نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌زمونی حیزبی له‌هه‌رێمی كوردستاندا كه‌وتوه‌ته به‌ر مه‌ترسی
19/05/2020
دیمانە
سازدانی: هوشیار عه‌بدوڵا
Wednesday, March 16, 2011
له به‌رنامه‌ی روبه‌ڕودا نه‌وشیروان مسته‌فا باس له روداوه سیاسییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، هاوكات پێیوایه ئه‌زمونی حیزبی له هه‌رێمی كوردستان له مه‌ترسیدایه و ده‌ڵێت: "له‌راستیدا ئه‌زمونی حیزبی كه‌وتوه‌ته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌زمونی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كه‌وتوه‌ته مه‌ترسییه‌وه ئه‌گینا ئه‌زمونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی به‌رده‌وامه و ده‌ڕوات".
KNN: زۆر جار له به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌خنه و ناڕه‌زاییانه‌ی كه ئێوه له حیزبه باڵاده‌سته‌كانی ده‌گرن، باس له‌وه ده‌كرێ كه ئێستا كاتی ئه‌وه نیه دۆخی ناوخۆیی كه‌رت بكرێت، زۆرجاریش ئێوه تاوانبار ده‌كرێن به‌وه‌ی كه ئێوه ئه‌زمونی هه‌رێم ده‌خه‌نه‌به‌ر مه‌ترسییه‌وه، ئایا به‌ڕاستی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر مه‌ترسیدایه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: قسه‌یه‌كی به‌ناوبانگ هه‌یه ده‌ڵێت: ئه‌ی ئازادی چه‌ند تاوان به ناوی تۆوه كراوه؟، ئه‌ی دیموكراسی چه‌ند تاوان به‌ناوی تۆوه كراوه؟، من شتێكی تری بۆ زیاد ده‌كه‌م و ده‌ڵێم ئه‌ی ئه‌زمونی ساوای كوردستان چه‌ند قه‌باحه‌ت به‌ناوی تۆوه كراوه؟، له‌ڕاستیدا من پێشنیار ده‌كه‌م ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه (ئه‌زمونی ساوا) له فه‌رهه‌نگی كوردی شاربه‌ده‌ر بكرێت، چونكه مه‌عقول نیه له‌پاش 20 ساڵ له دامه‌زراندنی داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم باسی ئه‌وه بكرێت كه ئه‌زمونه‌كه‌مان ساوایه و هه‌رچی قسه‌یه‌ك بكرێت راسته‌وخۆ بوترێت ئه‌زمونه‌كه ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌ترسییه‌وه، له‌پاش 20 ساڵ كه‌سێك ئه‌گه‌ر ساوا بێت مانای وایه عه‌قڵی دواكه‌وتوه و مه‌نگۆلییه و پێویستی به‌وه هه‌یه بینێریت بۆ فه‌رمانگه‌ی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی یان بیخه‌یته نه‌خۆشخانه‌وه، ئه‌زمونیش ئه‌وه‌ندی من بزانم بڕۆ له مامۆستای فیزیا و كیمیا و بیركاری و زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بپرسه، جارێك، دوجار، سێ‌جار شتێك ئیختیبار ده‌كه‌ن یان ته‌جروبه‌ی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتو بو ئیتر ده‌یكه‌ین به قاعیده یان به قانون و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر شكستیشی هێنا، ئه‌وا ئیتر وازی لێ ده‌هێنن، ئه‌زمونی 20 ساڵی رابردوی كوردستانی عێراق ئه‌گه‌ر ئێمه له‌سه‌ر چه‌ندین ئاستی جیاجیا ته‌ماشای بكه‌ین، ده‌بینین به‌ڵی ئه‌زمونی سیاسی، ئه‌زمونی قانونی، ئه‌زمونی ده‌ستوی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زمونه ئێستا خاوه‌نی شتێكه پێی ده‌وترێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له ئه‌زمون ده‌رچوه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕوی ده‌ستورییه‌وه حكومه‌تی عێراق ئیعتیرافی پێكردوه و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و زلهێزه‌كانی دنیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و له‌چه‌ندین جێگه‌ی دنیا حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی هه‌یه و خۆشی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی هه‌یه و له هه‌مان كاتدا چه‌ندین وه‌زاره‌تی هه‌یه به‌جۆرێك كه وه‌زاره‌تی وای هه‌یه به‌ره‌وژوری سه‌د هه‌زار كارمه‌ندی تیایه، ئیتر باسكردن له‌وه‌ی كه ئه‌م ئه‌زمونه ئه‌زمونی ساوایه و ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، له‌راستیدا ئه‌زمونی حیزبی كه‌وتوه‌ته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌زمونی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كه‌وتوه‌ته مه‌ترسییه‌وه ئه‌گینا ئه‌زمونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی به‌رده‌وامه و ده‌ڕوات، ئه‌و مه‌ترسییانه له‌سه‌ریه‌تی، هه‌ندێك مه‌ترسیی وه‌همین و هه‌ندێكی راسته‌قینه‌ن و ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌وه‌ی شكستی خواردوه، ئه‌زمونی حیزبه سیاسیه‌كانه له‌ڕوی شاردنه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان و شاردنه‌وه‌ی بودجه و ئه‌زمونی به‌حیزبیكردنی كۆمه‌ڵ و ئه‌زمونی حیزبی شمولی و تاكحیزبی و رێككه‌وتن و گرێبه‌ستی ژێربه‌ژێر، ئه‌مانه هه‌موی شكستی خواردوه و هه‌مویان له مه‌ترسیدان، وه‌ختێك ئه‌وان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌زمونه‌كه‌مان له‌مه‌ترسیدایه، به‌ڵی ئه‌زمونی به‌كارهێنانی چه‌ك بۆ به‌لاداخستنی ململانێی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی حیزبێك به‌كاری بهێنێت له‌دژی حیزبێكی تر یان حیزبێك یان ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك به‌كاری بهێنێت، ئه‌م ئه‌زمونه له مه‌ترسیدایه چونكه ئیتر نابێت دوباره ببێته‌وه، نابێت كه‌س هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایش و هێزی چه‌كدار له ململانێی سیاسی و كێبڕكێی سیاسی نێوان حیزبه‌كاندا به‌كارهێنێت، ئه‌م ئه‌زمونه كاتی خۆی بو به‌هۆی به‌رپاكردنی شه‌ڕی براكوژی، له‌به‌رئه‌وه شكستی هێناوه، ئه‌زمونی شاردنه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ی كه له به‌غداوه دێت و ئه‌وه‌ی كه له كوردستاندا كۆده‌كرێته‌وه چ له‌رێگه‌ی نه‌وته‌وه چ له رێگه‌ی گومرگه‌وه چ له رێگه‌ی داهاتی ناوخۆوه، ئیتر ئه‌زمونی شاردنه‌وه‌ی بودجه و داهاتی هه‌رێمی كوردستان له مه‌ترسیدایه، چونكه خه‌ریكه ئاشكرا ده‌بێت كه بوه به‌هۆی دروستبونی گه‌نده‌ڵی له كوردستانی عێراقدا، ئه‌زمونی ده‌ستێوه‌ردانی حیزب له جومگه‌كانی ژیاندا، له‌زانكۆكاندا، له مزگه‌وته‌كاندا، له بازاڕه‌كاندا، له داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا، له ئاسایش‌دا، له پێشمه‌رگه‌دا، به‌ڵێ ئه‌مه له مه‌ترسیدایه، چونكه خه‌ریكه شكست ده‌خوات، ئه‌زمونی دروستكردنی ئاسایشی حیزبی و ده‌وڵه‌تی حیزبی له مه‌ترسیدایه، ئه‌زمونه‌كه‌ی ئه‌وان له مه‌ترسیدایه، ئه‌زمونه‌كه‌ی ئێمه له مه‌ترسیدا نیه.
KNN: به‌ڵام له‌ڕوی راگه‌یاندنه‌وه به‌رده‌وام ئه‌وان له راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م ئه‌زمونه ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان ده‌بێت وابڵێن چونكه ئه‌زمونی میدیای حیزبیش شكستی خواردوه، ره‌نگه گله‌یی له ئێمه‌ش بكه‌ن بڵێن ئێوه‌ش میدیای حیزبیتان هه‌یه به‌ڵی ئێمه‌ش هه‌مانه، له وڵاتێكدا كه میدیای سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت و هه‌ر حیزبێك به‌ئاره‌زوی خۆی به پاره‌ی حكومه‌ت، به‌پاره‌ی میلله‌ت، به‌پاره‌ی ده‌وڵه‌ت بڕوات میدیا بۆ خۆی دابمه‌زرێنێت، به‌ڵی ئه‌زمونی میدیای حیزبیش كه بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر پاره و له‌سه‌ر درۆ بنیاتنراوه، ئه‌ویش شكستی خواردوه و بێگومان ئه‌ویش له مه‌ترسیدایه كه ئه‌مساڵ بێت یان هه‌ر ساڵێكی تر بێت له داهاتودا كۆتایی پێ دێت، له‌به‌رئه‌وه فیعله‌ن ئه‌وانه هه‌قیانه بڵێن ئه‌زمونه‌كه‌مان له مه‌ترسیدایه، ئه‌زمونی حیزبیی ئه‌وان له مه‌ترسیدایه.
KNN: جیاوازی له‌نێوان راگه‌یاندنی ئێوه و راگه‌یاندنی ئه‌وان چییه؟، به‌تایبه‌ت له مه‌سه‌له‌ی پشتگیریكردنی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ شاردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه پێشتر خۆت ناوت لێناوه و سێ چه‌مكت به‌كارهێناوه (گێلاندن و تاریكاندن و دێواندن)، له چ شتێك‌دا جیاوازی هه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: عاده‌ته‌ن حیزبه شمولییه‌كان و حیزبه تۆتالیتاره‌كانی دنیا یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانیان مه‌سه‌له‌ی بایه‌خدانه به‌كاروباری رۆشنبیری، له‌ناو رۆشنبیریشدا بایه‌خدانه به‌كاری راگه‌یاندن و كاروباری میدیا، هه‌مو حیزبه شمولییه‌كان له دنیادا چ حیزبه كۆمۆنیسته‌كان، چ حیزبه نازی و فاشییه‌كان، حیزبه ئیسلامییه‌كانی تریش كه ئێستا ورده ورده له هه‌ندێ جێگادا حوكمیان گرتوه‌ته ده‌ست، یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی كاركردنیان بریتییه له دروستكردنی میدیایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان، ئه‌م میدیایه چۆن كارده‌كات؟ من كاتی خۆی له وتارێكدا نوسیوه، یه‌كه‌م كاری ئه‌م میدیایه له‌باتی ئه‌وه‌ی كه راستی بگه‌یه‌نن به‌خه‌ڵك، چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكه كه من ناوم ناوه گه‌وجاندن، واتا خه‌ڵك گه‌وج ده‌كه‌ن و وای لێده‌كه‌ن كه راستییان لێ بشاردرێته‌وه و ئاگای له هیچ نه‌مێنێت، تاریكاندن، واتا كاتێك كۆبونه‌وه ده‌كرێت كه‌س نازانێت باسی چی ده‌كه‌ن، شه‌ڕ ده‌بێت ده‌یشارنه‌وه، كه ئه‌مه تاریكاندنه، هاوكات دێواندنی سه‌ركرده‌كان، ئه‌مه‌ش له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێه‌وه كه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر راپه‌ڕین فڵان كه‌س نه‌بوایه هه‌رگیز نه‌ده‌بو، ئه‌گه‌ر فڵان و فیسار كه‌س نه‌بوایه هه‌رگیز ئه‌زمونی دیموكراتی له كوردستاندا نه‌ده‌بو، ئه‌گه‌ر فڵان نه‌بوایه هه‌ڵبژاردن نه‌ده‌كرا و په‌رله‌مان دروست نه‌ده‌كرا، ئه‌گه‌ر فڵان كه‌س نه‌بوایه ئه‌مه‌ریكا نه‌ده‌هات بۆ كوردستان و ئێران كوردستانی داگیر ده‌كرد و تورك ده‌هات كوردستانی عێراقی خاكی به توره‌كه ده‌بێژا، واته دێوان و تاریكاندن و گه‌وجاندن ئه‌مانه له چوارچێوه‌ی كاره سه‌ره‌كییه‌كانی میدیای حیزبییه كه پێموایه ئه‌ویش وه‌كو ئه‌زمونێك له‌مه‌ترسیدایه.
KNN: حیزبه باڵاده‌سته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وان به زۆرینه حكوم ده‌كه‌ن و ئێوه‌ش كه‌مینه‌ن، ئێوه ده‌تانه‌وێت به‌زۆر شتیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دو لایه‌نی هه‌یه، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك ئاماژه‌ی خراپ له چه‌ند مانگی رابردودا ئێمه به‌دیمان كرد، كه له ساڵانی رابردوشدا به‌دیمان كردبو، حیزبه‌كه‌ی حوسنی موباره‌ك كاتی خۆی به ئینقیلابی سه‌ربازی نه‌چوه‌ته سه‌ر حوكم و حوسنی موباره‌ك خۆی یه‌كێك بوه له‌وانه‌ی به‌شدار بوه له شه‌ڕه‌كانی دژ به ئیسرائیلی و فڕۆكه‌وان بوه، بن عه‌لیش به هه‌مان شێوه یه‌كێك بوه له رزگاركه‌ره‌كانی تونس، ئه‌مانه هه‌ردوكیان له هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌دا هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، هه‌ردوكیان زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیان هه‌بو، به‌و زۆرینه‌یه‌ی كه له په‌رله‌ماندا هه‌یانبو، سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌یان گۆڕی و توانییان ده‌ستورێك دابنێن كه ته‌ئمینی مانه‌وه‌ی خۆیان له ده‌سه‌ڵاتدا بكات بۆ خۆیان كوڕه‌كانیان، بۆ خۆیان و حیزبه‌كانیان، به‌و زۆرینه‌یه‌ی كه له په‌رله‌ماندا هه‌یانبو توانییان سه‌یته‌ره بكه‌ن به‌سه‌ر ده‌زگای ئاسایش و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و میدیا و زانكۆ و هه‌مو جومگه‌كانی ژیان له‌و وڵاته‌دا، هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌وه كارێكی وایان كرد سیسته‌مێكیان دروستكرد كه ئه‌و سیسته‌مه به‌چاوی خۆمان بینیمان پێش ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ره‌سی هێنا، كاتی خۆی ئێمه كه به‌یاننامه 7 خاڵییه‌كه‌مان بڵاو كرده‌وه، له راستیدا ئه‌مه جۆرێك له ئیستیباق بو بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئه‌وان كه ئه‌م ته‌جروبه‌یه له جیهاندا شكستی هێناوه، ته‌جروبه‌ی تاكحیزبی و ته‌جروبه‌ی ئه‌و جۆره زۆرینه‌یه‌ی كه خۆی ده‌سه‌پێنێت و سیسته‌می سیاسی وڵاتێك، عاده‌ته‌ن ده‌ستور بریتییه له په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان هاوڵاتیاندا، ناكرێت تۆ به زۆرینه بیسه‌پێنیت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا، هه‌ندێك یاسا هه‌یه بۆ نمونه یاسای هه‌ڵبژاردن یان ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به ئاسایشی نیشتمانییه‌وه هه‌یه، ئه یاسایانه‌ی كه په‌یوه‌ندی به پاشه‌ڕۆژی داهاتو و نه‌وه‌ی داهاتوه‌وه هه‌یه، ئه‌م یاسانه عاده‌ته‌ن به‌جۆرێك داده‌ڕێژرێت كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك پێی ره‌زامه‌ند بێت و كه‌مترین رێژه‌ی خه‌ڵك پێی ناڕازی بێت، به‌جۆرێك كه ئه‌و یاسایه نه‌ك له‌پاش 4 ساڵ پێویستی به گۆڕین بێت جاری وایه له‌پاش 30 ساڵیش پێویستی به ده‌ستكاریكردن نیه، ئه‌مانه به زۆرینه‌یه‌ك كه مه‌علوم نیه ئایا ئه‌و زۆرینه‌یه به نه‌زاهه‌ت هێنابێتیان، هه‌مومان ده‌زانین كه به چ رێگایه‌ك ئه‌و زۆرینه‌یه‌یان به‌ده‌ستهێناوه، هه‌مومان ده‌زانین ئه‌وان چۆن توانیویانه هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، حاڵی حازر ئێمه ناتوانین له دهۆك ئیش بكه‌ین، ناتوانین له هه‌ولێر ئیش بكه‌ین، له هه‌ولێر مۆڵه‌ت ناده‌ن به ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێكی هێمنانه، له كوێ باسی هه‌ڵبژاردنی بێخه‌وش ده‌كرێت تاوه‌كو باسی زۆرینه بكرێت، ئه‌م زۆرینه‌یه‌ی كه ئه‌وان ناویان ناوه، مه‌علومه چۆنه، ئێمه رێزی ئه‌و زۆرینه‌یه‌مان گرتوه له په‌رله‌ماندا تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی ئه‌وان هێناویانه، په‌یوه‌ندی هه‌بوه به ژیانی رۆژانه و شتی كورتخایه‌نه‌وه، ئێمه هه‌مویمان قبوڵ كردوه و له هیچیان ره‌خنه‌مان نه‌گرتوه و ئه‌سڵه‌ن به‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری خۆمانمان نه‌وتوه كه ره‌خنه بگرێت یان ره‌زامه‌ند بێت له یاساكان و ویژدانی خۆیمان كردوه به سه‌رپشك و وتومانه چی به چاك ده‌زانن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ته‌كه‌مان بیكه‌ن، به‌ڵام وه‌ختێك ئه‌و قانونێك ده‌هێنێت كه په‌یوه‌ندیی به خۆپیشاندانه‌وه هه‌یه مه‌نعی خۆپیشاندان ده‌كات و ده‌ریش كه‌وت كه یاساكه بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی خۆپیشاندن بو بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی خۆپیشاندان نه‌بو به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی كه له هه‌ولێر چه‌ندینجار خه‌ڵك داوای كردوه بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی خۆپیشاندان ئه‌نجام وه‌ربگرن به‌ڵام رێگایان به كه‌س نه‌داوه، وه‌ختێك قانونێك ده‌هێنێت بۆ خۆپیشاندان، قانونێك ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له كوردستاندا مۆنۆپۆل و قۆرخ بكات بۆ خۆی، وه‌ختێك قانونێك ده‌هێنێت له‌سه‌ر ده‌زگای ئاسایش و ئه‌و ده‌زگایه وا لێده‌كات كه تاهه‌تایه ببێت به ده‌زگایه‌كی سه‌ركوتكه‌ر به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه، وه‌ختێك قانونێك ده‌هێنێت بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه به عه‌قڵی خۆی دایڕشتوه یان وه‌ختێك ده‌ستورێكی له‌و بابه‌ته ده‌هێنێت، بێگومان ئه‌م زۆرینه‌یه ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه، حاڵی حازریش جارێكی كه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی له‌و بابه‌ته بكرێت كه ساڵی رابردو كراوه، بێگومان ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه، زۆرینه‌یه‌كی وا ناتوانێت سیسته‌می سیاسی له وڵاتێكدا دابنێت كه گره‌نتی ئاسوده‌یی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بكات له ئاینده‌یه‌كی دور و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا.
KNN: كه‌واته مه‌ترسیی ئێوه له یاسای خۆپیشاندان یان كه ناوتان نابو یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی خۆپیشاندان به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه له هه‌ولێر قه‌ده‌غه ده‌كرێت، له‌جێی خۆیدا بو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵی بێگومان، ئه‌وه سه‌لماندی كه ئه‌و مه‌ترسیه‌ی كاتی خۆی ئێمه و هاوڕێكانی ئێمه له په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌یانبو، خه‌ڵكیش له شه‌قام بۆی هاته سه‌ر شه‌قام و دژی یاساكه راوه‌ستان، مۆڵه‌ت وه‌رگرتن به‌مانای قه‌ده‌غه‌كردنی خۆپیشاندان بو، ته‌نیا ره‌نگه مۆڵه‌تیان بده‌نێ له‌و كاتانه‌ی كه وه‌كو زه‌مانی پێش‌و خه‌ڵك كۆبكه‌یته‌وه بۆ پشتیوانیكردن له حكومه‌ت، بۆ پشتیوانیكردن له حیزبی ده‌سه‌ڵات، بۆ پشتیوانیكردن له سه‌ركرده‌كانی وڵات.
KNN: گله‌یی ئه‌وه‌تان لێ ده‌كرێت كه ئێوه كێشه‌كان ده‌به‌نه به‌غدا و بێگانه‌مان پێ خۆش ده‌كه‌ن یاخود بێگانه به كورد خۆش ده‌كه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: یه‌كه‌م لایه‌ن كه كێشه‌كانی برده به‌غدا ئه‌وان بون، ئه‌وان بون كه نه‌یانهێشت ئێمه به‌پێی ئیستحقاقی ئینتیخابی له حكومه‌تی عێراقدا وه‌زاره‌ت وه‌ربگرین له كاتێكدا كه ئێمه مافی ئه‌وه‌مان هه‌بو دو وه‌زاره‌تمان پێ بدرێت، ئه‌وان كێشه‌كانیان برده به‌غدا و وتیان نابێ وه‌زاره‌تیان بدرێتێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه هه‌میشه باسی ئه‌وه‌مان كردوه كه ئه‌و كێشانه‌ی له كوردستاندا هه‌یه با له كوردستان چاره‌سه‌ری بكه‌ین، كاتی خۆشی ئه‌وه‌مان پێ وتون، به‌ڵام كێشه‌یه‌ك كه ئه‌وان ئاماده نه‌بن له كوردستان چاره‌سه‌ری بكه‌ین ئێمه‌ش ده‌یبه‌ینه به‌غدا كه سه‌رۆكه‌كه‌ی كورده و چه‌ندین وه‌زیری كوردی تێدایه و له دادگای ئیتیحادیدا چه‌ندین نوێنه‌ری حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی تێدایه، په‌رله‌مان كه ژماره‌یه‌كی زۆر نوێنه‌ری ئه‌وانی تیایه و سه‌رۆكه‌كه‌ی به ده‌نگی ئه‌وان بو به سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هه‌ر ئه‌وانیش بون كه یه‌كه‌مجار كێشه‌ی كوردستانیان برده به‌غدا و یه‌كڕیزی كوردستانیان تێكدا، ئێستا ئه‌وان گله‌یی چی له ئێمه ده‌كه‌ن، ئێمه ته‌نها به‌رگریمان له مافه‌كانی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان كردوه، هه‌ركاتێك مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هاته پێشه‌وه كه په‌یوه‌ندی به چاره‌نوسی میلله‌ته‌كه‌مانه‌وه هه‌بێت بێگومان ئێمه ره‌نگه پێشنیاری بكه‌ین ئیتر نازانین ئه‌وان پشتیوانیمان ده‌كه‌ن یان نا له هه‌مان كاتدا هه‌ر كاتێك ئه‌وان پێشنیاریان كرد ئێمه پشتیوانی لێده‌كه‌ین.
KNN: یه‌كێك له‌و باسانه‌ی تر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته كه ئێوه له به‌یاننامه 7 خاڵییه‌كه‌دا هێناتانه كایه‌وه، ئێستا باس له‌وه ده‌كرێت ئێوه ترستان له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت هه‌یه، بۆچی؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌راستیدا من له‌گه‌ڵ وشه‌ی ترس‌دا نیم به‌ڵكو نیگه‌رانیمان هه‌یه، له‌راستیدا ئێمه ئێستاش پێمان باشه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی پێوه‌خت موسته‌لزه‌ماتی هه‌یه، له حاڵه‌تێكی وه‌كو ئێستادا كه به‌م شێوازه ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌ولێر و دهۆكدا گرتوه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت چ مانایه‌كی هه‌یه؟ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌شێكه له پاكێجێك، له‌پێش هه‌مو شتێك‌دا گرنگترین شت ئه‌وه‌یه كه هێزه ئه‌منییه‌كانی وه‌كو ئاسایش و پێشمه‌رگه و دژه‌تیرۆر بێلایه‌ن بكرێن له‌و كێبڕكێ سیاسیه‌ی كه ده‌كه‌وێته نێوان حیزبه سیاسییه‌كانه‌وه،ئه‌مانه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان نه‌بێت ده‌ست وه‌ربده‌نه كاروباری هه‌ڵبژاردن و ببن به لایه‌ن و لایه‌نگری لایه‌نێك بكه‌ن له‌دژی لایه‌نێكی تر، له‌لایه‌ن ئێمه‌شه‌وه من ده‌مه‌وێت ئه‌و كه‌سانه‌ی گاڵته به وه‌زیزی بێلایه‌ن ده‌كه‌ن، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌یانه بیر بخه‌مه‌وه پێش چه‌ند رۆژێك له توركیا كه بڕیاریان داوه هه‌ڵبژاردنی گشتی بكرێته‌وه، سێ وه‌زیر له‌وانه‌ی كه له پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدارن، هه‌رسێكیان به ئاره‌زوی خۆیان وازیان له پۆسته‌كانیان هێنا و سێ وه‌زیری بێلایه‌نیان دانا كه یه‌كێكیان وه‌زیری ناوخۆیه و یه‌كێكیان وه‌زیری داده و ئه‌وی تریشیان وه‌زیری گه‌یاندنه، ئه‌م سێ وه‌زیره بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن دروست نه‌كه‌ن هاتن سێ وه‌زیری بێلایه‌نیان دانا، كه‌واته ئێمه مافی سروشتی خۆمانه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی بێخه‌وش بكرێت لایه‌نی كه‌می نه‌زاهه‌ت له هه‌ڵبژاردندا ده‌سته‌به‌ر بكرێت، مافی خۆمانه داوا بكه‌ین چاوبخشێنرێته‌وه به كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردندا، چاو بخشێنرێته‌وه به‌وانه‌ی كه له مه‌كته‌به‌كاندا داده‌نرێن به به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كان، هێزی پێشمه‌رگه و هێزی ئاسایش بێلایه‌ن بكرێن له هه‌ڵبژاردندا، ئه‌و كاته ئێمه پێشوازی ده‌كه‌ین له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و زۆریشمان پێ خۆش ده‌بێت.
KNN: زۆر باس له‌وه ده‌كرێت له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ئه‌وه‌ی كه خۆت ناوت ناوه دراو، زۆر كاریگه‌یی هه‌یه بۆ زۆر حاڵه‌ت، مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ی حیزبه‌كان تاچه‌ند یه‌كێكی تره له‌و پێشمه‌رجانه‌ی كه ئێوه بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌چنه ناوی؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من حه‌زم نه‌ده‌كرد بچینه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پاره چونكه ره‌نگه هه‌ندێك جار وا باس بكه‌ن كه ئێمه شه‌ڕه‌كه‌مان هه‌موی له‌سه‌ر پاره‌یه، له بودجه‌ی رابردودا 90 ملیار دیناریان داناوه بۆ بودجه‌ی حیزبه‌كان، به‌شی زۆری حیزبه‌كان كه باسی ده‌كه‌ن یه‌كێتی و پارتییه ئه‌و 92 ملیار دیناره‌یان به كاملی خواردوه و هی تریشیان خستوه‌ته سه‌ری، ئێمه له مانگی 6ی ساڵی رابردوه‌وه مانگی 500 هه‌زار دۆلارمان ده‌ده‌نێ، به‌مه‌رجێك یه‌كێتی 29 كورسی هه‌یه واته 4 كورسی له ئێمه زیاتره، پارتی 30 كورسی هه‌یه واته 5 كورسیی له ئێمه زیاتره، ئێمه 25 كورسیمان هه‌یه، ئه‌و به ئاشكرا 90 ملیاره‌كه‌یان بردوه، شتی تریشیان له‌گه‌ڵدا بردوه، خوا ده‌یزانێ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتو بكرێت چه‌ندێك له بودجه‌ی گشتی و له دارایی گشتی ده‌به‌ن و خه‌رجی ده‌كه‌ن بۆ بانگه‌شه‌ی حیزبه‌كه‌ی خۆیان و بۆ كڕینی ویژدانی خه‌ڵك، له‌م نابه‌رامبه‌رییه‌دا واته له‌م نه‌بونی هاوسه‌نگییه‌دا، ئه‌و له‌لایه‌كه‌وه هه‌مو بودجه‌ی حكومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه، له‌لایه‌كه‌وه ئاسایشی به‌ده‌سته‌وه‌یه له‌لایه‌كه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه، له‌لایه‌كه‌وه هه‌مو ئیداره‌ی حكومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه، له‌لایه‌كه‌وه راگه‌یاندنێكی زه‌به‌لاحی به‌ده‌سته‌وه‌یه، تۆ چۆن كه داوات لێ ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردن باوه‌ڕی پێده‌كه‌یت كه ئه‌مه هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و ئازاد و دیموكراته.
KNN: دوای ئه‌وه‌ی داواتان كرد كه ئه‌م حكومه‌ته هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، حكومه‌ت جارێكی تر له په‌رله‌مان متمانه‌ی وه‌رگرتوه، را و بۆچونی ئێوه چیه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌به‌ر هه‌مان هۆ كاتی خۆی ئێمه داوامان كرد وتمان ئه‌و په‌رله‌مانه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، چونكه ئه‌و په‌رله‌مانه به ئیراده‌ی حیزبی ئیش ده‌كات، په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كێتی و پارتی، پێش ئه‌وه‌ی ویژدانی خۆیان بكه‌ن به سه‌رپشك، فه‌رمانی حیزبه‌كه‌یان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن هه‌ر له‌به‌رئه‌وه بو كه ئێمه پێمان وابو ئه‌و په‌رله‌مانه ئیفلیجه و ئیشی له‌به‌ر ناڕوات، هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌ست هه‌ڵبڕێت بۆ كاروباره‌كانی حكومه‌ت، بۆیه داوامان هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت و ئه‌و په‌رله‌مانه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
KNN: ئێوه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته، زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت كه كێشه‌كان به‌شه‌خسی یاخود شه‌خسه‌نه ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كاندا هیچ جۆره كێشه‌یه‌كتان هه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئێستا له داموده‌زگاكانی یه‌كێتی و پارتیدا كارده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا كار ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی كاربه‌ده‌ستن له‌م وڵاته‌دا، وه‌كو شه‌خس ئێمه به‌رامبه‌ر به هیچ كامێكیان هیچ جۆره كێشه‌یه‌كمان نیه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت زۆربه‌ی كێشه‌كان بكه‌ن به كێشه‌ی كه‌س، ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردندا هه‌یه، كێشه‌مان له‌گه‌ڵ جۆری به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا هه‌یه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌سدا نیه، له‌جێگه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌گه‌ر جه‌نابیشت بیت هه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستمان ده‌بێت، هه‌ر كه‌سێكی كه بێت هه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستمان ده‌بێت، كێشه‌كه ئه‌وه نیه ئێمه رقمان له كاك به‌رهه‌مه یان رقمان له كاك ئازاد به‌رواریه یان رقمان له كه‌مال كه‌ركوكییه، یان رقمان له دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایزه، ئێمه رقمان له هیچ كه‌سێك نیه و به‌شتی شه‌خسی ئیش ناكه‌ین به‌ڵكو ئێمه له‌گه‌ڵ كۆی سیسته‌مه‌كه ناكۆكین، كه ده‌ڵێین له‌گه‌ڵ كۆی سیسته‌مه‌كه ناكۆكین مه‌به‌ستمان ئه‌وه نیه كه ده‌مانه‌وێت كوردستان پڕبێت له پشێوی و ئاژاوه و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی تیا نه‌مێنێت، نه‌خێر ئێمه پێمان وایه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته خه‌له‌لی تیایه ده‌بێت بیگۆڕین و خه‌له‌له‌كانی چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ده‌سه‌ڵاتێك بێته سه‌ر حوكم كه بتوانێت كاروباره‌كانی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكات، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بتوانێت عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خه‌ڵك دابین بكات، ده‌سه‌ڵاتێك بێت كه بتوانێت له ئاستی خواسته‌كانی خه‌ڵكدا بێت، ئێمه له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا هیچ جۆره كێشه‌یه‌كمان نیه، به‌پێچه‌وانه‌وه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بێته كایه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ زۆر له‌وانه هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تیمان هه‌بوه و پێكه‌وه چوین بۆ سه‌یران و سه‌فه‌ری وڵاتان و دانیشتوین، له‌مه‌ودوایش ئاماده‌ین بۆ هه‌مان شت، له‌گه‌ڵ شه‌خسی ئه‌وانه هیچمان نیه به‌ڵكو له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌یاندا ناكۆكیمان هه‌یه.
KNN: ده‌وترێت له كوردستان نائارامی هه‌یه و ده‌ستی ئێران و سوپای قودس له‌پشت خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڕاستی جێگه‌ی شه‌رمه ئه‌گه‌ر كه‌سێك له سه‌ركردایه‌تی سیاسی یه‌كێك له حیزبه‌كان بێت و قسه‌ی وا بكات، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕینن، به‌شی هه‌ره‌زۆریان له ته‌مه‌نێكی گه‌نجیدان، هه‌رگیز نه له ئێران ژیاون نه له ئۆردوگاكانی ئێران، نه موچه‌خۆری ئێران نه پاره‌یان له ئێران وه‌رگرتوه، به ده‌گمه‌ن ره‌نگه كه‌سێكیشیان تیا بێت كه هه‌ندێك وشه‌ی فارسی تێبگات، هه‌ر به‌راستی شه‌رمه تۆمه‌تباركردنی خۆپیشاندران به‌وه‌ی كه ده‌ستی ئێران یاخود سوپای قودسی ئێرانیان له‌پشته‌وه‌یه.
KNN:یه‌كێكی تر له‌و ره‌خنانه‌ی كه له خۆپیشاندانه‌كان ده‌گیرێت، ئه‌وه‌یه كه وه‌به‌رهێنان و بازاڕی وه‌ستاندوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه درۆیه‌كی ئابورییه ده‌یكه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن گوایه ئه‌وه‌نده ملیار دۆلار له كوردستاندا ئیستسمار كراوه یاخود به ده‌سته‌واژه‌ی خۆیان وه‌به‌رهاتوه، له راستیدا وه‌به‌رهێنان له كوردستاندا بێجگه له گرێبه‌ستی نه‌وتی كه كه‌س نازانێت چۆنه و چۆن نیه و له‌گه‌ڵ كێیه، چونكه باس نه‌كراوه نه له په‌رله‌مان و نه له میدیا نه له هیچ جێگیایه‌كدا، من له‌و داموده‌زگایانه‌ی كه بۆ وه‌به‌رهێنان ئیش ده‌كه‌ن ده‌پرسم بزانم چه‌ند ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به پاره‌ی توركی یان به پاره‌ی ئێرانی یان به پاره‌ی سوری هاتوه‌ته ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه و وه‌به‌رهێنان ده‌كات و پاش پێنج ساڵی تر پاره‌كه‌ی ده‌ربێنێته‌وه و قازانج بكات، راسته له كوردستاندا جوڵانێك هه‌یه له بواری كه‌رتی خانوبه‌ره و باڵه‌خانه كه ئه‌مانه زۆربه‌ی له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه ئه‌نجام ده‌درێت و به‌شی زۆریان هی خاوه‌ن سه‌رمایه كورده‌كانن چونكه جگه له خانوبه‌ره هیچ بوارێكی تری وه‌به‌رهێنان نیه، له‌كوردستاندا سه‌یری كه‌رتی كشتوكاڵ بكه، سه‌یری كه‌رتی پیشه‌سازی بكه، سه‌یری كه‌رتی گه‌شتیاری بكه، سه‌یری كه‌رتی ته‌ندروستی بكه، ئه‌م كه‌رتانه شتێكی وای تیا نیه وه‌به‌رهێنانی تیا بێت و ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن كه ده‌ڵێن وه‌به‌رهێنان راوه‌ستاوه هیچ بنه‌مایه‌كی راستی نیه چونكه له بنه‌ڕه‌تدا وه‌به‌رهێنانی بێگانه له كوردستاندا نیه، ئه‌وه‌ی كه هه‌یه كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای بیانی هه‌یه هاتون لێره قۆنته‌رات وه‌رده‌گرن، كاتێكیش قۆنته‌رات وه‌رده‌گرن پاره وه‌رده‌گرن و پاره‌كه ده‌به‌نه‌وه وڵاتی خۆیان واتا پاره‌یان له وڵاتی خۆیانه‌وه نه‌هێناوه له كوردستاندا كاری وه‌به‌رهێنانی پێوه بكه‌ن و خه‌ڵك ئیشی پێوه بكات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه له‌و پارانه‌ی كه لێره دانراوه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و بۆ ئیش و كاره‌كان، ئه‌وان دێن به قۆنته‌رات وه‌ری ده‌گرن و پاره‌كه ده‌گوێزنه‌وه بۆ وڵاته‌كانی خۆیان، ئه‌گینا كه ده‌ڵێن وه‌به‌رهێنان راوه‌ستاوه، وه‌به‌رهێنانی كوێ راوه‌ستاوه؟ وه‌به‌رهێنانی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان راوه‌ستاوه؟ باپێمان بڵێن. هه‌ر ده‌ڵێن بازاڕ وه‌ستاوه، باپێمان بڵێن بازاڕی كوێ وه‌ستاوه؟
KNN: له‌ماوه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا یه‌كێكی تر له‌و حاڵه‌تانه‌ی باس ده‌كرێت ئه‌وه‌یه كه گوایه چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێكی ئێوه حه‌ره‌می زانكۆیان شكاندوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من جارێكی تریش باسی ئه‌وه‌م كردوه كه به‌داخه‌وه بیری سیاسی هه‌ندێ له‌مانه زۆر زۆر دواكه‌وتوه، نازانن حه‌ره‌می زانكۆ مانای چی، رێزگرتنی حه‌ره‌می زانكۆ و شكاندنی حه‌ره‌می زانكۆ، له هه‌مان كاتیش‌دا خۆیان گێل ده‌كه‌ن له مه‌سه‌له‌ی ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی له كاروباری زانكۆ، عاده‌ته‌ن له هه‌مو وڵاتێكدا چه‌ند شوێنێك هه‌یه كه جۆرێك له حورمه‌ت و رێزی هه‌یه ئه‌وانیش بریتین له په‌رستگاكان و دادگا و په‌رله‌مان و زانكۆ و په‌یانگاكان كه ئه‌مانه جۆرێك له حورمه‌تیان هه‌یه، ئه‌و حورمه‌ته بریتییه له‌وه‌ی كه هێزی چه‌كدار بۆی نیه بچێته ناو ئه‌م شوێنانه‌وه، ته‌نانه‌ت له ئێران نه‌ریتێكی زۆر كۆنی به‌ستنشینی هه‌یه، هه‌ندێ شوێن هه‌یه له‌وێ به‌ستی پێ ده‌ڵێن هه‌ندێ جار ئه‌و تاوانبارانه‌ی مه‌حكومن به سزای له‌سێداره‌دان رایانكردوه چونه‌ته ناو ئه‌و به‌ستانه‌وه له‌به‌ر حورمه‌تی شوێنه‌كه هێزی چه‌كدار نه‌چوه په‌لاماری بدات و به‌زۆر ده‌ری بهێنێته ده‌ره‌وه، حورمه‌ت له‌مه‌دایه، ئێمه پێمان وایه كه له كوردستانیش ده‌بێت حه‌ره‌می په‌رله‌مان، حه‌ره‌می مزگه‌وته‌كان، حه‌ره‌می دادگا، ئه‌مانه هه‌مویان رێز و حورمه‌تێكی تایبه‌تیان هه‌بێت كه هه‌رگیز هێزی چه‌كدار یاخود به‌رپرس به پاسه‌وان و چه‌كه‌وه بۆی نه‌بێت بچێته ناوه‌وه و بۆیان نه‌بێت كه‌س له‌وێ به چه‌ك ده‌ربێننه ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌یه راگرتنی حورمه‌تی زانكۆ و په‌یمانگاكان، ده‌ستێوه‌ردانیش بریتییه له‌وه‌ی كه تۆ سه‌رۆكی زانكۆی به ئاره‌زوی خۆت له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیمای حیزبی دایبنێیت و بیگۆڕیت، راگری زانكۆ له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیمای حیزبی دابنێیت و بیگۆڕیت، سه‌رۆكی به‌شه‌كان به هه‌مان شێوه، به‌گوێره‌ی ئینتیمای حیزبی قبوڵ خاس بۆ كه‌سانێك هه‌بێت بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا، به جومله شه‌هاده‌ی دكتۆرا بده‌یت به لایه‌نگره‌كانی خۆت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه موسته‌حه‌ق بن یاخود پله‌ی زانستی‌یان شایسته‌ی ئه‌وه بێت، ئه‌مه ده‌ستێوه‌رۆدانه، كردنه‌وه‌ی باره‌گای حیزب له‌ناو زانكۆكاندا ده‌ستێوه‌ردانه، ده‌ستێوه‌ردان ئه‌وه‌یه یه‌كێتی قوتابیان و كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكاران كاتێك ده‌چن شت ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ر مامۆستا و خوێندكاره‌كاندا یان كاتێك لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی و كۆمیته‌ی یه‌كێتی ده‌چن له زانكۆكاندا شت ده‌سه‌پێنن ئه‌وه ده‌ستێوه‌ردانه، ئه‌گینا 3 كه‌س كه هه‌رسێكیان پێشتر خۆیان مامۆستای زانكۆ بون، دوانیان مامۆستای یاسا بوه، ئێستا هه‌رسێكیان په‌رله‌مانتارن له‌سه‌ر داوای خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، چونه‌ته ناو حه‌وشه‌ی زانكۆی سلێمانییه‌وه، له‌سه‌ر داوای خوێندكاره‌كان قسه‌یان بۆ كردون، ئه‌مه بۆچی شكاندنی حه‌ره‌می زانكۆ بێت؟، یان ئه‌مه بۆچی ده‌ستێوردانی حیزبی بێت له كاروباری زانكۆكاندا؟
KNN: ده‌وترێت كه پرۆژه‌ی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆتان هه‌یه بۆ سلێمانی، به‌مانایه‌كی ئێوه‌ی پرۆژه‌ی فیدرالیه‌تی پارێزگاكانتان هه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان جاری تریش ئێمه رامانگه‌یاندوه كه ئه‌وه راست نیه، ئه‌وه درۆیه‌كی شاخداره، ئه‌گه‌ر ئێمه شتی وامان بكردایه به‌راستی نه له یه‌كێتی ده‌ترسین نه له پارتی، بیروبۆچونه‌كانی خۆمان به‌ئاشكرا وتوه، به‌ڵام ئێمه پێمان وایه ئیداره‌ی هاوچه‌رخ پێویستی به لامه‌ركه‌زیه‌ته، له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردودا ئێمه زۆرجار باسی ئه‌وه‌مان كردوه كه له هه‌رێمی كوردستاندا دوئیداره‌یی هه‌یه، دوپێشمه‌رگه‌یی هه‌یه، دوئاسایشی هه‌یه، دوپه‌روه‌رده‌یی هه‌یه، دوڕویی هه‌یه، دوزمانی و چه‌ندین شتی تر هه‌یه، بێگومان یه‌كخستنی هه‌رێمی كوردستان زۆر زۆر گرنكه و ئێمه هه‌رێمی كوردستان‌مان دابه‌ش نه‌كردوه، ئه‌وه‌ی كه دابه‌شی كردوه لایه‌نی تره كه نه‌یهێشتوه تێكه‌ڵاوی له‌نێوان زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و زانكۆی دهۆك و زانكۆی سلێمانیدا هه‌بێت، كه نه‌یهێشتوه تێكه‌ڵاوی له‌نێوان بازڕی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆكدا هه‌بێت، كه نه‌یهێشتوه تێكه‌ڵاوی له‌نێوان ئیداره‌كانی ئه‌م ناوچانه‌دا هه‌بێت، كه نه‌یهێشتوه ئاسایش و پێشمه‌رگه تێكه‌ڵاو بكرێت، ئه‌وان هه‌رێمی كوردستانیان به‌عه‌مه‌لی دابه‌شكردوه كه خراپتره له فیدرالی، ئێمه بۆچونمان چیه؟ من بۆچونی خۆمم نه‌شاردوه‌ته‌وه و براده‌ره‌كانیشم به‌هه‌مان شێوه بۆچونی خۆیان نه‌شاردوه‌ته‌وه، بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی هاوچه‌رخانه ئێمه پێمان وایه له هه‌رێمی كوردستاندا سێ ده‌سه‌ڵات هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی و دادوه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان كه بریتییه له په‌رله‌مان، ئێمه هه‌مومان لایه‌نگری ئه‌وه‌یه‌ن كه له كوردستانی عێراقدا یه‌ك په‌رله‌مان هه‌بێت، یه‌ك یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌بێت، به یه‌ك جۆر په‌رله‌مان دروست بكرێت و په‌رله‌مانێكی كارا بێت واته په‌رله‌مانێك بێت كه بتوانێت چاودێری حكومه‌ت بكات و بتوانێت یاسا دابنێت، یاسا دابنێت نه‌ك به گوێره‌ی ئیراده و به‌پێی پێویستییه‌كانی حیزب، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی پێداویستییه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان، ئێمه لایه‌نگری ئه‌وه‌ین په‌رله‌مانێكی وا هه‌بێت بۆ هه‌مو هه‌رێمی كوردستان، ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری هه‌بێت ئه‌ویش كه بریتییه له دادگاكان بۆ هه‌مو هه‌رێمی كوردستان یه‌ك جۆره یاسا و حاكمه‌كان به‌یه‌ك جۆر ته‌عین بكرێن و له‌سه‌ر بنه‌مای پیشه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی، بۆیه ئێمه لایه‌نگری ئه‌وه‌ین كه له كوردستانی عێراقدا یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌بێت، به‌ڵام كه دێیته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، وه‌كو چۆن له دنیادا باسی دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت، پێویسته له‌نێوان حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌ولێر و له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا جۆرێك له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت، حكومه‌تی هه‌رێم واته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه، ئه‌وان به‌رپرسن له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا رێكبخه‌ن، ئه‌وان به‌رپرسن له‌وه‌ی بودجه‌ی گشتی رێكبخه‌ن، به‌رپرسن له‌وه‌ی كه هێزی ئاسایش و پێشمه‌رگه یه‌كبخه‌ن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا پێویسته ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان جۆرێك له ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت كه بریتییه له ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی، له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك وڵاتی دنیا شاره‌وانییه‌كان خۆیان په‌روه‌رده به‌ڕێوه ده‌به‌ن و پۆلیسی ناوخۆییان هه‌یه و پۆلیسی هاتوچۆیان هه‌یه و گومرگ داده‌نێن، واته خۆ كفر نابێت ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی واز لێ بێنێت و بیدات به ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، با پلانی مه‌ركه‌زی حكومه‌تی هه‌رێم دای بنێت، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی شه‌قامێك یان مه‌كته‌بێك یان نه‌خۆشخانه‌یه‌ك، دامه‌رزاندنی فه‌راشێك یان مجه‌ورێك یان مامۆستا یان ئه‌ندازیارێك بۆچی به‌ده‌ست هه‌ولێر بێت؟، ئه‌ی بۆ به‌ده‌ست ئه‌نجومه‌نی پارێزگا خۆی نه‌بێت؟، ئێمه باسی ئه‌مه ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی ئه‌وه دروست ده‌كات كه ئه‌و مه‌ركه‌زییه‌ته‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌یانبێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بنێنه بینی خه‌ڵك، واتا فه‌راشێك له خانه‌قین، فه‌راشێك له كفری، فه‌راشێك له زاخۆ ویستی دابمه‌زرێت هه‌ر ده‌بێت بڕواته‌وه بۆ هه‌ولێر و بچێته‌وه به‌رده‌ستی ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی ته‌زكییه‌ی حیزبی پێ بنوسێت و بیكات به حیزبی ئینجا دایبمه‌زرێنێت، بێگومان ئێمه ئه‌مه‌مان ناوێت.
KNN: ده‌وترێت ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست ئێوه‌وه بێت، رژێمێكی عه‌لمانی وا داده‌مه‌زرێنن كه جێگه‌ی ئیسلامییه‌كانی تیادا نابێته‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: جارێ له هه‌لومه‌رجی وه‌ك ئێستادا به‌هیج جۆرێك هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست ئێمه‌وه نابێت به ته‌نها، ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی ئێمه به‌شدار ده‌بین له ده‌سه‌ڵاتدا، بێجگه له‌وه جوڵانه‌وه سیاسییه‌كانی كه ئێستا له كوردستانی عێراقدا هه‌ن، هه‌مویان جوڵانه‌وه‌ی ره‌سه‌نن له‌ناوجه‌رگه‌ی میلله‌ته‌كه‌مانه‌وه هه‌ڵقوڵاون، به ته‌جروبه ده‌ركه‌وت ئه‌و زه‌مانه‌ی كه شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ كردن و له ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی بون چۆن بون، ئێستاش كه هاتونه‌ته ناو پرۆسه‌ی سیاسییه‌وه چ رۆڵێكی ئیجابی ده‌بینن له باشكردنی كۆمه‌ڵگای كوردیدا، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی كه كردویانه پێم وایه قسه‌یه‌كی راست نیه، ئێمه لایه‌نگری پلوراڵیزمین، لایه‌نگری ره‌نگاوڕه‌نگی پێكهاته‌كانین، وه‌كو چۆن ئێمه له كۆنه‌وه میلله‌ته‌كه‌مان قبوڵی كردوه كه نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و دینی جیاواز و مه‌زهه‌بی جیاواز له‌ناوماندا بونی هه‌بێت، به‌هه‌مان شێوه ده‌بێ بیروباوه‌ڕی جیاواز و حیزبی جیاواز و جوڵانه‌وه‌ی سیاسیی جیاوازیش قبوڵ بكه‌ین، فره‌یی به‌م مانایه دێت، ئێمه‌ش فره‌ییمان قبوڵه.
KNN: له راگه‌یاندنی حیزبه نه‌یاره‌كانتانه‌وه ئه‌وه باس كرا كه گوایه ئێوه ده‌زگایه‌كی نهێنی له‌شێوه‌ی پاراستن و زانیاری‌دا دادامه‌زرێنن، شتی وا هه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: نه‌خێر ئه‌مه به ته‌واوه‌تی درۆیه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ماوه‌ی رابردودا كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه و ده‌زگای دروست كردوه، كه پێم وایه زۆر جیاوازه له دامه‌زراوه‌ی حیزبه‌كان، بۆنمونه ئێمه ده‌زگایه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه به‌ناوی دامه‌زراوه‌ی هه‌ڵبژاردن، ره‌نگه حیزبه‌كانی تریش له‌م ده‌زگایه‌یان هه‌بێت، ئێمه چه‌ند ژورێكمان دروست كردوه، یه‌كێك له‌وانه به‌ناوی ژوری ره‌وه‌ندی كوردییه‌وه‌یه كه سه‌رپه‌رشتی كاروباره‌كانی ده‌ره‌وه ده‌كات، ژورێكمان هه‌یه به‌ناوی ژوری رۆژنامه‌وانییه‌وه، ژورێكمان هه‌یه به‌ناوی ژوری داراییه‌وه، ژورێكمان هه‌یه پڕۆژه‌یاسامان بۆ ئاماده ده‌كات،هه‌مو ئه‌و قانونانه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌مواریان بكه‌ن ئێمه كۆمه‌ڵێك حاكمی به‌توانا و شاره‌زای قانونیمان هه‌یه كه ئه‌وان به‌ناوی ژوری قانونییه‌وه ئه‌و كارانه‌مان بۆ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ناوه‌ندێكمان هه‌یه به‌ناوی توێژینه‌وه‌ی سیاسییه‌وه كه كۆمه‌ڵێك مامۆستا و پسپۆڕی زانكۆكان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ژوری په‌یوه‌ندی سیاسی و په‌یوه‌ندی دبلۆماسیمان هه‌یه، ئه‌م ژورانه به‌كۆمه‌ڵ ده‌توانین باسی ئه‌وه بكه‌ین بڵێین سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكده‌هێن، ئه‌و ژوره‌ی یاخود ئه‌و ناوه‌نده‌ی كه ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن ده‌ڵێن ئیستخباراتی عه‌سكه‌رییه یان ئیستخباراته و بۆ كاری هه‌واڵگری دروستمان كردوه، له راستیدا ئێمه هیچ ده‌زگایه‌كمان نیه بۆ جاسوسی به‌ڵكو ئه‌وان ده‌زگای جاسوسییان هه‌یه، ئه‌وانه‌ی كه ئه‌و هه‌واڵه‌یان بڵاو كردوه‌ته‌وه لێره‌وه من ده‌عوه‌تیان ده‌كه‌م با ته‌شریف بهێنن ئه‌و شوێنه ببینن و له‌گه‌ڵ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ی كه ئێستا له‌و ناوه‌نده خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسین، بێن گفتوگۆ و قسه بكه‌ن بزانن ئه‌مه سینكتانكه به مانا زانستییه‌كه‌ی ئه‌مه شوێنی بیركردنه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی فیكره یاخود ئه‌مه ده‌زگای جاسوسییه؟ جارێكی تر من لێره‌وه ده‌عوه‌تیان ده‌كه‌م با ته‌شریف بێنن بۆ ئه‌وه‌ی به‌چاوی خۆیان بیبینن بزانن چیه و چی نیه،ئێمه شانازییان پێوه ده‌كه‌ین چونكه له زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه له كوردستانی عێراقدا دێته پێشه‌وه پرسیان پێ ده‌كه‌ین و ئه‌وان وه‌ره‌قه‌ی زۆر باش و رێكوپێكمان بۆ ئاماده ده‌كه‌ن كه یارمه‌تییان داوین بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیركردنه‌وه‌ی سیاسیماندا كاروباره‌كان به‌ڕێوه به‌رین.
KNN: یه‌كێك له‌و حاڵه‌تانه‌ی له ئێستادا باس ده‌كرێت بۆ تێپه‌ڕاندنی یاخود بۆ چالاككردنی گفتوگۆی سیاسی له كوردستاندا، هێنانه‌پێشه‌وه‌ی گفتوگۆی سێقۆڵییه، مه‌به‌ست له ئێوه و یه‌كێتی و پارتی، ئێوه ئاماده‌ن بۆ دانیشتنی سێقۆڵی؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵی ئاماده‌ین.
KNN: ئه‌گه‌ر له‌ئاستی سێ سه‌ركرده‌كه‌شدا بێت ئاماده‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: خه‌ڵك چاوه‌ڕوانییه‌كی گه‌وره‌ی له‌و كۆبونه‌وانه هه‌یه، ئێمه نامانه‌وێت خه‌ڵك توشی بێئومێدی بكه‌ین، ناشمانه‌وێت روزه‌رد بین له‌به‌رده‌می لایه‌نگر و دۆسته‌كانی خۆماندا له‌به‌رئه‌وه پێمان باشه پێش ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌ی پرۆتۆكۆلیی له‌و بابه‌ته ببێت، دابنیشین بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه خۆش بكه‌ین چۆن ده‌توانین ته‌فاهوم بكه‌ین.
KNN: واتا چه‌ند مه‌رجێكتان هه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هیچ مه‌رجێمان نیه، زه‌مینه‌سازیمان ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتو بێت به‌جۆرێكی وا كه له كۆبونه‌وه‌كه هاتینه ده‌ره‌وه له‌به‌رده‌می میلله‌ته‌كه‌ی خۆماندا به سه‌ربه‌رزیه‌وه بڵێین به‌ڵێ له‌سه‌ر ئه‌م شتانه رێككه‌وتوین و خه‌ڵكه‌كه پێی خۆش بێت و پێی رازی بێت نه‌ك خه‌ڵكه‌كه بڵێت وه‌ڵا ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ش وه‌كو كۆبونه‌وه‌كانی تر وابو كه ئه‌نجامی وای نه‌بو، نه‌خێر ئێمه پێشمه‌رجمان نیه به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت ئاماده‌كاری و زه‌مینه‌سازی بۆ بكرێت و ئه‌و ناكۆكییانه‌ی كه له نێوانماندایه پێشتر هه‌وڵ بده‌ین جۆرێك له ته‌فاهوم و رێگای هاوبه‌شی بۆ بدۆزینه‌وه.