باڵیۆزى کەنەدا لەبەغدا لەگەڵ رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبوەوە

10/06/2021

هەواڵ و چالاکی

رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و باڵیۆزى کەنەدا لە بەغدا گفتوگۆ لەبارەى هەڵبژاردنى پێشوەختى ئەنجومەنى نوێنەران بارودۆخى هەرێمى کوردستان و دۆسیەى سزادراوانى بادینان دەکەن.

ئۆلریک شانون باڵیۆزى کەنەدا لە بەغدا و ئەشلى دورێک بەرپرسى ئۆفیسى کەنەدا لەهەولێر سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەگەڵ عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکى شوناس شێرکۆ ئەندامى ژوورى پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا گفتو گۆ دەربارەى بارودۆخى عێراق و هەرێمى کوردستان و هەڵبژاردنى پێشوەختى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کرا.
راشیگەیاند: جەختمان کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرددایە و دژى ئەوەین هێزى چەکدار بۆ یەکلایىکردنەوەى ململانێى هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت.

سەبارەت بە بارودۆخى هەرێمى کوردستانیش، شوناس شێرکۆ رایگەیاند، لە کۆبونەکەدا نیگەرانیى خۆمان لە بارودۆخى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى یەکنەگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و پرسى شەفاف نەبونى داهات دەربڕى، بە راشکاوى رامانگەیاند کە پێویستە داهاتەکان کۆبکرێنەوە و لەیاساى بودجەدا رێکبخرێنەوە، هەروەها داهات و خەرجییەکانیش بۆ خەڵکى کوردستان ئاشکرا بکرێن.

ئەو ئەندامەى ژورى پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بریتى بو لە پرسى ئازادى و رۆژنامەگەرى دۆسیەى سزادراوانى بادینان، ئێمە جەختمان لە هەڵویستى رابردومان کردەوە کە پێویستە  ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت
راشیگەیاند، شاندەکەى کەنەداش نەیانشاردەوە کە ئەوانیش لە بڕیارى سزادانى چالاکوانان و رۆژنامەنوسانى بادینان نیگەرانن و ئەو نیگەرانیەشیان بە حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیاندوە.


هەواڵی زیاتر