کاردۆ محەمەد: بە پاشەکشەکردنى گۆڕان بۆشاییەکى گەورە دروستبوە لە نوێنەرایەتیکردنى داخوازییەکانى خەڵک

15/11/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى رایدەگەیەنێت: بە پاشەکشەکردنى گۆڕان بۆشاییەکى گەورە دروستبوە لە نوێنەرایەتیکردنى داخوازییەکانى خەڵک و لاوازبونى گۆڕان لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندى هێزەکانى دەسەڵاتە، بۆیە هەمو هەوڵەکانمان لەو پێناوەدایە کە بچێتەوە سەر رێچکەى نوینەرایەتى داخوازییەکانى خەڵک، چونکە لە بنەڕەتدا گۆڕان ئەو هێزە  نییە سەرچاوەى کێشەکان و گەندەڵى و نادامەزراوەیی و پەرتکردنى هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بێت، بەڵکو پڕۆژەى گشتگیرى هەبوە و گوێى لێنەگیراوە.

کاردۆ محەمەد، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان ناوەڕۆکى دواکۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى دەخاتەڕو کە راگەیەندراوێکى لەبارەوە بڵاوکرایەوە و دەڵێت: لە کۆبونەوەکەدا دۆخى سیاسى و ناوچەکە و ئاڵنگارى و پێشهاتەکان و کاریگەرى و لێکەوتەکانى لەسەر هەرێمى کوردستان و بژێوى هاوڵاتیان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا کە بەشێوەیەک مامەڵە بکرێ بارى قورسى سەر ژیانى خەڵک کەمبکرێتەوە، هەروەها پرسى ئاشتەوایی نێوخۆیی و خۆڕێکخستنەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیاردرا کۆنفڕانسى نیشتیمانى ببەسترێ و بەپێى دەستورى ناوخۆیی خانەى راپەڕاندن هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرکردایەتیکردنى بڕیارەکانى پەیوەست بە قۆناغى نوێ و هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەى سیاسى.

دەشڵیت: گۆڕان یەکێکە لەو هێزانەى بە پاشەکشەکردنى بۆشاییەکى گەورە دروستبوە لە نوێنەرایەتیکردنى داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان، بۆیە لاوازبون و پاشەکشەى گۆڕان لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندى هێزەکانى دەسەڵاتە، بۆیە بڕیارمانداوە ئومێدێک بۆ گۆڕان بە چونەوە سەر رێچکەى نوینەرایەتى داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان و ئەوانەش کە ئیرادەیان هەیە و خەڵکى بەرژەوەندخواز نین پێویستە سوربن لەسەر ئەوەى ئەم بزوتنەوەیە بخەنەوە سەر ئەو رێبازە و هەموان پێکەوە و لە بەرەیەکدا لەسەر خاڵە کۆک و هاوبەشەکان پێکەوە کاربکەین، چونکە گۆڕان ئەو هێزە  نییە سەرچاوەى کێشەکان و گەندەڵى و نادامەزراوەیی و پەرتکردنى هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بێت.


هەواڵی زیاتر