رێكخه‌ری ژوری په‌رله‌مان: فراكسیۆنی گۆڕان رۆژی رابردو ئه‌وه‌ی سه‌لماند له‌ ئۆپۆزسیۆن بین یان له‌ ده‌سه‌ڵات نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ده‌نگی خه‌ڵك ده‌كه‌ین

06/10/2020

رێكخه‌ری ژوری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌دانیشتنی دوێنێی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ ئاماده‌بونی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی ئه‌وه‌ی گرنگ بو په‌رله‌مانتاران و به‌ تایبه‌ت په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان خستیانه‌رو، ئێستا ئه‌وه‌ی به‌لای خه‌ڵكه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌نگاوی كردارییه‌، ببینین كه‌ خه‌ڵكی گه‌نده‌ڵ دراوه‌ته‌ دادگا، ببینین كه‌ شه‌فافیه‌ت كه‌وتۆته‌ بواری نه‌وت، ببینین له‌كاتی خۆی خه‌ڵك موچه‌ وه‌رده‌گرێت، ببینین كه‌ مه‌وداكانی ئازادی ته‌سك نه‌بونه‌ته‌وه‌، خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ئه‌م راستیانه‌ به‌كردار ببینێت ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌مه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین كه‌ قسه‌كان ببنه‌ كردار.

كاردۆ محه‌مه‌د، رێكخه‌ری ژوری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ سایتی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی راگه‌یاند: ئاماده‌بونی حكومه‌ت له‌ په‌رله‌مان سه‌ره‌تایه‌كی ئیجابییه‌ بۆ ئه‌ركی په‌رله‌مان له‌ كاری چاودێری به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت و به‌دواداچون بۆ ئه‌و كارنامه‌یه‌ بكات كه‌ حكومه‌تی له‌سه‌ر پێكهاتوه‌.
 
رێكخه‌ری ژوری په‌رله‌مان، ده‌شڵێت: فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی رابردو له‌ رێگه‌ی پرسیاره‌كانیانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت كه‌ پرسیار و خواستی خه‌ڵك بون ئه‌و راستییه‌یان دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكومه‌ت بن یان ئۆپۆزسیۆن خه‌مخۆر و داكۆكیكاری راسته‌قینه‌ی مافه‌كانی خه‌ڵكه‌.


هەواڵی زیاتر