بافڵ تاڵەبانی: رۆڵی مێژویی کاک نەوشیروان بۆ هەمیشە لەیادمان دەبێت

19/05/2021

هەواڵ و چالاکی

دەقی پەیامی بافل تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبۆنەی چوارەمین سالڕۆژی کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا:

چوارساڵ لەمەوبەر کوردستان یەکێک لە سیمبولەکانی شۆڕشی نوێ، سەرکردەی رۆژانی خەبات، گەنجینەیەکی گەورەی سیاسەت و نوسەرێکی لێهاتوی لەدەستدا.

ئەو رۆڵە مێژوییەی کاک نەوشیروان لە دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا بینیویەتی بۆ هەمیشە لەیادمان دەبێت و بە ئەوپەڕی وەفادارییەوە لێی دەڕوانین. هەوڵەکانیشی لەپێناو چاکسازی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەرز دەنرخێنین.

کۆچی دوایی هەردو سەرکردە و خەباتگێڕ مام جەلال و کاک نەوشیروان، بۆشاییەکی گەورەی لە کایەی سیاسیدا دروستکرد، بەڵام ڕێبازەکەیان بەردەوامە و ئەمڕۆ ئێمە درێژە بەو کاروانە ئەدەین. بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە هەڵگری مەشخەڵی خزمەتکردنی خەڵک، چاکسازی، یەکڕیزی و تەبایی دەبین. پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستانیش لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق هەر لەوپێناوەدا بووە. پێکەوە ھەنگاوی جدی دەنێین بە ئاراستەی یەکڕیزی نیشتمانیی، خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم.

دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و سەربەرزی و سەرفرازی خەڵکی قارەمانی کوردستان خەونی لەمێژینەی مام و کاکە نەوەی هاوڕێ و هاوسەنگەری بووە، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژوویی ئێمەیە ئەو خەونە بهێنینەدی و پێشکەشی رۆحی ئەو دوو سەرکردە قارەمانە و سەرجەم ئەو شەهیدانە بکەین کە خوێنیان بەخشییە خاکی پیرۆزی کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


هەواڵی زیاتر