فراکسیۆنی گۆڕان : یەکێتی و پارتی لە جیاتی چاککردنی ژیانی خەڵک خەریکی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەکانی مێژون
17/10/2020
فراکسیۆنی گۆڕان، لە پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت: دەبێت بایی ئەوەندە ئاوڕ لە رابردو بدەینەوە کە ئەزمونی لێوەرگرین بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو ،هەڵەو خراپی وکەموکورتیەکان دوبارەنەکەینەوە تا ئاڵای کوردستان و خاک ونەوەکانی ئێستاو داهاتومان پارێزراو بن بە ھیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین لە چەند رۆژی رابردووەوە بەڕێوەدەبرێن.
ڕاگەیەنراوی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
بۆ ڕای گشتی و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان
لە کاتێکدا کە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەرێت . میللەتەکەمان لەبەردەم قەیرانێکی قوڵی دارایی و خەمی موچە و نەبونی کار و خزمەتگوزاری شایستەدایە . لە جیاتی چارەسەری ئەو سەختییانە و چاککردنی ژیانی خەڵک ، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ھەردوو تیمیان لە حکومەتی ھەرێم لە بری بیرکردنەوە بۆ داهاتویەکی گەش و ژیانێکی شەرەفمەندانەو خێراکردن لە ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەری نەبونی موچە و یەکخستن و بە نیشتیمانیکردنی هێزە چەکدارەکان و دانانی بناغەیەکی پتەوی ئابوری نیشتیمانی ،خەریکی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەکانی مێژون. لە کاتێکدا ئەرکی ھەردو هێزەکەو تەواوی هێزەکانی کوردستان پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی میلەتەکەمانە ، ئەرکی ھەردو تیمی حکومەتیشیان خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و ئەنجامدانی چاکسازیی و دژایەتی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەروازە سنوریەکانە ،نەک تێوەگلان بە کێشە سیاسیەکان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە .ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان جەخت دەکەینەوە کە دەبێت بایی ئەوەندە ئاوڕ لە رابردو بدەینەوە کە ئەزمونی لێوەرگرین بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو ،هەڵەو خراپی وکەموکورتیەکان دوبارەنەکەینەوە تا ئاڵای کوردستان و خاک ونەوەکانی ئێستاو داهاتومان پارێزراو بن بە ھیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین لە چەند رۆژی رابردووەوە بەڕێوەدەبرێن.
فراکسیۆنی گۆڕان
١٧/١٠/٢٠٢٠