بزوتنەوەی گۆڕان: پەلە بكرێت لە قەرەبوکردنەوە و ئاسایکردنەوەی ژیانی قوربانیانی ئێزدی
03/08/2022
ڕاگەیەندراوی فەرمی
ئەمڕۆ، سێی ئابی ٢٠٢٢، ھەشتەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدی
ئێزدییەکان و یادی تاوانێکی گەورەی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە دەرھەق بە هاوڵاتیانی
ئێزدی لەشەنگال. لەم بیروەرییە خەمھێنەدا؛ وێڕای هاوخەمی بۆ کەسوکاری شەھیدان و
قوربانیان؛ داکۆکی دەکەین بۆ بەدەمەوەچوونی داواکانیان و ئاسایکردنەوەی ژیان و گەیاندنی
دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچە زیانلێکەوتوەکان.
لە روانگەی ئێمەوە، ئەم تاوانە کۆمەڵکوژی و
تاوانێکی مرۆیی گەورەیە بەرامبەر ھاوڵاتیانی ئێزدی، کە بەداخەوە پێنج هەزار ژن و
منداڵ و پیاو بوونە قوربانی و، زیاتر لە دوو هەزار ھاوڵاتی دیکە بێسەروشوێن کران و
بە ھەزارانی دیکەش ئاوارەی کەمپەکان و وڵاتانی دەرەوە بون.
ھەربۆیە بەرپرسیارێتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر شانی
حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ئیتحادی و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانە بۆ قەرەبوکردنەوەی
ماددی و مەعنەوی شەنگال و کەسوکاری قوربانیان، ھاوکات دیاریکردنی چارەنوسی بێ سەروشوێنکراوان
و ئاسایکردنەوەی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە کە بە رێککەوتنی لایەنەکان بۆ گەڕانەوەی
ئاشتی و ئارامی و ئۆقرەیی دەستەبەر دەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
٨ی٣ی٢٠٢٢