(215)سندوقى دەنگدان لە سلێمانیەوە رەوانەى بەغدا کران

02/07/2018

ژوره‌کان

ئەمشەو (215) سندوقى دەنگدان لە گەجینەى هوانەوە بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى
گواسترانەوە و بە فڕۆکەى سەربازى نێردران بۆ بەغدا بۆئەوەى هەڵاوێرى دەستى
دەنگەکانى ناویان بکرێت، ژورى هەڵبژاردنى گۆڕانیش رایدەگەیەنێت چاودێرى
پرۆسەکەیان کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا داواى لێکۆڵینەوەیان لە سەرجەمى پرۆسەکە
کردوە.

بەڵێن عەبدوڵا، ئەندامى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى
ئامادەکردن و رەوانەکردنى ئەو سندوقانەوە بۆ بەغدا رایگەیاند؛ لە سەعات
(7:00)ى سەرلەبەیانى ئەمڕۆوە چاودێرى پرۆسەکەمان کردوە و (215) سندوقى
دەنگدان بە جیهازى سیکۆس و پیکۆس و سندوقى تەعبیئەکە و فۆرمەکانى تەسویە و
متابەقە و هەمو زانیاریەکانى سندوقەکان و وێستگەکان لەژێر چاودێرى لایەنە
سیاسیەکان و بزوتنەوەى گۆڕان ئامادەکران و گواسترانەوە بۆ فڕۆکەخانەى
سلێمانى و لەوێوە بە فڕۆکەى سەربازى دەگەیەنرێتە بەغدا.

ئاماژەى بەوەشکرد؛ ئەنجامى ئەو سندوقانەى نێردراونەتە بەغدا جیاواز دەبێت
چونکە پێشتر دەنگەکانى ناویان داغڵى سیستمەکەى بەغدا نەکراون، بەڵام
بەرچاوڕونى زیاتر دەداتە لایەنە سیاسیەکان.

وتیشى: "بەهۆى ئەو ساختەکاریانەى کراون، ئێمە ئەنجامى هەرسێ پارێزگاکەى
هەرێم و کەرکوکمان رەتکردوەتەوە و داواى لێکۆڵینەوەمان لەتەواوى پرۆسەکە
کردوە، چونکە ساختەکاریەکە بەرنامە بۆ داڕێژراوە بوە و جگە لەوەى شیرینى
تەسلیمکردنى شەنگال و کەرکوک بوە، وردەکاریە تەکنیکیەکەى ئەوەیە کە
دەستکاری جیهازى سیکۆسەکە و فلاش و میمۆرییەکان کراوە، لە هەندێک شوین رێژە
دانراوە، بۆنمەنە ئەگەر لە ویستگەیەک (200) دەنگ درابێت (82) دەنگى بۆ
یەکێتى رۆیشتوە واتە  (41%)ى دەنگەکان لە ویستگەیەکى دیکە ئەگەر (100) دەنگ
درابێت بەهەمان شێوە (41)ى دەنگى بۆ یەکێتى رۆیشتوە، جگە لەوەى لیمیتى
بەرنامەکە وادانراوە ئاڵوگۆڕى دەنگەکانى گۆڕان و یەکیتى پێبکرێت، واتە
دەنگى لیست و کاندیدەکانى گۆڕان چوە بۆ یەکێتى و کاندیدەکانى و
بەپێچەوانەشەوە".


هەواڵی زیاتر