رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەولەویەتی گۆڕان لابردنی پاشەکەوتی موچەیە

17/12/2018

هەواڵ و چالاکی

رێکخەری گشتی
بزوتنەوەی گۆڕان لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی گۆڕان بڕیاری
لەبارەی بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نەداوە و ئەو پرسە جڤاتی نیشتمانی
یەكلایی دەكاتەوە، لە ئەگەری بەشداریکردنیشیاندا لە حکومەت، ئەولەویەتی گۆڕان
لابردنی پاشەکەوتی موچە و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (16/12/2018)
وەفدێكی کونسوڵخانەی ئەمەریكا بە سەرۆکایەتی ستیڤ فەیگن، کونسوڵی ئەمەریكا سەردانی
مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لە سلێمانی و لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێكخەری
گشتی و ژوری پەیوەندی دیپلۆماسی پێشوازییان لێكرا.

شوناس شێركۆ، ئەندامی
ژوری پەیوەندی دیپلۆماسی گۆڕان راگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا هەردولا گفتوگۆیان
لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە كرد.

لەو چوارچێوەیەدا رێكخەری
گشتی باسی لەوەكردوە، كە هێشتا گۆڕان بڕیاری لەبارەی بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی
حكومەتی هەرێم نەداوەو جڤاتی نیشتمانی ئەو بڕیارە یەكلایی دەكاتەوە، بەڵام گفتوگۆكانی
لەگەڵ لایەنەكان بەردەوامە بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان.

رێكخەری گشتی جەختی لەوەشكردوەتەوە،
لە ئەگەری بەشداریکردن لە حکومەت، ئەولەویاتی گۆڕان لە كابینەی نوێی هەرێم لابردنی
پاشەكەوتی موچە و دابینكردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ هاوڵاتیان و یەكگرتنەوەی هێزی
پێشمەرگەیە.

لای خۆیشییەوە کونسوڵی ئەمریكا پێداگری لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی
خزمەتگوزار و ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی لە هەرێم كردەوە.


هەواڵی زیاتر