کۆتا پەیامى رێکخەرى گشتى لە بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران

08/10/2021

هەواڵ و چالاکی

عومەر سەید عەلى رایدەگەیەنێت: لە کاری نایاسایی و سەفەقاتی ژێربەژێر تێوەنەگلاوین و دەنگدان بە گۆڕان دەبێتە بەهێزکردنی پڕۆژەی سیاسیی نەوشیروان مستەفا

عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان، ‎دواین پەیامى بزوتنەوەکەى وەک بەشێک لە هاوپەیمانى کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد کە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتین بۆ دیاریکردنی چارەنوسی گەلەکەمان بۆ چوار ساڵی داهاتوی عێراق. داواى کرد لەو سۆنگەیەوە، دەنگدەرانى کوردستان بێ دوو دڵی بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی گۆڕان بدەن.

دەقى پەیامەکە:
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان..
دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان...
کوردستانیانی دڵ پڕ هیوا..
‎لە کۆتایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقین، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتین بۆ دیاریکردنی چارەنوسی گەلەکەمان بۆ چوار ساڵی داهاتوی عێراق، لەو سۆنگەیەوە، داوادەکەین هەموتان (ئەوانەی مافی دەنگدانتان هەیە) بێ دوو دڵی بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکەن و دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن.
‎وەک لای هەموان ئاشکرایە، هەڵبژاردنی پیشوەختی عێراق بەرهەمی فشاری خۆپیشاندەرانی ناوەڕاست و باشوری عێراقە، کە داوای مافە بنەڕەتیەکانیان دەکرد و لەو پێناوەشدا زیاتر لە (٦٠٠) خۆپیشاندەر گیانیان بەختکرد.
‎بۆ دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، دەنگدان هەم مافە و هەم ئەرکە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، بۆ رووبەڕوبونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەکان، بۆ پاراستنی پێگەی نەتەوەییەکی مافخوراو و قوربانیدەر، بۆ گۆڕینی ئامرازی خەباتی نەتەوەیی لە شۆڕش و چەکەوە بۆ دەنگ و سندوقەکانی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق جێگایەکە کە نوێنەرانی کورد دەتوانن داکۆکی لە ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. کەواتە؛ دەنگی ئێوە نرخ و بەهایەکی گەورەی هەیە بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی عێراق و متمانەدان بە نوێنەری شایستە و کارامە بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانمان. دەنگدانی ئێوە درێژکراوەی خەباتی سیاسیی زیاتر لە سەدەیەکی مرۆڤی کوردە دژی ستەمی نەتەوەیی و داگیرکاری، دژ بە جینۆساید و کیمیاباران و شەهید و قوربانیدانی هەزاران کورد لەرێگای سەربەخۆیی و سەرفرازی نەتەوەکەمان لەعێراق.
‎بزوتنەوەکەمان، وەک هێزێکی مەدەنی چاکسازیخواز، بەپێی ئەو ستراتیژەی کە  هەمانە جەخت لەسەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان دەکەینەوە، جەخت لەسەر بەشدارییەکی راستەقینەی کورد لە دەزگای بڕیاردانی سیاسیی عێراق و جێبەجێکردنی دەستور دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاک و دەسەڵات و سامان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشمەرگە و بودجە و دابینکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دەکەینەوە، پێداگیری لەسەر دروستکردنی ئەنجومەنی ئتیحادی و کارکردن بە پرەنسیپەکانی سازان و هاوسەنگی بۆ حوکمڕانی و بەشداریکردن لەکایەی سیاسیی دەکەینەوە، لەو چوارچێوەیەدا، پرۆسەی دەنگدان و خەباتی پەرلەمانی وەک شاڕێگەی پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد و، بڕیاردان لە چارەنوسی خەڵکی کوردستان لەرێی ئیرادەی خەڵک دەبینین.
‎بزوتنەوەی گۆران، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان بە دیدی نیشتیمانیەوە نوێنەرایەتی دەکات و دەمانەوێت پارێزەری بەرژەوەندی گشتی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بین، لەو راستیەوە، یەکڕیزی لایەنە کوردستانیەکان و یەکخستنی گوتاری کوردستانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی ئیتحادی، کە گوزارشت لە بەدەستهێنانی ئامانجە باڵا نیشتمانییەکان بکات بە پێویست دەزانین. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش داوایدەستورێکی دیموکراتی  و مەدەنی دەکەین کە رەنگدانەوەی ماف و داخوازییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و پێکھاتەکانی بێت. ھاوکاتیش دەستکردن بە پەیرەوکرنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی سیاسیی و کارگێری و دارایی، بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و باشکردنی بژێوییەکانی ژیانی خەڵک و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە پێویستیەکی لەپێشینە دەزانین. هەر لەسەر ئەو بنەمایانەش بزوتنەوەی گۆران بۆ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوپەیمانی پێکهێناوە.
دەنگدەران و هاوڵاتیانی هەرێم و کوردانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان..
ژنان و گەنجان و هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان..
‎ئێوەی خۆشەویست دەزانن بزوتنەوەکەتان لەماوەی رابردو و لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە سەرئاستی عێراق؛ بە کاری نایاسایی و سەفەقاتی ژێربەژێر تێوەنەگلاوە، هەر بۆیە هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازان بەدەنگێکی زوڵاڵ و دلێرەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن و داوا لە خەڵک دەکەن دەنگ بە کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن، ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا داوا دەکەین لە دەنگدەران و خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان لە هەرشوێنێکی عێراقن؛ بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و دەنگتان بۆ هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی بێت. دەنگتان بۆ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بێت کە شایستە و خاوەن پسپۆرین و، خەڵکی سنورەکەی خۆتان و لەناو خەم و کێشەکانی جەماوەر گەورە بوون.
هەڵسوڕاو و گۆرانخوازانی بە هەڵوێست..
‎بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەدا؛ پێویستی بە هیمەت و کۆششی زیاتری ئێوەیە بۆ هاندانی هاوڵاتیان بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان بە کاندیدەکانمان، ئەم رۆڵە گرنگەی ئێوە دەبێتە بەردی بناغەی بەهێزکردنی پڕۆژەی سیاسیی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و پاراستنی بزوتنەوەی گۆڕان؛ کە بوونی سەنگەرێکی پتەوە بۆ خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی و بەهێزبوونەوەی پێگەو سەنگی خەڵک لە هاوکێشەی سیاسیی هەرێم و عێراق.
‎پێویستە ئەوەش بڵێین، بزوتنەوەی گۆران پڕۆژەیەکی نیشتیمانیە و هی هەمو ئەو خەڵکە دڵسۆزەیە رۆژێک لە رۆژان پشتیوانی کردووین، پڕۆژەیەکە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی سیاسیی و گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لە خەباتدایە، هەربۆیە پێویستمان بە هەمووتانە و گۆڕانیش هی هەموانە..
‎لە کۆتایدا، پشت بە ئیرادەی بەهێزی میللەتەکەمان و ئازادیخوازان و گۆڕانخوازان سەردەکەوین...


هەواڵی زیاتر