شاندێکى یونامى سەردانى گۆڕان دەکات

02/05/2023

هەواڵ و چالاکی

شاندێکى یونامى بۆ تاوتوێکردنى پرسى هەڵبژاردن سەردانى گۆڕان دەکات و رێکخەرى ژورى دیپلۆماسیش رایدەگەیەنێت: روانینى بزوتنەوەى گۆڕانمان دوپاتکردەوە و پرۆژە و هەوڵەکانى گۆڕانیشمان خستەڕو کە دو ساڵ لەمەوبەر پێشکەشى کردوە بۆئەوەى هەڵبژاردن دوانەکەوێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (2023/5/2)، ریکاردۆ رۆدریگێز بەرپرسى ئۆفیسى هەولێرى یۆنامى بە نوێنەرایەتى نەتەوەیەکگرتوەکان سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد و لەلایەن شاندى گۆڕان بە سەرۆکایەتى عومەر سەید عەلى و رێکخەرى ژورى پەیوەندى دیپلۆماسى و سەرپەرشیارانى ژورى هەڵبژاردن و سەرچاوە مرۆییەکان پێشوازیان لێکرا.

لەارەى ئامانجى سەردانەکە و ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە، هۆشیار عومەر عەلى، رێکخەرى ژورى پەیوەندی دیپلۆماسى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەند: ئامانجى سەردانەکەى شاندى یونامى بۆ وەرگرتنى بۆچونى بزوتنەوەى گۆڕان بو سەبارەت بە پرسى هەڵبژاردن، لە کۆبونەوەکەدا ئەوەمان رونکردەوە کە بڕواى نەگۆڕى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەیە هەڵبژاردن مافێکى خەڵکە و هیچ هێز و لایەنێک بۆى نیە ئەو مافە لەخەڵک وەربگرێتەوە دوپاتیشمان کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان دوساڵ لەمەوبەر و پێش سەرهەڵدانى ئەم قەیرانە لە (31/3/2021) وەک یەکەم هێزى سیاسى و لەڕیگەى فراکسیۆنە پەرلەمانیەکەیەوە پڕۆژە یاساى بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن پێشکەشکرد، بەڵام لەو کاتەدا نە هیچ لایەنێک پڕۆژەى هەبو نە بەدەم داواکاریەکەوە هاتن و نەشیانخستە بەرنامەى کارى پەرلەمانەوە.

ئەوەشى خستەڕو کە لە دیدارەکەدا تێڕوانینى گۆڕان پەیوەست بە هەڵبژاردن و وادەکەى و بازنەکانى هەڵبژاردن و پێکهاتەکان بە رونى بۆ شاندى میوان خرایەڕو.

پەیوەست بە هەوڵەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵى نێودەوڵەتى، رێکخەرى ژورى پەیوەندى دیپلۆماسى گۆڕان دەڵێت: یونامى زۆر هەوڵیانداوە کوردستان لەو بنبەستە دەربچێت و پێشنیازیشیان هەیە بۆ هەڵبژاردن و پرسى پێکهاتەکان کە ناکۆکى هەندێک لایەنەکانى لەسەرە، "ئەوان بێزارن لە ململانێ و کێشەکانى نێوان هێزەکانى دەسەڵات و بە گرنگى دەزانن هەڵبژاردن چیتر دوانەخرێت و دڵسۆزانە فشار دەکەن بۆ چارەسەرى کیشەکان بەڵام ئەو لایەنە سیاسیانە ئامادە نین ناکۆکییەکانى نێوانیان چارەسەر بکەن".


هەواڵی زیاتر