عومەر سەید عەلى: ژنان کۆڵەکەیەکى گرنگى بزوتنەوەى گۆڕانن

01/10/2021

هەواڵ و چالاکی

رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ژنان کۆڵەکەیەکى گرنگى بزوتنەوەى گۆڕانن و رۆڵ و کاریگەریی و جێ دەستیان لە بزوتنەوەکە و کۆمەڵگەدا دیارە و داوایان لێ دەکات هانى کەسوکاریان بدەن بەشدارى پڕۆسەى دەنگدان بکەن و هاوپەیمانى کوردستان سەر بخەن.

ئەمڕۆ هەینى عومەر سەید عەلى، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە مەکۆى سەرەکى لە شارى سلێمانى لەگەڵ بەشێک لە ژنانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبوەوە و لە وتەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد کە؛ ژنان رۆڵیکى کاریگەریان هەیە لە کۆمەڵگەدا
ژن وەک دایک و خوشک و وەک پەروەردەکارى منداڵ و وەک هاوسەر، کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگە هەیە، بە هەمان شێوە ژنان لە بزوتنەوەى گۆڕاندا رۆڵ و پێگەیەکى دیاریان هەیە کۆڵەکەیەکى گرنگن، بۆیە هیوادارین ئەرکى خۆتان جێبەجێ بکەن و کۆمەڵگە هاند بدەن بۆ دەنگدان، چونکە ئەم هەڵبژاردنە پرسێکى نەتەوەییە و بەشداریی کورد لە عێراق و نەخشەى دەسەڵاتى یاسادانانى عێراق دیارى دەکات.

عومەر سەید عەلى ئەوەشى خستەڕو بۆ ئەم قۆناغە، هاوپەیمانى کوردستان باشترین بژاردەیە بۆ نوێنەرایەتى خەڵکى کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانى مافە دەستورییەکان لە سەرو هەمویانەوە موچە و بودجە و شایستە داراییەکان، لەگەڵ دابینکردنى سەقامگیرى و یەکڕیزى و خزمەتگوزارییەکى باشتر بۆ خەڵکى کوردستان.

وتیشى:"بزوتنەوەى گۆڕان لە حەوت بازنە حەوت کاندیدى هەیە لە چوارچێوەى هاوپەیمانى کوردستان، کاندیدانى گۆڕان لە باشترین بژاردەکانى نێو بزوتنەوەکەن و هەمویان خەڵکى خوێندەوار و تێکۆشەر و خاوەن کەسایەتى بەهێزن، لە بنەماڵەى کوردپەروەر و قوربانیدەرەوە هاتون و دەتوانن ببنە نوێنەرى راستەقینەى خەڵکى کوردستان، بۆیە پێویستە پاڵپشتییان بکەن".


هەواڵی زیاتر