عومەر سەید عەلی: خەڵک شۆڕشی بۆ خۆشگوزانی کردوە و دەبێت ژیانێکی شایستەیان هەبێت

11/04/2021

هەواڵ و چالاکی

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی بەفەڕمی داوایان لێکردون، کۆتای بە قۆرخکاری بازاڕ بهێنن و دۆخی موچە و ژیانی خەڵک باش بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11\4\2021 عومەر سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوی گۆڕان، بە ئامادەبونی ئاسۆ ڕەحیم، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان و بەهادین ئەحمەد، باژێڕوانی سلێمانی، لەگەڵ ڕایەڵەی پیشەوارانی بازاڕی سەر بە ئەنجومەنی قەزای سلێمانی، کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، وتەیەکی پێشکەشکردو وتی: خەڵکی کوردستان خەباتی بۆ خۆشگوزەرانی کردوە بۆیە دەبێت ژیان و بژێویان پارێزراوبێت و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابینبکرێت، ئێمەش وەک بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریمان لە حکومەت هۆکارنیە بۆ بێدەنگیمان لەئاست خراپەکان و وەک هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکین.

سەبارەت بەدواین کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکان عومەر سەید عەلی، وتی، بەڕونی بە یەکێتی و پارتیمان وتوە هێزو پارە لای ئێوه‌یه‌ پێوستە کۆتای بە قۆرخکاری بازاڕ بهێنن و ڕێگریبکەن لە بەردەوامی قاچاخی سنورەکان و دۆخ و بژێوی خەڵک باشبکەن.

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە وتەکەیدا کە پێشکەشی ڕایەڵەی  پیشەوارانی بازاڕی کرد وتیشی: ئێمە هەمیشە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەر کەسێک بکەین کە ڕەخنەی لە شێوازی کاری ئێمە هەیەو دەرگاشمان بەڕوی هەمو ئەو کەسانەدا کراوەیە کە دەیانەوێت بێنەوە ناو گۆڕان و لە ئۆرگانەکانیدا کاربکەن.

لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبواندا ڕێکخەری گشتی وەڵامی ئەو هەڵمەتە میدیاییانەی دایەوە کە دەکرێتە سەر بزوتنەوەکە و بە وەرگرتنی پارە تۆمەتبار دەکرێن و وتی: وتەبێژی بروتنەوەی گۆڕان ڕونکردنەوەی پێوستی داوەو ئێمەش جەختدەکەینەوە، ھەواڵی وەرگرتنی بودجە، یاخود بڕە پارەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یان ھەر حیزبێکی سیاسیی دیکە، زانیارییەکی ناڕاست و بێ بنەمایە.

تایبەت بە دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان عومەر سەید عەلی، سوپاسی دڵسۆزی و پشتیوانی هەڵسوڕاوان و پشتیوانانی بزوتنەوەی گۆڕانی کردوو ڕایگەیاند لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆسەی خۆڕێکخستنەوەو هەڵبژارنی ناوخۆی و کۆنفڕانسی نیشتیمانی، بەڕێوەدەچێت.


هەواڵی زیاتر