‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی: سەری رێز و وەفا لەبەردەم مێژووی پاکی کاک نەوشیروان دادەنەوێنم

19/05/2023

هەواڵ و چالاکی

سەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، لە یادى شەش ساڵەى کۆچى دواى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت؛ کاک نەوشیروان بیرمەند، سیاسەتمەداری کوردەواری و سەرکردەی شۆڕشی نوێ، قوتابخانەیەک بوو لە بیری نوێ. دەشڵێت: دەمەوێت ئەوە بڵێم کاک نەوشیروان باوک بوو، نەک تەنها بۆ منداڵەکانی بەڵکو باوک بوو بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان.

لە پەیامەکەیدا سەرۆکى یەکێتى رایگەیاندووە، لە ساڵیادی ژیانئاوایی کاک نەوشیروان، یەکێک لە هەڤاڵانی تێكۆشەری دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوڕێی سەرۆک مام جەلال، سەری رێز و وەفا لەبەردەم مێژووی پاکی دادەنەوێنم و ئەم رۆژە پڕخەمە بە شکۆوە بەرز رادەگرم.

‏‎دەشڵێت: کاک نەوشیروان بیرمەند، سیاسەتمەداری کوردەواری و سەرکردەی شۆڕشی نوێ، قوتابخانەیەک بوو لە بیری نوێ، رۆشنفکری، بوێری و رچەشکێنی کاریزمایی رێکخراوەیی کە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتیدا رۆڵی رابەرایەتی دەگێڕا و بەشێکی گرنگی سەرخستنی خەباتی چەکداریی گەلەکەمان بوو.

سەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ئەوەشى وتووە،" دەمەوێت ئەوە بڵێم کاک نەوشیروان باوک بوو، نەک تەنها بۆ منداڵەکانی بەڵکو باوک بوو بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان".

‏‎هەر لە پەیامەکەدا بافل تاڵەبانى دەڵێت: ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر دەمەوێت بۆ گۆڕان قسە بکەم، کاتێک کێوێکی گەورەی وەک کاک نەوشیروان مێژوو و ناسنامەتان بێت، هەست بە ئومێد دەکەم و هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو. کەواتە ئەمە دەبێت هاندەرمان بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر.

‏‎"کاتێک باوکێکی وەک کاک نەوشیروان کە شاخێک بوو لە ورە، لەبەرامبەر رەشەبادا کێوێک بوو لە دڵنیایی و لە سێبەرەکەیدا ئارامی دەبەخشی، لە فکریشدا ئومێدی پێدەبەخشیت، بێگومان لە دەستدانی ئازاربەخشە بەڵام بیروباوەڕی هاندەرە بۆ بەردەوامی". سەرۆکى یەکێتى لە پەیامەکەیدا واى وتووە.


هەواڵی زیاتر