بزوتنەوەى گۆڕان بەسەرپەرشتى رێکخەرى گشتى قۆناغى گەرمى بانگەشە دەستپێدەکات

17/09/2021

هەواڵ و چالاکی


بزوتنەوەى گۆڕان قۆناغى گەرمى بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات و سەرپەرشتیارى بازنەى هەڵبژاردنى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ تاوتوێى پلانەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن کرا و لەم هەفتەیەوە هەڵمەتى دەرگا بەدەرگا و گەڕەک بە گەرەک و شار بە شار و گوند بە گوند دەستپێدەکەین بۆ ناساندن و سەرخستنى هاوپەیمانى کوردستان و لەناویاندا کاندیدەکانى بزوتنەوەى گۆڕان.

ئەمڕۆ هەینى لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆران لە شارى سلێمانى، بە سەرپەرشتى عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى و ئامادەبونى سەرپەرشتیارى سەرجەم بازنەکانى هەڵبژاردن و سەرجەم سەرپەرشتیارى بازنەکانى هەڵبژاردن و بەشێک لە ئەندامانى جڤاتى نیشتمانى و تیمى گۆڕان لە حکومەت، دوا کۆبونەوەى قۆناغى پلانکارى هەڵبژاردن بەڕێوەچو.

ئاسۆ رەحیم، سەرپەرشتیارى بازنەى هەڵبژاردنى سلێمانى لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە بە سایتى فەرمى (گۆڕان)ى راگەیاند: پلانەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆى لەبارەوەکراوە، بۆ ئەوەى بزانرێت تائێستا چی کراوە.

ئەوەشى خستەڕو کە ئەمە دوا کۆبونەوە دەبێت و لێرەوە قۆناغى گەرمى بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات و "لەم هەفتەیەوە لەلایەن تیمەکانى بانگەشەکردنەوە هەڵمەتى دەرگا بەدەرگا و گەڕەک بە گەرەک و شار بە شار و گوند بە گوند لە هەموو شوێنەکان دەستپێدەکات ئەوەش بۆ ناساندنى کاندیدەکانى هاوپەیمانى کوردستان و لەناویاندا کاندیدەکانى بزوتنەوەى گۆڕان".

بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانى کوردستان بەشدارى بڕیارە هەڵبژاردنى پێشوەختەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەن کە بڕیارە (10/10/2021) بەڕێوەبچێت.
 بزوتنەوەى گۆڕان حەوت کاندیدى لەنێو هاوپەیمانێتیەکەدا هەیە کە هەریەکە لە (برزۆمەجید لە بازنەى چوار و د. عەبدولسەلام محەمەد لە بازنەى دوى هەولێر، شوناس شێرکۆ لە بازنەى یەک و د. رێزان ئەحمەد هەردى لە بازنەى دوى سلێمانى، بەکر بایز لە بازنەى چوارى سلێمانى، هۆشیار عومەر لە بازنەى پێنجى سلێمانى و محەمەد نەسرەدین لە بازنەى یەکى کەرکوک.).

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر