عومەر سەید عەلى: پێداگرین لە داکۆکى لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان

25/10/2023

هەواڵ و چالاکی

بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ په‌رته‌وازه‌یی و دوبه‌ره‌كی و خستنەپێشى به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی، خزمه‌تى دۆزى کورد ناكات، گۆڕان پێداگرە لە داکۆکى لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانى دیکەش بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتى مامەڵە بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25/10/2023)، شاندێکى کۆنگرەى نەتەوەیی کورد (کەنەکە) لە ناوەندی برۆکسلەوە بە سەرۆکایەتى شەهلا حەفید ئەندامی کۆنسە و سەعید سەنەندجی، مەزهەر زۆمورت و مژدە عەباس، سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلى، بەختیار عومەر ئەولى، فوئاد جەمال و بەهرە محەمەد پێشوازیان لێکرا.

لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانى نێوان هەردولا و دۆخى سیاسى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و پرسى کورد گفتوگۆى لەبارەوە کرا و شاندى میوان داوایان کرد بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوام بێت لە پشتیوانى هەوڵ و هەنگاوەکانى کەنەکە، هاوکات رۆڵى بزوتنەوەى گۆڕان بەرزنرخێنرا لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و پشتیوانى لە کەنەکە و لەو روەوە سوپاسى بزوتنەوەى گۆڕان و هەڵسوڕاوانى کرا لە رەوەندى کوردى کە بەشدارى کارایان هەیە لە پشتیوانى دۆزى کورد لەسەر ئاستى دەرەوە.

لاى خۆیەوە عومەر سەید عەلى، لەگەڵ ئاماژەکردن بۆ دۆخى سیاسى و پێشهاتە نوێیەکان لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە، رونیکردەوە کە ئاڵنگارییەکان دەخوازێت هێز و لایەنە سیاسییەکان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵا نیشتیمانى و نەتەوەییەکاندا خاڵە ناکۆک و جیاوازەکان وەلا بنێن و بە یەکڕیزى و یەکگوتاریی کاربکەن بۆ بەدیهێنانى مافە نەتەوەییەکان و بەرەوپێشبردنى دۆزى کورد وتیشى: بزوتنەوەى گۆڕان پێداگرە لەسەر بەرنامە و پرۆگرامەکانى بۆ داکۆکى لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و پێمانوایە؛ په‌رته‌وازه‌یی و دوبه‌ره‌كی و خستنەپێشى به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی، خزمه‌تى دۆزى کورد ناكات و لە به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و کورد هیچ پارچەیەک و رەوەندى کوردیش نییە، بۆیە بەرژەوەندییە باڵاکانى میللەتەکەمان لەسەرمان واجب دەکات خاڵە جیاوازەکان وەلا بنێین و بگەینە لەسەر بنەماى ستراتیژێکى سیاسى نیشتیمانى سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان هەست بە بەرپرسیارێتى نیشیتیمانى و نەتەوەیی بکەن.

هاوکات بەپێویستى زانى کۆنگرەى نەتەوەیی کورد لەو چوارچێوەیەدا رۆڵى خۆى بگێڕێ بۆ دۆزینەوەى خاڵى هاوبەشى نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکەوە کارکردن لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە.

لاى خۆیەوە فوئاد جەمال، ریکخەرى ژورى رەوەندى کوردى رونیکردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان هەڵوێستى لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان رونە و لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە داکۆکى لەسەر کردوە و هەوڵى داوە لایەنەکانى دیکەش جیاواز لە تێڕوانینى سیاسییان لەو پرسانەدا یەکڕیز و یەکگوتاربن.


هەواڵی زیاتر