەیە، ئاسایش هەیە، زانیاری هەیە، پاراستن هەیەو ئەمانە هەمو دەزگای حیزبین و نەبون بە دەزگای حكومەتی و نەبون بەموڵكی دەزگای دەوڵەت، واتا حیزب لەكاتی لێقەومانی خۆیدا و لەكاتی ململانێی سیاسی لەگەڵ لایەنەكانی تر، دەتوانێت ئەم دەزگایە وەك دەزگایەكی حیزبی بەكاربهێنێت، كە هیچ جۆرە سەربەخۆییەكی تێدا نییە، بەداخەوە، ئەمە كارێكی زۆر زۆر خراپ بو كە سەركردایەتی ئەم حیزبانە پەنایان بردەبه‌ر ئەوەی جارێكی تر پێشمەرگە وەكو ئامرازێك بەكاربهێنن بۆ هەڕەشەلێكردن لە خەڵك و كە ئیحتمال هەبو ئەمە بێتە هۆی شەڕی ناوخۆ. دەرسێكی تر پێیوتین، لەم وڵاتە كێ خاوەن دەسەڵاتە لەوەی لەحاڵەتی پێویستدا پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكان بخاتە ئینزارەوە؟ كێ خاوەن دەسەڵاتە كە ئیعلانی حەرب بكات بەرامبەر جەماعەتێك؟ كێ خاوەن دەسەڵاتە، ئەمە بكێشێتەوە و كێ خاوەن دەسەڵاتە لەوانە بپرسێتەوە كە غەڵەت دەكەن؟ بە غەڵەت هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و هێزەكانی حكومەت بەركادەهێنێت؟ كێ ئەو دەسەڵاتەی داوەتێ؟ كێ خاوەن دەسەڵاتە لەو بوارەدا، پێشمەرگە بەئارەزوی خۆی بخاتە ئینزارەوە و دەبابە بێنێتە سەر جادە و قوتە بگرێت و ئوتێلی پێنج ئەستێرە داگیر بكات! كێن ئەوانەی لەم وڵاتە ئەم دەسەڵاتەیان هەیە؟ كێ خاوەن دەسەڵاتە كە لەمانە بپرسێتەوە و بڵێت بۆچی وات كردوە و بەبێ موبەریر، بەبێ ئەوەی سەبەبێكی مەعقول هەبێت هێزی پێشمەرگە دەخەیتە ئینزارەوە بەرامبەر بەهێزێكی سیاسیی تر كە خۆت بە مونافسی سیاسیی خۆتی دەزانی.

KNN: لەسەر ئاستی سیاسیدا، ئەوەی پەیوەندیی بەحیزبە سیاسییەكانەوە هەیە، چ وانەیەك فێر دەبین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: لەم وڵاتەدا، سیستمی تاكحیزبی هەیە، لەم وڵاتە تەعەدوییەت بەناو هەیە، لەم وڵاتە حیزبە بچوكەكانیان والێكردوە كە هەمویان وەكو دەسنگەخۆری حیزبە گەورەكانیان لێهاتوە، بودجەیان لەلایەنە ئەوانەوە ئیدارە دەكرێت، لەلایەن ئەوانەوە هەندێك وەزیفە و پۆستیان پێ دەسپێردرێت، لەلایەن ئەوانە رێیان پێدەدەرێت لەهەڵبژاردندا چەند كورسی بێن و لە چەند وەزارەتدا بەشداریی بكەن، لەبەرئەوە بەداخەوە، لەم وڵاتانە نەیانهێشتوە حیزب بەمانای سەردەمییەكەی خۆی، گەشە بكات، بۆئەوەی ببێت بە فاكتەرێكی كاریگەر لەژیانی سیاسیدا، ئەوەی بۆ من زۆر كارێكی سەیر بو، لەپڕێكدا (19) حیزبیان كۆكردەوە كە لەڕاستیدا هەندێكیان دەتوانین بڵێین كارتۆنین كە لەڕاستیدا زەمانی حیزبی كارتۆتی نەماوە، وەختی خۆی لە ئەڵمانیای شەرقی هەبوە، لەهەندێك وڵاتی تر هەبوە، ئەم تەقلیدە خراپە لەتونس هەبوە، لەمیسر هەبوە و پێویستە ئەم دو حیزبە واز لەو تەقلیدە خراپە بهێنن، حیزب داتاشن، حیزبی كارتۆنی دروستبكەن، دوكانی سیاسیی بەخەڵك دابنێن و لەحاڵەتی پێویستدا بیانهێنن یەك زنجیزە ناو دروستبكەنو بڵێن، وەڵا (19) حیزب یان (20) حیزب یان (30) حیزب كە هەندێكیان لە هەقیقەتدا و جودێكی ئەوتۆیان نییە، هەر تەنیا بۆ كاروباری دیعایەو ئیعلان بەكاردەهێنرێن، ئەمانە هەندێكیان ناهەقیان نییە، چونكە لەڕوی سیاسییەوە و لەڕوی ئیعلامییەوە و لەڕوی مالییەوە لەژێر دەسەڵات و هەیمەنەی ئەم دو حیزبەدان كە ئەگەر وانەكەن، سزایان دەدەن، لەبەرئەوە بۆ هەندێك حاڵەت مەجبورن لەگەڵیان بڕۆن، كە لەڕاستیدا هەقە وانەبێت، هەقە ئەوانە رەئی خۆیان هەبێت، بۆچونی خۆیان هەبێت و دو حیزبە دەسەڵاتدارەكە زۆریان لێنەكەن و وازیان لێبهێنن كە بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن.

KNN: لەخاڵەكاندا باست لە دەرسی رۆشنبیری كرد، مەبەست چی بو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هەمو جوڵانەوەیەكی سیاسی لە دنیادا، هەمو حیزبێكی سیاسی لە دنیادا، پێویستی بەكۆمەڵێك خەڵك هەیە، پێویستی بەكۆمەڵی رۆشنبیر هەیە، پێویستی بەكۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ هەیە، پێویستی بەكۆمەڵێك رۆژنامەنوس هەیە، پێویستی بە كۆمەڵێك موفەكیر هەیە، بەداخەوە ئەم تەجروبەیه‌ی كوردستانی عێراق، فێری كردین كە لەم وڵاتەدا دەسەڵات چینێكی مشەخۆر، یان توێژێكی مشەخۆر لەناو رۆشبیران و مامۆستایانی زانكۆ و رۆژنامەنوسان و نوسەرەكاندا دروستكردوە، ئەم چینە مشەخۆرە بەرامبەر بە ئۆتۆمبێل، بەرامبەر بە ئەرزە، بەرامبەر موچەی بەرز، بەرامبەر هەندێك دیاریی و دەستكەوتی مادیی، ویژدانی پیشەیی خۆیان فەرامۆش دەكەن، لەكاتێكدا كە حیزبەكە پێی دەڵێت، هجوم بكە و هێرشبەرە، هێرش دەكات، كە پێی دەڵێت راوەستە، رادەوەستێ، ناچێت بەئەقڵی خۆی بیربكاتەوە، حیزبەكان مەفروزە كۆمەڵێك خەڵكیان هەبێت كە بیریان بۆ بكەنەوە، كۆمەڵێك خەڵكیان هەبێت راوێژیان پێبكەن، كۆمەڵی خەڵكیان هەبێت كە رێگای باشیان پیشانبدەن، نەك لەشكرێك دروستبكات لە رۆشنبیری مشەخۆر و كەی پێیوت هێرشبكات و كەی پێوت راوەستێت، ئەوە دەرسێكە كە بەڕاستی پێویستە سەركردایەتی كورد ئەوە بە نەزەری ئیعتبار وەربگرێت، لەباتی ئەوەی رۆشنبیرەكانی كوردستان، مامۆستایانی زانكۆ و رۆژنامەنوسەكان و شاعیر و ئەدیب و نوسەرەكان بەو ئیتجاهە بەڕێ بكات و دابەشیان بكات و فێری جنێودان و قسەی ناقۆڵا و شتی لەو بابەتەیان بكات، تەوجیهیان كات بەئیتجاهی بیركردنەوە و دۆزینەوەی رێگای راست و بە ئیتجاهی ئەوەی ئەوانە ببن بە دامودەزگای بیركردنەوە و دەمودەزگای وا كە خزمەت بەجوڵانەوەی كورد بكەن، نەك بەشداریی بكەن لە موهاتەرات و شەڕە جنێو و هجومكردن و ئا لەم بابەتانە.

KNN: ئەو پەندانە، یان ئەو دەرسانەی لە لێدوانەكانی حكومەت و حیزبە باڵادەستەكان كەوتونەتەوە، یان لای ئێوە كەوتونەتەوە، چین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كەلعادە، دەزگاكانی راگەیاندنیان هەمو سەرلەنوێ خستەوەگەڕ بۆ چەواشەكاری و سەرلێشێواندنی خەڵك، بۆ درۆكردن، ئەوانە باسی ئەوە دەكەن، ئێمە دژی دەستورین و دەیانەوێت خەڵك واتێگەیەنن كە ئێمە دەمانەوێت بۆشایی دەستوریی دروستبێت، لەڕاستیدا ئەوەی ئێمە بناسێت، دەزانێت كە لەیەكەم خولی پەرلەماندا ئێمە داوكاری ئەوەبوین، من و رەفیقەكانم داوكاری ئەوەبوین كە هەرێمی كوردستان دەستوری تایبەتی خۆی هەبێت و ئەوە لاكانی تر بون كە قبوڵیان نەكرد، ئێمە ئێستاش لایەنگری ئەوەین كە دەستورێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت، دەستورێك بێت وەكو دەستورەكەی میسر كە ئێستا رەفز كراوە و خەریكن و دەیانەوێت بیگوڕن، یان وەك دەستورەكەی تونس كە ئێستا لەژێر زەبری كۆمەڵانی خەڵكدا مەجبورن بیگۆڕن، دەستورێكی وا نەبێت، بەڵكو دەستورێكی باش بێت و دەستورێك زۆرایەتی میللەتەكەمان پێی رازی بێت و رەنگدانەوەی بیری سیاسی هاوچەرخ بێت، نەك دیكتاتۆرێك دروستكات لە كوردستان، ئێمە لایەنگری هەبونی دەستورێكی باشین، ئەوانە باسی ئەوە دەكەن، ئەمانە حكومەتیان ناوێت، وەكو ئەوەی ئاسایشیان ناوێت، فڵانیان ناوێت، ئەمەش درۆیە و دەیانەوێت وا لە خەڵك بگەیه‌نن كە دەمانەوێت بۆشایی ئەمنی دروستبێت، یاخود بۆشایی ئیداریی دروستبێت، بەهیچ جۆرێك ئێمە نامەوێت ئەو بۆشاییانە دروستبێت، ئێمە وتومانە، ئەم حكومەتە هەڵوەشێتەوە و حكومەتێكی تەكنۆكراتی ئینتیقالی دروستبێت كە لەمانە باشتر ئیشوكارەكانی بەڕێوەبەرێت، ئێمە دەمانەوێت حكومەتێك هەبێت، ئیشی لەبەر بڕوات، حكومەتێك هەبێت، حیزبایەتی نەكاتە ئیشی ئەساسی و حكومەتەكەی ئیستغلال نەكات بۆ بەقوەتكردنی حیزبەكەی خۆی، ئەوانە باسی ئەوە دەكەن كە دەڵێن، ئەمانە خۆیان بەشدارییان نەكردوە لەحكومەتدا، ئێمە ئەسڵەن نامانەوێت بەشداری بكەین لە حكومەت و مەبەستمان ئەوە نییە بەشداربین لە حكومەتدا، تۆ وەختێ كە ئینتیخابات دەبەیتەوە، فەرزنا ئەم دو حیزبە ئینتیخاباتیان بردەوە بە ئەكسەرییەت، یەكێك (30)و ئەویتر (29) كورسی هێناو حكومەتەكەیان دروستكرد و موبارەك بێت، بەڵام لەخوار وەزارەتەكانەوە مەفروز نییە لەفەڕاشەوە تا دەگاتە وەكیلی وەزیر لە حیزبەكانی خۆیان دابنێن و لەمابەینی خۆیان دابەشی بكەن، بەڵكو دەبێت واز لە میللتەكەمان بهێنن و لەناو میلله‌تهکه‌ماندا(130) هەزار مامۆستامان هەیە و (5) هەزار دكتۆرمان هەیە، چەند هەزارێك محامیان هەیە و چەند هەزار ئیداریمان هەیەو پیاوانی كاری شارەزامان هەیە و ئەندازیارمان هەیە، واز لەخەڵكە بێنن با لەسەر ئەساسی كەفائەت و لێوەشاوەیی لەخوار وەزیرەوە، گوێ نەدرێتە ئینتمای حیزبی و گوێ نەدرێتە تەسكییەی حیزبی، ئێمە ئەمەمان دەوێت، ئەگەر نا ئێمە نەمانوتوە لەهەمو جێگه‌یەك ئەگەر یەكێتی و پارتییەكەی لێبێت، ئێمە دەبێت سێیەم بین، قەت باسی شتی وامان نەكردوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت شانبەشانی ئەوانەی یەكێتی و پارتین، خەڵكی تریش لەسەر ئەسایی كەفائەت و لێوەشاوەیی و شارەزایی بتوانێت ببێتە مدیری عام، مدیری مەكتەب، رەئیسی دائیرە و وەكیلی وەزیر، ئەسڵەن لەهەمو وڵاتانی دونیا، بێجگە لە وەزیر كە پۆستێكی سیاسییەوەو بڕیاری بەدەستە، پۆستەكانی خوارەوە خەڵكی مەسلەكی دەیگرنەوە، یانی لەگەڵ گۆڕینی وەزیردا ناگۆڕێت، چونكە ئەوان كۆڵەكەی ئەساسی ئەو وەزارەت و دائیرەیەن.
ئینجا دەڵێن، دەیانەوێت پەرلەمان نەمێنێت، یان دەڵێن ئێمە دژی پەرلەمانین و دەمانەوێت بۆشایی قانونی دروستبێت، بەهیچ جۆرێك لەگەڵ ئەوەیان نین، بەڵام ئەم پەرلەمانە ئیفلیج بوە و ناهێڵن هیچ ئیشێكی لەبەر بڕوات، بەناوی زۆرینەوە حكومەت كردویەتی بە دەزگایەكی كارتۆنی و دەزگایەكی ئیفلیج، ئێمە پێمانخۆش نییە پەرلەمان دەزگایەكی ئیفلیج بێت، پێمانخۆشە دەزگایەكی فەعال بێت، پێمانخۆشە موراقەبەی حكومەت بكات و وەزیرەكان بانگ بكات بۆ لێپرسینەوە، پێمانخۆشە كاربەدەستەكانی حكومەت بانگ بكات بۆ لێپرسینەوە، پێمانباشە پەرلەمان مەرجەع بێت، پێمانخۆش نییە پەرلەمانێك دروست بێت، حكومەت بە ئارەزوی خۆی چ قانونێكی بۆ نارد مۆری بكات و بینێرێتەوە، بە قانونیكردنی هەمو كارە ناقانونییەكانی حكومەت بكات، ئێمە نامانەوێت وابێت، ئێمە دەمانەوێت پەرلەمانێكی زیندو و كارا بێت و ئیشوكارەكانی بكات، ئەگینا ئێمە لەگەڵ بۆشایی تەشریعیدا نین، دەمانەوێت پەرلەمان هەبێت، هەتا لە بەیاننامەكەی خۆماندا كە داوامانكردوە، پاش (3)ی مانگی تر هەڵبژاردن بكرێتەوە، خۆ مەعلوم نییە لە پەرلەمانی داهاتو ئێمە چەند دەهێنین و پارتی چەند دەهێنێت و یەكێتی چەند؟! خۆ بەم زەبروزەنگە بڕوات، لەوانەیە ئێمە ئەسڵەن كورسی كەمتر بهێنێن.

KNN: لە قسەكانی پێشوتدا، باسی چەواشەكاریت كرد، ئەو چەوەشەكارییە، بە رای بەڕێزتان بۆ ترساندنی خەڵكە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بەڵێ، بەشێكی بۆ هەڵخەڵهتاندنی خەڵكە، ئەو چەواشەكارییەی دەیكەن، زۆرجار بۆ تەفره‌دانی خەڵكە، بۆئەوەیە خەڵك بەهەڵەدا بەرن و راستییەكان لەخەڵك بشارنەوە، بۆ گەوجاندنی خەڵك و بۆ تاریكاندنی پەرلەمان و بۆ تاریكاندنی راستییەكانە، واته بۆ تەعتیمی راستییە.

KNN: پەیوەندی بەترسەوە نییە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بەڵێ، بۆ ترساندنیشە، بۆچی نا.

KNN: خەڵك دەترسێت بەو چەواشاكارییانە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بەشێك لەخەڵك دەترسێت.

KNN: لەسەر مەسەلەی گه‌نده‌ڵیی، ئێوە دەڵێن گه‌نده‌ڵییەكی زۆر هەیە لە دامودەزگاكانی حكومەتدا، حكومەتیش دەڵێت، بەڵێ هەیە، جیاوازییەكە لەكوێدایە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمە گه‌نده‌ڵیی كورتناكەینەوە تەنیا لەمەسەلەی دارایی و مالیدا، كۆی ناكەینەوە لەچەند كەسێك كە بەشێوەیەكی نامەشروع پارەیان پێكەوە نابێت، گه‌نده‌ڵیی لایەنی هەیە، بۆ نمونە، تەسكییەی حیزبی و دامەزراندنی خەڵك لەسەر ئەساسی حیزبی، ئەمە جۆرێكە لەگه‌نده‌ڵی، قبوڵكردنی خوێندكار لەدیراساتی عولیا لەسەر ئەساسی ئینتیمای حیزبی، جۆرێكە لە گه‌نده‌ڵیی، دابەشكردنی دامودەزگاكانی حكومەت لەسەر بنچینەی ئینتمای حیزبی، جۆرێكە لە گه‌نده‌ڵی، ئەمانە دەتوانن بە ئاسانی تەسكییەی حیزبی مەنع بكەن، ئەمانە دەتوانن بەئاسای جارێكی تر وابكەن كە هاوڵاتی كوردستانی خۆی بە هاوڵاتی بزانێ تو خۆی بەخاوەنی ئەم حكومەتە بزانێت و ئیحتیكاری ئاسایش و زانیاری و هێزی پێشمەرگە بۆ دو حیزب، خۆی لەخۆیدا گه‌نده‌ڵییە، دەبێت ئەم هێزانە بكرێنە هێزی میللی و نیشتمانی و نەتەوەیی، هێزێك كە هەمو كەسێك بەهی خۆی بزانێت، نەك وەك ئەمجارە یەكێتی و پارتی بەهی خۆی بزانێت و غەیری ئەوە هەمو خەڵك لێی بترسێت و بڵێت، ئەمە هێزی من نییە و هاتوە بۆ شەڕی من، بۆیە گه‌نده‌ڵی لایەنی هەیە، گه‌نده‌ڵی سیاسی هەیە، گه‌نده‌ڵی ئیداریی هەیە، گه‌نده‌ڵی ئەخلاقی هەیە، گه‌نده‌ڵی داراییش هەیە، بەڵام بەداخەوە، زۆری ئەو گه‌نده‌ڵییانە كۆكراونەتەوە لەمەسەلەی داراییدا، كە بێگومان داراییش شتێكی گرنگە، بەڵام واسیتەو واسیتەكاری و مەحسوبییەت، ئەمانە هەمو بەشێكن لە گه‌نده‌ڵی.

KNN: ئەو باسكردنەوەیەی گه‌نده‌ڵی، یاخود قەناعەتپێهێنانی لای ئەوان بۆ مەسەلەی گه‌نده‌ڵی، قەناعەتە یان بۆ ماكیاژكردنە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من بیستومەتەوە لەهەندێك كۆڕوكۆبونەوەی تایبەتی خۆیان، هەندێك كەس باسی ئەوەیان كردوە، با دەستبكەین بە چاكسازی، چونكە چاكسازی درەنگوەخت سودی نابێت، ئێستا بۆ نمونە، لەمیسر لە رۆژانی ئەو شۆڕشەی كە دەستیان پێكرد، كۆمەڵێك چاكسازییان كرد، بەڵام فایدەی نەبو، چونكە سیستمەكە گەیشتبوە حاڵەتی مردن، هەتا ئێوارە موغەزی بەرێو شریقەی لێبدە، بەناوی ئیسڵاحاتەوە، چاك نابێتەوە، چونكە لە تونسیش عەینی بابەت، وەخێتك كەوتنە چاكسازی كە ئیتر تازە تێپەڕی بو. لە وڵاتی ئێمە، هێشتا تێنەپەڕیوە، بەڵام ئەوەی من بیستومەتەوە، دەمێكە باسی ئەوە دەكرێت كە لەناو سەركردایەتی حیزبەكان كە چاكسازی بكرێت، بەڵام بەشێك لە دەسەڵاتدارانی ئەم حیزبانە، پێیانوایە كە ئەگەر چاكسازی بكەن لەناو كاروباری حكومەت و لەناو حیزبەكاندا، وەكو ئیتیحادی سۆڤیەتییان لێ بەسەردێت، وەكو گۆرباشۆفیان لێ بەسەربێت كە لەڕاستیدا ئەگەر واشیان لێ بەسەربێت، مەفروزە چاكسازیی بكەن، واته لەترسی ئەوەیە، نەوەك بڕوخێن، پێیانوایە كە هەمو چاكسازییەك سەرەتای لەدەستدانی دەسەڵاتە، لەبەرئەوە چاكسازی بۆ چەواشەكاركردنی خەڵك دەڵێن... دەڵێن بێعەدالەتی هەیە و گه‌نده‌ڵی هەیە و مەحسوبییەت هەیە و تەداخولی حیزب لەكاروباری حكومەت هەیە، ئێ باشە كە هەیە بڕو چاره‌سەری بكە، رێگەی گونجاو بدۆزەوە بۆ چارەسەركردنی، تەنیا ئیعترافكردن بەوە كافی نییە، ئیعترافكردن بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵكە.

KNN: بێجگە لە ئیعترافكردن، وەعدیش دەدەن كە چاكسازی دەكەن، رای ئێوە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هەر بۆ خەڵەتاندنی خەڵكە.

KNN: لەماوەی رابردودا، بەهۆی ئەو بەیاننامەیەوە، هێزێكی زۆرتان لەسەر كۆكرایەوە، گەیشتە ئەوەی دەبابەتان روبەڕو بكەنەوە، تا قەناستان روبەڕو بكەن، بە راست ئێوە ناترسن، یان بەدیوێكی تردا پشتتان بەچی قایمە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمە پشتمان بەخوای گەورە و بە میللەتەكەمان قایمە.

KNN: كە باس لە پاراستنی ئەزمونی هەرێمی كوردستان دەكرێت، یەكێتی و پارتی خۆیان دەكەن بەخاوەنی و شانازی ئەو خەباتەی كە لەرابردودا كراوە، پرسیارەكە ئەوەیە كە بەڕێزتان، یان بەشێكی زۆر، چ تۆ چ هاوڕێكانت، بەشداربون لەو خەباتە، ئێوە بۆ باسی ئەو شانازییە مێژوییە ناكەن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێمانوایە كە ئەوانەی باسی ئەوە دەكەن، بازرگانی پێوە دەكەن، ماوەیەكی زۆر بەسەر راپەڕیندا تێپەڕیوە، (20) ساڵ بەسەر راپەڕیندا تێپەڕیوە، ئەوانەی لە راپەڕیندا تەمەنیان (5) ساڵ بوە، ئێستا (25) ساڵن، ئەوانەی (1) ساڵ بو، ئێستا (21) ساڵن. جیلی دوای راپەڕین خەمەكانی جیاوازە لە ئێمە، خەمی گەنجانی ئێستا، ئەوەیە كە چۆن كاری دەستكەوێت، چۆن بەكەرامەتەوە بژی، چۆن بتوانێت خێزان پێكەوە بنێت، چۆن بتوانێت نەوایەكی هەبێت شەوی تیا بكاتەوە، چۆن سەرچاوەیەكی ژیانی هەبێت، ئەمە خەمی گەنجی ئێستایە، ئێمە بۆئەوەی كۆمەڵەكەمان بۆ پێشەوە بەرین، ناتوانین تۆ وەكو منداڵانی كابرایەكی دەوڵەمەند، بێئەوەی خۆت ئیشبكەیت و تەمەڵ و تەوەزل بیت و دائیمەن بڕۆیت لە سەروەت سامانەكەی باوك و بنەماڵەكەت بخۆیت، ئاخیرەكەی نابوت دەبیت، دەبێت هەمو رۆژێك شتێكی زیادە بخەیتە سەری بۆئەوەی ئەو سامانەی بۆیان جێهێشتوە كەڵەكە بێت، ئەمانە لەسەر رابردو دەژین، لەسەر میرات دەژیت، ئەمانە بەدرۆ لەسەر خوێنی شەهیدان دەژین، بەدرۆ لەسەر قوربانییەكانی پێشمەرگە دەژین، ئەمەیان كردوە بە وەسیلەیەك بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا، (20) ساڵ راپەڕین تێپەڕیوە، چەند ساڵ تێپەڕی بەسەر روخانی سەدام حوسێندا.
بێگومان، من شانازیی دەكەم بەو فەترەیەوە كە پێشمەرگە بوین لەگەڵ رەفیقەكانمدا و پێمانوایە، كە ئەم تەجروبەیەی ئێستا لە كوردستانی عێراق هەیە، بەشێكی، ئەگەر نەڵێم بەشی زۆری، بەشێكی گەورەی ئێمە دەستمان هەبوە لەهێنانە بەرهەمی، ئێمە هەمو تەمەنی گەنجی خۆمانمان لەشاخەكانی كوردستان بەسەر بردوە، لەپێشمەرگایه‌تیدا بەسەربردوە، بەشی زۆری رەفیقەكانمان شەهید بون، بەڵام ئێمە ناچین بیكەین بەمنەت بەسەر میللتەكەمانەوە و بڵێین، ئاوامان بۆ كردون و ناچین هەمو جارێك شتێك بێتە پێشەوە بازرگانی بكەین، ئەگینا منیش دەتوانم هەمو رۆژێك سەد منداڵی شەهید بهێنمە سەر تەلەفزیۆنەكەی خۆمان و قسەبكەن، دەتوانم سەد پێشمەرگە و فەرماندە ئەساسییەكانی پێشمەرگەی كوردستان كە وەختی خۆی دەستیان هەبوە لەهەڵگیرساندنەوەی شۆڕشدا لە پاش ئاشبەتاڵ، لە فەرماندە دێرین و گەورەكانی پێشمەرگە، رۆژانە بیانهێنینە سەر تەلەفزیۆن و گاڵتە بەوانە بكەن كە ئەو زەمانە لەو دیو سنورەوە و یان لەپانا حكومەتی عێراقیدا بون، بەڵام ئەمانە ئیشی ئێمە نییە، ئێمە بەرنامەكەمان، بۆ ئێستاو بۆ پاشەڕۆژ، رابردو بەو ئەندازەیەی كە تەجروبەی لێوەربگیرێت، رابردو بەو ئەندازەیەی كە خەڵك شانازیی بەسەروەرییەكانی بكات، رابردو بەو ئەندازەیەی لەلای خەڵك خۆش و شیرینە، نەك هەمو رۆژێك وەكو حیكایەت بۆی بگێڕیتەوە تا وەكو كابرا توشی مەلەل دەبێت و تەلەفزیۆنەكانی دابخات، ئەگینا بەڵێ رابردو بەشێكی گەورەی هی ئێمەیە، سەروەرییەكانی رابردو، بەشێكی ئێمە دروستمانكردوە.

KNN: یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی بەیاننامەكەتان، مەسەلەی مەنعی حیزبە لەكاروباری گشتیدا لە كۆمەڵگادا و بۆچونێك هەیە، تەنانەت لە میسر و تونیش دەستی حیزبی بوە ئەو حاڵەی دروستكردوە، رای بەڕێزت لەو بارەیەوە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بەڵێ، ئێمە زۆر جار باسی ئەوەمان كردوە، بەیاننامەكەی ئێمە، ئەو پێنج خاڵەی تیایەتی، پێنج خاڵیان وتنەوەی ئەو قسانەیە كە لە چەند ساڵی رابردو وتومانە، دوبارەكردنەوەی ئەو بەرنامەیەیە كە لەكاتی هەڵبژاردنەكدا بەڵێمان داوە بەدەنگدەرەكانی خۆمان، دو خاڵی تیایە كە مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانێكی تازەو بۆ حكومەتێکی تازە، ئەمەی نوێیە، ئەگینا ئەوانەی ترمان هەمو وتوەتەوە، یەكێك لەو بەڵایانەی كە گەندەڵی لە كوردستانی عێراق هێناوەتە بەرهەم، تەداخولی حیزبە، نەك هەر لەكاروباری حكومەتدا، تەداخولی حیزبە لە بازاڕ، لە زانكۆ، لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، لە كاروباری راگەیاندن، هەتا تەداخولی حیزبە لەكاروباری مزگەوتدا، ئەم تەداخولە بوە بە سەبەبی ئەوەی كە جۆرێك لەگەندەڵی سیستماتیكی بەرهەمهێناوە، هەر بۆیە بەرەنگاربونەوەی ئەمەش، نەخشەیەكی سیستماتیكی دەوێت بۆئەوەی چۆن بتوانیت رێگەی لێ بگریت، مەسەلەی تەسكییەی حیزبی هەندێكجار ئیعتراف دەكەن كە هەیە و هەندێكجار دەڵێن، نەخێر شتی وانییە، تەسكییەی حیزبی، یەكێكە لەوانەی كە لەخولی داهاتوی پەرلەماندا ئێمە پڕۆژەیەك تەقدیم دەكەین، ئەوەی بەرتیل دەخواو ئەوەی بەرتیل دەدا، هەردوكیان بە گوناهبار لەڕوی قانونییەوە حساب بن، داوا دەكەین پڕۆژەیەكی قانونی وا بخرێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی داهاتو جێبەجێی بكات، كە ئەویش ئەوەیە، هەر كەسێك تەسكییە بنوسێت و هەركەسێك قبوڵی بكات، توشی سزادانی قانونی بێتو سزایەكی بۆ دیاری بكرێت، بۆئەوەی جارێكی تر لەكۆڵ ئەمە ببینەوە، مەسەلەن ئەمە یەكێكە لە نیشانەكانی گەندەڵی، یەكێكە لە نیشانەكانی تەداخولی حیزبی لەكاروباری حكومەتدا، تۆ ئەگەر حیزبی نەبیت، ناتوانیت هیچ پۆستێك لە پۆستە گرنگەكانی كوردستانی عێراق وەربگریت، بێگومان نەك هەر پۆستە گرنكەكان، ناتوانیت پۆستە نیمچە گرنكەكانیش وەربگریت، ناتوانیت ببیت بە مودیری ناحیەیەك، ناتوانیت ببیت بە قایمقام، ناتوانیت ببیت بە سه‌رۆکی شاره‌وانی، ناتوانیت ببیت بە سه‌رۆکی زانکۆ، ئەمە یەكێكە لەو شتانەی كە وەخێتك ئێوە باسی مەنعی حیزبی دەكەن لە كاروباری گشتی، ئێمە مەنعی حیزبایەتی ناكەین، ئێمە خۆمان حیزبین و خۆمان پێمانوایە حیزب كۆڵەكەی ئەساسی ژیانی دیموكراسییە، بەڵام سیستمی تاكحیزبی و دروستكردنی حكومەتی حیزب، ئەمە حكومەتی حیزبە، ئەمە دەوڵەتی نەتەوە نییە، ئێمە دەمانەوێت حكومەتی نەتەوە  و دەوڵەتی نەتەوە دروستبێت، ئەمانە حكومەتی حیزبی دروستده‌كەن و دەوڵەتی حیزبی دروستدەكەن.

KNN: قسەیەك هەیە كە نییەتی پشت بەیاننامەكەی ئێوە، بریتی بوە لەتێكدان و لە كودەتاو لەو چوارچێوەیەشدا، داوادەكەن كە پێویستە ئێوە داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان بكەن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئەگەر داوای لێبوردن بێت، من پێموایە دەبێت ئەوان بێن و ئیعتزار بهێننەوە بۆ گەلی كوردستان، چونكە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ و پەژارەو ترسیان خستە ناو بازاڕ و ناو خەڵك، پێویستە ئیعتزار بهێننەوە بۆ هێزی پێشمەرگە، لەبەرئەوەی جارێكی خەریك بو سومعەی هێزی پێشمەرگە بشكێنن و تێوەی بگلێنن لە شەڕێكی ناوخۆدا، پێویستە ئیعتزار بهێننەوە بۆ بزوتنەوی گۆڕان، چونكە تۆمەتی ناڕەوا و جنێویان داوە بە بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوان دەبێت ئیعتزار بهێننەوە.

KNN: قسەیەك هەیە كە ئێوە بەتەمای خۆپیشاندان بون؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئەوە درۆیە، ئەگەر ئێمە خۆپیشاندان بكەین، ئێمە ئێستا خۆمان رێكخستوە لەهەمو شارەكاندا سەدان كەسمان رێكخستوە، خۆپیشاندان سازدانی جەماوەری دەوێت، خۆپیشاندان دەیەوێت خەڵك كۆڵان بەكۆڵان، دوكان و بەدوكان، دائیرە بە دائیرەو ماڵ بە ماڵ بگەڕێت بۆئەوەی خەڵك كۆبكرێتەوە لەسەر جادەكان، ئێمە شتی وامان نەكردوە، ئەوانەی كە باسی كودەتا دەكەن، بەڕاستی جارێكی دیكەش باسمكرد، ئەمانە فكریی سیاسییان زۆر موتەخەلیفە، عەقڵیەتی سیاسییان دواكەتوە، عیملی سیاسەت نازانن، ئینقیلاب چۆن بە هێزێك دەكرێت كە هێزی چەكداری نەبێت، لە وڵاتێكدا چۆن ئینقیلاب دەكرێت كە هێزەكانی تر هەمو حیزبین و هەر موئەسەی عەسكەری تێدا نییە تا بەهۆی موئەسەی عەسكەرییەوە ئینقیلاب بكەن، خۆمان هێزمان نییە، ئینقیلابی پێبكەین، ئینقیلاب تەعریفێكی دیاریكراوی هەیە لە عیلمی سیاسییدا، خۆپیشاندان جیایە، راپەڕین جیایە، ئیعتسام جیاوازە، مانگرتن جیاوازە و هەر یەكە تەعریفی خۆی هەیە، بەڵام ئەو بەدرۆ دەڵێ كودەتایە، كودەتای چی...

KNN: دوای ئەم قەیرانە، یان وەك خۆت وتت، دوای ئەم تەنگژەیە، ئاسۆكانی چارەسەر چۆن دەبینن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئاسۆكانی چارەسەر، بەشێكی بە دەست دەسەڵاتە و بەدەست حیزبەكانی دەسەڵاتە، كە دەڵێم دەسەڵات، بەڕاستی من پێم سەیرە كە زۆرجار باسی ئەوە دەكەن هیچ وەزیرێكیان نەهێناوە بیدەن بەدادگا لەسەر گەندەڵی، ئێ گەندەڵی ئەسڵەن لە سەركردایەتی حیزبەكاندایە، بۆ باسی سەركردایەتی حیزبەكان ناكەن و وەزیری قوڕ بەسەر چی بكات، هەندێك لە وەزیرەكان بەڕاستی ئینسانی زۆر زۆر باشو رێكوپێكن.
 چی بكرێت، لەڕاستیدا ئەوە كەوتوەتە سەر ئەوەی كە یەكێتی و پارتی بڕیاریان داوە چی بكەن، ئەگەر دەرگای گفتوگۆ بكەنەوە بۆئەوەی سەرلەنوێ جارێكی تر گفتوگۆی دەستور بكرێت، سەرلەنوێ گفتوگۆی ئەو قانونە خراپانە بكرێت كە تەجروبەی تونس دوبارە ناكاتەوە.

KNN: واته ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی خۆتان، وەكو نەخشەی رێگەیە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بەڵێ، ئێمە سورین لەسەر بەیاننامەكە و دەرگای گفتوگۆ بكرێتەوە بۆئەوەی چۆن چارەسەری گەندەڵی و تەداخولی حیزب و مەسەلەی عەدالەتی ئیجتماعی و مەسەلەی شەفافییەتی میزانییە و هەمو ئەو مەسەلانەی كە لەبەیاننامەكە باسمانكردون، گفتوگۆی بكەین و بەیانەكەی ئێمە بەیانێكی ئیستیباقییە، بەیانێكە پێشتر هۆشیاریی داوە بە كۆمەڵێك لەو حیزبانە كە دەڵێن، پێش ئەوەی گەردەلولەكە بێتە كوردستان، با دانیشین و چارەسەری بكەین.

KNN: بەوپێیەی كە خۆتان فراكسیۆنێكی (25) كەسیتان هەیە لە پەرلەمان، مەسەلەی تەفعیلی پەرلەمان كە لە بەیاننامەكەتاندا هاتوە، تا چەند مەبەستە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئەو پەرلەمانەی ئێستا هەیە، بڕواناكەم بەو تەركیبەوە بتوانێت تەفعیل بكرێت، ئومێدم وایە، تەفیعیل بێت.

KNN: لەماوەی رابردوداو پێشئەوەی بزوتنەوەكەی ئێوە دروستببێت، خەڵك بۆخواستی جیاجیا رژاوەتە سەر شەقامەكان، سەبارەت بەخواستەكانی خەڵك لەئێستادا، لەچەند ئاستێكدا دەبینرێت، رات چییە؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئاستی خەڵك، پێموایە ئاستی داواكارییەكان گواستراوەتەوە، لە مەسەلەی زێراب و كارەبا و ئاو گۆڕاوە بۆ مەسەلەی ئیسڵاحی سیاسی و ئیسڵاحی ئیداریی و ئومێدم وایە لەو حەدەدا بوەستێت، چونكە ئەگەر وانەبێت، گەشەدەكات بۆ داواكاری گۆڕینی بنەڕەتی، وەكو باسمكرد، ئەو گەردەلولە بەڕێكا، خەڵك داوا دەكات، ئازادی هەبێت، داوا دەكات حكومەتێكی باشی هەبێت، داوا دەكات پەرلەمانێكی باشی هەبێت، محاسەبەی ئەوانە بكرێت كە كەموكوڕییان هەیە، عەدالەتی ئیجتیماعی جێبەجێ بكرێت و ئەمانە هەموی كاری ئاسانن، كارێك نین كە بڵێن ئەمانە موستەحیلن.

KNN: لەم بەرنامەیەدا، باسمان لەكۆمەڵێك تەوەری زۆر كرد، بەتایبەت ئەو دەرس و پەندانەی چ لە تونس و چ لە میسر و هەرێمی كوردستان وەرمانگرتون، دوا قسەتان لەم بەرنامەیدا چی دەبێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من حەزدەكەم لەدوا قسەی خۆمدا، چیرۆكێكی فۆلكلۆری بگێڕمەوە، لەناو كورددا وا باوە و دەڵێن، مەلائیكەی گیانكێشان ناوی ئیزرائیلە، كابرایەك ئیزرائیل دۆستی دەبێت و پێی دەڵێت، تكات لێدەكەم، هەر وەختێك ویستت گیانم بكێشیت، پێشتر ئاگادارم بكە، لەپاش فەترەیەك، دەچێتە لای بۆئەوه‌ی گیانی بكێشێت و دەڵێت، من و تۆ واڕێكەوتین كە پێشتر ئاگادارم بكەیت، ئەویش دەڵێت، پێشتر ئاگادارم كردویت، دەڵێت چۆن، دەڵێت گیانی یەكێکم لەلای چەپەوە كێشا كە دراوسێت بو، لەلای راستیشەوە گیانی دراوسێیەكی تۆم كێشا، دەبوایە بزانیت كە گیانكێشان، سەرەكەی گەیشتوەتە سەر تۆ.
من ئومێدم وایە، تونس و میسر بوبێتە دەرسێكی گەورە بۆ سەركردەكانی كورد، پێشئەوەی ئیزارئیل بێت، ئەوان خۆیان عیلاجێكی وەزعەكە بكەن.


هەواڵی زیاتر