بزوتنەوەی گۆڕان: لە نەورۆزدا بانگەوازی بەخۆداچونەوە و بەیەکەوەکارکردن دەکەین

20/03/2023

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەى گۆڕان لە جەژنى نەورۆزدا بانگەوازی بەخۆداچونەوە و بەیەکەوەکارکردن دەکات و رایدەگەیەنێت: قوڵبونەوەی کێشەی حیزبە فەرمانڕەواکان و ململانێی کەسی و پەرتەوازەیی گوتاری سیاسیی کورد لە بەغدا، مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمانی زیاتر کردوە و دەرفەت و هەلەکانی لاوازتر کردوە.

لەو پەیامەدا کە بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە بڵاوى کردەوە، بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەمساڵ هاوڵاتیان لە کاتێکدا ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز دەگێڕن و بە خۆشی و دڵشادییەوە بەرەو وەرزی بەهار و نوێبوونەوە دەچن، ڕەخنەکان لەناوخۆ و دەرەوە لەسەر شێوازی حوکمڕانی هەرێم زیاتر بون، قوڵبونەوەی کێشەی حیزبە فەرمانڕەواکان و ململانێی کەسی کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدائی دامەزراوەکانی حکومڕانی، بەتایبەت پەرلەمان و حکومەت داناوە، بەم دۆخەشەوە ئاستی خزمەتگوزاری و بەپیرەوەچونی داخوازییەکانی هاوڵاتیان لە ئاستی چاوەڕوانیدا نیە.
 هەروەک لە پەیامەکەدا هاتوە؛ لەم جەژنی نەتەوەییەدا، بزوتنەوەی گۆڕان بانگەوازی بەخۆداچونەوە و بەیەکەوەکارکردن و وەلانانی کێشە حیزبیەکان دەکات، بەشێوەیەک باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیان و دروستکردنەوەی رەوایەتی سیاسیی و متمانەی هاوڵاتیان بە حوکمڕانی کوردی لە پێشینەی ئەرکە سیاسیەکان بێت.

دەقى پەیامەکەى بزوتنەوەى گۆڕان
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢٣)، لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، کوردانی کەرکوک و ناوچە ئیدارییەکانی دەرەوەی هەرێم، هاونیشتیمانیانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان، ڕەوەندی کوردی و گەلانی ناوچەکە پیرۆز دەکەین.
ئەم بۆنە نەتەوەییە، ھاوکاتە لەگەڵ یادی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئازادکردنی شاری کەرکوک لە بەهاری ساڵی (١٩٩١)دا، واتە یادەوەری دوجەژنەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانە و نیشانەی سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاری نیشتیمانییە.
جەژنی نەورۆز، کە بۆنەیەکی گرنگی نەتەوەییە، گوزارشتە لە وانەکانی بەرگری بۆ پاراستنی خاک و زمان و ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی پاراستنی نەتەوەکەمان، لەو ڕاستییەوە، بزوتنەوەی گۆڕان جەختدەکاتەوە لەسەر بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و داڕشتنی ستراتیجێکی نیشتیمانی، بەشێوەیەک بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی لە چاکسازییەکی هەمەلایەن بکەین و، بۆ بەغداش یەکگرتویی و پێکەوەیی لەسەر بنچینەیی پاراستنی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانی گەلەکەمان بکەینە کارنامەی کارلەسەرکراو.
لای هەموان ئاشکرایە، ئەمساڵ هاوڵاتیان لە کاتێکدا ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز دەگێڕن و بە خۆشی و دڵشادییەوە بەرەو وەرزی بەهار و نوێبوونەوە دەچن، ڕەخنەکان لەناوخۆ و دەرەوە لەسەر شێوازی حوکمڕانی هەرێم زیاتر بون، قوڵبونەوەی کێشەی حیزبە فەرمانڕەواکان و ململانێی کەسی کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدائی دامەزراوەکانی حکومڕانی، بەتایبەت پەرلەمان و حکومەت داناوە، بەم دۆخەشەوە ئاستی خزمەتگوزاری و بەپیرەوەچونی داخوازییەکانی هاوڵاتیان لە ئاستی چاوەڕوانیدا نیە.
ئەم وێنە گشتییەی هەرێمی کوردستان و پەرتەوازەیی گوتاری سیاسیی کورد لە بەغدا، مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمانی زیاتر کردوە و دەرفەت و هەلەکانی لاوازتر کردوە، هەربۆیە لەم جەژنی نەتەوەییەدا؛ بزوتنەوەی گۆڕان بانگەوازی بەخۆداچونەوە و بەیەکەوەکارکردن و وەلانانی کێشە حیزبیەکان دەکات، بەشێوەیەک باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیان و دروستکردنەوەی ڕەوایەتی سیاسیی و متمانەی هاوڵاتیان بە حوکمڕانی کوردی لە پێشینەی ئەرکە سیاسیەکان بێت.
هیوادارین ساڵی داهاتو، هەمومان بەیەکەوە، لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ، بە هیوا و ئومێدەوە، ئاگری نەورۆز بکەینەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٣


هەواڵی زیاتر