گوڵستان سەعید: کار بە پڕۆژەکەى گۆڕان بکرایە دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت

25/02/2024

گوڵستان سەعید، رایدەگەیەنێت هەرێمى کوردستان و خەڵکەکەى باجى سیاسەتى هەڵە و ململانێى هێزە دەسەڵاتدارەکان دەدات و "ئەگەر بە دەم پڕۆژەکەى فراکسیۆنى گۆڕانەوە بهاتنایە نە هەڵبژاردن دوادەکەوت نە مافى پێکهاتەکان پێشێل دەکرا نە هەرێمى کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکان بەم دۆخە دەگەیشت.

گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ ئێمە لە (30/3/2021)، وەک فراکسیۆنى گۆڕان لە خولى پێنجەمى پەرلەماندا پڕۆژەیەکمان بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن پێشکەش سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کرد و
یەکساڵ داوامان لە فراکسیۆنەکانى دیکەى پەرلەمان کرد پاڵپشتى پرۆژەکە بکەن بۆئەوەى ببێتە پڕۆژەیەکى نیشتیمانى بە پشتیوانى هەمو فراکسیۆن و هێزە سیاسییەکان کۆدەنگى لەسەر دروست بکرێ، بەڵام بەداخەوە نە فراکسیۆنەکان بەدەمیەوە هاتن نە سەرۆکایەتى پەرلەمان کارى لەسەر کرد، ئێستاش هەرێمى کوردستان باجى گوێنەگرتن لەو پڕۆژەیە دەدەن کە دۆخەکە بە ئەمڕۆ گەیشتوە و هەموان زیانى لێدەکەن.

ئاماژە بەوەش دەکات پڕۆژەکەى فراکسیۆنى گۆڕان لەسەر بنەماى بڕوابون بە پڕۆسەى دیموکراسى و مافى پێکهاتەکان لە بەرژەوەندى هەمواندابوە، بەشێوەیەک؛ "دەمانتوانى کۆمیسیۆن کارا بکەینەوە هەروەها هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دوانەدەکەوت، لەگەڵ ئەوەشدا لە پڕۆژەکەماندا داواى ئەم چوار بازنەیەمان کردبو کە دادگاى فیدراڵى ئێستا چەسپاندویەتى، هەروەها چارەسەرى پرسى پێکهاتەکانمان کردبو بەوەى مافیان پارێزراوبن، بەڵام بەشێوەیەک نوێنەرى راستەقینەى خۆیان هەبێ بە تۆمارى دەنگدانى تایبەت بەخۆیان بۆئەوەى زوڵمیان لێنەکرێ و لەلایەن لایەنە سیاسیەکانى دیکەشەوە بەکارنەهێنرێن".

پەیوەست بە دواین پێشهات و ئاڵنگارییەکان، گوڵستان سەعید دەڵێت: پەرلەمانى کوردستان و ململانێى هێزە دەسەڵاتدارەکان و حوکمڕانى خراپى چەندساڵى رابردوى هێزە دەسەڵاتدارەکان وایکرد پەنا ببرێتە بەردەم دادگاى فیدراڵى و ئەم بڕیارانە دەربکرێت و هەرێمى کوردستان لاواز نیشان بدرێت، ئەگەر دامەزراوە فەرمییەکان بە نیشتمانى بکرانایە دۆخمان وەک ئێستا نەدەبو،
ئەوانەى لەم دۆخە و ئەو قەیرانانەش بەرپرسن کە بەرۆکى خەڵکى گرتوە، پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و چیتر بەردەوامى بە کەموکوڕییەکان و سیاسەتە هەڵەکانى رابردو نەدەن بۆئەوەى خەڵکى کوردستان زیاتر زەرەمەند نەبێت، پێویستە دەست بە پرسە نیشتمانى و نەتەوەییەکانەوە بگرن و هەموان یەکدەنگ و یەکهەڵوێستبن لەو روەوە.


هەواڵی زیاتر