ژوری پەرلەمانی گۆران: پەلاماردان و بێ ڕێزی بە پەرلەمانتاران سەرکۆنەدەکەین

13/08/2020

ژوری پەرلەمان بزوتنەوەی گۆران، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت؛ نوێنەرانی گۆران لە حکومەت و پەرلەمانیش لەپێشەوەی ئەو لایەنانە بوون و دەبن کە بەرگری لە ماف و داوا رەواکانی هاوڵاتیان دەکەن، پەلاماردان و بێ ڕێزی بە پەرلەمانتاران سەرکۆنەدەکەین

دەقی ڕاگەیەندراوەکە
لەم ڕۆژانەدا و لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لەهاوڵاتیان بۆ ماف وداخوازییەکانیان، خۆپیشاندان و گردبونەوەیان ئەنجامدا.

پەرلەمانتاران ئەركیانە بە گوێرەی یاسا و عورفی كاری پەرلەمانی، بەدەم داواكاری هاوڵاتیانەوە بچن و بەرگری لەئازادییە مەدەنی و گشتیەکانی هاوڵاتیان بکەن ،جا ئەو بەرگریە لە پەرلەمان بێت یا لەشێوازو فشارێکی مەدەنی بۆ جێبەجێکردنی داوا رەواکانی خەڵک ، ەو چوارچێوەیشدا خۆپیشاندان مافێكی مەدەنی و یاسایی هەموو هاوڵاتیەكە و دەبێت پارێزراو بێت .

نوێنەرانی گۆران لە حکومەت و پەرلەمانیش لەپێشەوەی ئەو لایەنانە بوون و دەبن کە بەرگری لە ماف و داوا رەواکانی هاوڵاتیان دەکەن.

جێگەی داخە كە لە هەرێمی كوردستان پێگەی پەرلەمان و ڕۆڵی لەبەرچاو ناگیرێت و ناو بە ناو شایەتی رووداوگەلێك دەبینین كە تێڕوانینی نێگەتیفانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەنوێنێت بۆ شكۆی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بە تایبەت لە مامەڵەی هێزە ئەمنیەكان هەروەك ئەوەی دوێنێ ڕوویدا لە گردبونەوەی شاری کەلار ،دەزگا ئەمنیەكان بێ ڕێزیان کردو پەلامار و ئازاری پەرلەمانتار شیرین گەرمیانیاندا .

پەرلەمانتاران نوێنەری خەڵکن پشتگیری لە هەمان ڕۆژدا لێدوانی پارێزگاری دهۆك سەبارەت بە پارێزبەندی پەرلەمانتاران جێگەی هەڵوێستەی جدییە .

پەرلەمانتاران پشتيوانی یاسایی رەوایی نوێنەرایەتی خەڵکیان هەیە ،خاوەنی پارێزبەندی یاسایین و دەسەڵاتی جێبەجێكردن مافی لێسەندنەوەی ئەم پارێزبەندیەی نیە، هەر كات ویستی بێت ،بۆیەپێویستە بەدواداچون بۆ لێدوانی پارێزگاری دهۆک بکرێت ، لەهیچ سیستەمێكی دیموكراسی پەرلەمانی نەبووە بەرپرسێكی دەسەڵاتی جێ بەجێكردن ، بە و ئاشکراگۆیەوە ،دژ بە یاسا بوەستێتەوە و مافی لێسەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتاران بە خۆی بدات .

هەم ئەو لێدوانەو هەمیش پەلاماردانی پەرلەمانتاران پێشلکاریە بۆ سەریاساو دامەزراوەی پەرلەمان و سەرجەم پەرلەمانتاران ،ڕێگا خۆشكەر دەبێت بۆ ڕێزنەگرتنی دەسەڵاتی پەرلەمان و خۆدزینەوە لە دەسەڵاتی چاودێری کردنی ئەم دەزگایە. پێویستە لە سەر پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی جدی هەبێت بەرامبەر ئەو کەس ولایەنانەی شكۆی پەرلەمان ناپارێزن و چیتر ڕێگانەدات بەم پێشێلكاریە یاساییانە بۆ پاراستنی پێگە و هێزی دەسەڵاتی یاسایی خۆی .

ژوری پەرلەمان بزوتنەوەی گۆران
١٢/٨/٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر