به‌رنامه و ئاڕاسته‌كانی ته‌عریب له قه‌زای دوبز
26/11/2020
دوبز
له ماوه‌ی (50) ساڵی رابردو‌دا چه‌ندین گۆڕانكاری كارگێڕی به‌سه‌ردا هاتوه بە
ئامانجى تەعریب کردن، ئەو پڕۆسەیە هێشتا بەردەوامە و شایەنی له سه‌ر راوه‌ستان و
سه‌رنجدانی وردە بۆ تێگه‌یشتن له به‌رنامه‌كانی ته‌عریب و مه‌ترسیه‌كانی له‌سه‌ر
ئاینده‌ی كورد به گشتی.
ستافی قه‌زای دوبزى ژوری ناوچه كوردستانیه دابڕێنراوه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان، راپۆرتێکى ورد و پشت بەستو بە داتا و زانیارى ئامادەکردوە و (سبەى) دەقەکەى
بڵاو دەکاتەوە لەسەر به‌رنامه و ئاڕاسته‌كانی ته‌عریب له قه‌زای دوبز لە (50)
ساڵى رابردو‌دا کە تائێستاش بەردەوامیى هەیە.
راپۆرتەکە لەگەڵ گێڕانەوەیەکى مێژویى قەزاکە، ئاماژە بە هەوڵ و هەنگاوەکانى
سەرەتاى پڕۆسەى تەعریبکردنى دەکات و ئەوەش دەخاتەڕو کە له دوای روداوه‌كانی
ئۆكتۆبه‌ری (2017)، هه‌ندێك له‌و خێزانه عه‌ره‌بانه گەڕاونه‌ته‌وه قه‌زای دوبز،
به تایبه‌تی گونده‌كانی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان وه‌كو په‌ڵكانه‌و گابه‌ره‌كه و
لهێبان و ده‌رماناو..هتد فشار ده‌خه‌نه
سه‌ر خێزانه كورده بۆئەوەى گونده‌كانیان چۆڵ بكه‌نه‌وه.
دەقى راپۆرتەکە:
به‌رنامه و ئاڕاسته‌كانی ته‌عریب له قه‌زای دوبز
ستافی قه‌زای دوبز: ژوری ناوچه كوردستانیه دابڕێنراوه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان..
دوبز یه‌كێكه له قه‌زاكانی
پارێزگای كه‌ركوك، ده‌كه‌وێته باكور و باكوری رۆژئاوای پارێزگاكه و له‌گه‌ڵ
پارێزگای هه‌ولێر هاوسنوره، ژماره‌ی دانیشتوانی نزیكه‌ی (100000) سه‌د هه‌زار كه‌سه
و به‌سه‌ر ناوه‌ندی قه‌زاكه و دو ناحیه‌ی (سه‌رگه‌ڕان) و (پردێ) و (114) گوندا
دابه‌شبون.
له روی میژوییه‌وه قه‌زای دوبز وه‌كو یه‌كه‌ی
كارگێڕی، قه‌زایه‌كی نوێیه به‌راورد به هه‌ندێك له ناحیه‌و قه‌زاكانی دیكه‌ی
پارێزگای كه‌ركوك، وه‌كو قه‌زاكانی داقوق و خورماتو و كفری و چه‌مچه‌ماڵ، یان
ناحیه‌كانی سه‌ر‌قه‌ڵا و شوان و پردێ زۆر كۆنتر و مێژوییترن له قه‌زای دوبز.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ژێر كاریگه‌ری
كۆمه‌ڵیك هۆكاری سیاسی و ئابوری و جوگرافی، دوبز له ماوه‌ی (50) ساڵی رابردو‌دا چه‌ندین گۆڕانكاری
كارگێڕی به‌سه‌ردا هاتوه كه شایەنی له سه‌ر راوه‌ستان و سه‌رنجدانی وردن بۆ
تێگه‌یشتن له به‌رنامه‌كانی ته‌عریب و مه‌ترسیه‌كانی له‌سه‌ر ئاینده‌ی كورد به
گشتی.
باشوری كوردستان له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م
(1914-1918)و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی به ده‌وڵه‌تی تازه دروستكراوی
عیراقه‌وه لكێنرا، هه‌روه‌كو چۆن له ماوه‌ی (400) ساڵی رابردو‌دا عوسمانیه‌كان
هه‌وڵی زاڵكردنی كەلتوری توركیان ده‌دا، ده‌وڵه‌تی عیراقیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای
دروستبونیه‌وه ده‌ستی دایه فه‌رزكردنی زمان و رۆشنبیری عه‌ره‌بی به‌ڵام له
چوارچێوه‌یه‌كی مه‌عقوڵ و كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌تدا نه‌ك به توندوتیژی و زه‌قكردنه‌وه‌ی
جیاوازی ره‌گه‌زی و پۆلێنكردنی هاوڵاتی عیراقی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌و ئاین و
مه‌زهه‌ب .
دوای كوده‌تا یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق و
هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی گروپه شۆڤینیی و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌سته توندڕه‌وه‌كانی عه‌ره‌ب،
ئیتر له رێگای به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگ و جینۆساید‌كردن و به زۆرگۆڕینی باری نه‌ته‌وه‌یی
و پێكهاته‌ی دیمۆگرافی ناوچه‌كان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له یه‌كه كارگێڕیه‌كان
و ده‌ستكاری نه‌خشه‌ی كارگیری پارێزگاكان و .. هتد، بۆ تواندنه‌وه‌ی ته‌واوی گروپه
نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیكیه‌كان له‌بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا پیاده كرا.
قه‌زای دوبز یه‌كێكه
له‌و شارۆچكانه‌ی، به هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندیی به سه‌رچاوه سروشتیه‌كان و ستراتیژی
شوێنه‌كه‌ی و خاڵی به‌یه‌ك گه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌كانه‌وه، زۆر به توندی به‌ر شاڵاوی
ته‌عریب و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كه‌وتوه، له ماوه‌ی (40) ساڵدا له (1960 تا
2000) گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری له پێكهاته‌ی دانیشتوان و نه‌خشه و روبه‌رو به‌رزبونه‌وه‌و
نزمبونه‌وه‌ی پێگه‌ی كارگێریدا رویداوه، زیاتر له (90) گوندی كورد له‌م قه‌زایه‌دا
سوتێنراون و وێران كراون، دانیشتوانه‌كه‌ی راگوێزراون و تا ئیستاش ئاسانكاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان
نه‌كراوه، دوبز زیاتر له (350) شه‌هیدی هه‌یه و تائیستاش خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌تاییه‌كانی
بۆ دابین نه‌كراوه.
له‌م راپۆرته‌دا
ته‌نیا باسی نه‌خشه‌ی كارگێری قه‌زاكه ده‌كه‌ین كه به لایه‌نی كه‌مه‌وه له ماوه‌ی
ئه‌م (40) ساڵه‌دا چوارجار مه‌رسومی جمهوری بۆ ده‌رچوه، له گونده‌وه بكرێته
ناحیه و له ناحیه‌وه بكرێته قه‌زا، دواتر له قه‌زاوه بكرێته‌وه ناحیه و
جارێكی تر له ناحیه‌وه بكرێته‌وه قه‌زا، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا جێگای پرسیار‌و
تێڕامانه.
له بنه‌ڕه‌تدا دوبز
گوندێك بو سه‌ر به ناحیه‌ی پردێ، له سه‌رژمێری ساڵی (1957)دا ژماره‌ی دانیشتوانی
گوندی دوبز (1045)كه‌س بون، له روی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌مویان كوردبون، جگه له (17)خێزانی
عه‌ره‌ب كه بۆ كرێكاری به تایبه‌ت بۆ كریكاری كشتوكاڵی هاتبونه گونده‌كه.
ئه‌م گونده لە رۆژی (14/8/1960) بە مەرسومی جەمهوری
ژمارە (486) كرا بەناحیە (بڕوانه پاشكۆی ژماره 1) بێگومان له پێكهێنانی
هه‌ر ناحیه‌یه‌كیشدا پێویسته چه‌ند گوندێك هه‌بێت سه‌ر به ناحیه‌كه بن، بۆیه دوبزیش دوای ئه‌م بڕیاره، بوه ناوه‌ندێك
بۆ كۆكردنەوەی ژمارەیەك گوند‌و كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە و شێوازێكی نویی بەڕێوه‌بردن، گونده‌كانیش
له ناحیه‌ی حه‌ویجه (كه ئه‌و كاته ناحیه بو دواتر له ساڵی 1961دا بو به قه‌زا)
و ناحیه‌ی پردێ و قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك دابڕێنران و ناحیه‌ی دوبزیان لێ پێكهات،
نه‌خشه‌ی كارگێڕی ناحیه‌كه ئه‌م گوندانه‌ی ده‌گرته‌وه:
وه‌كو ده‌بینین لە كاتی پێكهێنانی ناحیەكە و له
یەكەم هەنگاودا گوندەكانی ( قەرەچەم، قەرەدەرە،عەمشە، مەرعی، قەڵاهەربەت، قوشقایە،
ئیدریس تەمر/كێف، چەخماغە، ئیدریس خەزعەل، ئیدریس هەیاس، سابونچی، ئیدریس عەرەب، دورم،
مەلاعەبدوڵا، كونەرێوی، بای حەسەن) كه ژماره‌یان (16) گوند بو لەسنوری ناحیەی پردێ
گواسترانه‌وه بۆ سەر ناحیە تازەكەی دوبز، هەروەها گوندەكانی (مشێرفە، ئەبوخورچە، مامە،
عەلەغێر، تویلعە، مەڵحەی خوارو، مەڵحەی سەرو، مەحگوڕ، مەنسیە، روبێزە، گوبێبە) كه
ژماره‌یان (11) گوند بو لە ناحیه‌ی حەویجە دابڕێنران و خرانه سه‌ر سنوری ناحیەی دوبز،
دێیەكانی (قوتانی خەلیفە، قوتانی بچوك، قوتانی گەورە، هەنجیرە، علاومەحمود، چراغ، باجوان،
گومبەتلەر، قەرەتەپە، رەمڵ) كه ژماره‌یان (10) گوند بو لە قەزای ناوەندی لیوای كەركوكی
ئەو سەردەمه دابڕاوە و خراوەتە سەر سنوری ناحیەی دوبز، به‌مه‌ش له سه‌ره‌تای
دروستبونیدا ناحیه‌ی دوبز له ناوه‌ندی ناحیه و (37) گوند پێكهاتوه .
ئەگەر لە روی نەتەوەییەوە سەیری بكەین ئەمە بەشێكە
لە سیاسەتی تەعریب و دورخستنەوەی هەژمونی كلتوری كوردى لە حەویجە و ناوەندی شاری كەركوك
و هەڵكشانی كلتوری عەرەبی بۆ باكورو باكوری رۆژهەڵات دوای پەڕینەوە لە روباری دیجلە
بۆ تێپەڕاندنی زێی بچوك، تا ئه‌و كاته رێژه‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی ناوه‌ندی
ناحیه‌ی حه‌ویجه و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری كورد بون، به‌م هه‌نگاوه مه‌ترسی هه‌ژمونی
كلتوری كوردی له‌سه‌ر ناحیه‌كه نه‌ما.
هەر بۆیە دەبینین لە قۆناغەكانی دواتردا، بە مەرسومی
جەمهوری ژمارە (33) لە رۆژی (6/11/1975) له ناحیه‌ی كه‌ندیناوه و قه‌زای مه‌خموری
سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر (39) گوند‌یان
دابڕی و خستیانه سه‌ر سنوری ناحیەی دوبزی پارێزگای كەركوك، له‌كاتێكدا رژێمی به‌عس
له‌و رۆژگاره‌دا كاری بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ریژه‌ی كورد ده‌كرد له كه‌ركوك و قه‌زای
دوبزدا:
له كاتێكدا دانیشتوانی ته‌واوی ئه‌م گوندانه
له روی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه كورد بون، وه‌كو ئاماژه‌مان پێكرد، حكومه‌تی عێراقی ئه‌و
سه‌رده‌مه‌ش به هه‌مو توانایه‌وه هه‌وڵی ده‌دا رێژه‌ی كورد له پارێزگای كه‌ركوك
كه‌م بكاته‌وه! كه‌واته پاڵنه‌ری ئه‌م بڕیاره چیه گونده‌كانی (مەلحەوالی و شەناغە
و دەربەند سارەرلو و گابەڵەكە و دركەی گەورە و دركەی گچكە و چەرت و گێسمە و تەلهەلالە
و گەزوەشان و شەحەل و كەنداڵ و سلێمان بەخشان و داودگورگە و سەرگەڕان و خەرابە و پەڵكانە
و خەسرەو بۆڵاق و عەۆڵافات و سەربەشاخ و دەربەندی گۆمی و قوچ و لهێبان و خۆشاو و سێقوچان
و قەپڵان و جاستان و قەربۆتك و دەرماناو) كه ژماره‌یان (28) گوند بو بخاته سه‌ر
ناحیه‌ی دوبز؟، هەروەها بە هەمان مەرسوم دێیەكانی (بیرمهێدی و قەڵاتەسۆرانی بامەند
و سارتك و هەمین مردی و هەمزەئاغا و دوازدە هەوار و خازر و چاربەردان و گرد رەوە و
گراو و كەندی بەكر) كه ژماره‌یان (11) گوند بو، لە سنوری قەزای مەخموری پارێزگای هەولێری
دابڕی و خستیە پاڵ سنوری ناحیەی دوبزی پارێزگای كەركوك، له راستیدا ئه‌مه
جێگای پرسیاره؟.
ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس
هه‌وڵی په‌رشوبڵاوه پێكردنی گونده كوردیه‌كانی ده‌دا، ده‌یویست ورده ورده رێژه‌ی
پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی له قه‌زاو ناحیه و ناوچه كوردیه‌كاندا به‌رز بكاته‌وه، له‌م
هه‌نگاوه‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه بو بیره نه‌وته‌كانی ئه‌و گوندانه له چوارچێوه‌ی
سنوری ناوچه ئۆتۆنۆمیه تاك لایه‌نه‌كه‌ی خۆیشیدا نه‌مێنن، چونكه ئه‌گه‌ر بۆ
سیاسه‌تیش بوبێت له ئاداری (1974)ه‌وه دانی به‌وه‌دا نابو ئه‌و ناوچانه خاكی
كوردن.
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌و
سیاسه‌ته تێبگه‌ین پێویسته زۆر به وردی سه‌رنج بده‌ینه هه‌نگاوه‌كانی دواتری پڕۆسه
ته‌عریب و به دواداچونی بۆ بكه‌ین هه‌تا ئاڕاسته‌كانیمان بۆ رون ببێته‌وه و له شێوازی
بیركردنه‌وه‌ی داڕێژه‌رانی پلانه‌كه تێبگه‌ین.
له بیر‌و هزری سه‌ركرده‌كانی
به‌عسدا به‌رنامه‌ی چۆڵكردن و روخاندنی گونده كوردییه‌كان رابردویه‌كی قوڵی هه‌بو،
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رنامه و نه‌خشه و پلانیان بۆ
داڕشتبو، به به‌رنامه‌یه‌كی چڕ و پڕ كاریان بۆ ده‌كرد، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به
نیازی له ناوبردنی كۆمه‌ڵگای لادێی كورد بون، كاتێك له‌م گوندانه‌دا نه‌وت به
رێژه‌یه‌كی زۆر دۆزراوه‌ته‌وه، ئه‌م گوندانه‌ش سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر و ناوچه‌ی
ئۆتۆنۆمی بون، كه خۆیان دانیان پێدا نابو، به‌ڵام به كوردیان ره‌وا نه‌ده‌بینی
كاتێك هه‌مو گونده‌كانیش تێكده‌ده‌ن، روبه‌رێكی زه‌وی كوردستان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی
كورددا بێت و نه‌وتی تێدا بێت!، بۆیه پێش روخاندنی گونده‌كان له روی ئیداریه‌وه
ئه‌م گوندانه‌یان گواسته‌وه سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك، له هزری ئه‌واندا كه‌ركوك خاكی كورد
نه‌بو! چه‌ند ساڵێكیش بو به پراكتیكی ده‌ستیان به ده‌ركردنی كورد كردبو له كه‌ركوك.
به‌م هۆیه‌وه تا ده‌هات روبه‌ری قه‌زای دوبز
فراوانتر ده‌بو، ژماره‌ی گونده‌كانی زیاتر ده‌بو، تا گه‌یشته (76)گوند، بۆیه بە مەرسومی
جەمهوری ژمارە (72) لە رۆژی (15/ 2/1976) دوبز له ناحیه‌وه كرا بە قەزا، به پێچه‌وانه‌وه، پیش‌تر دوبز گوندێك بو سه‌ر به
ناحیه‌ی پردێ، ئیستا دوبز بوه قه‌زاو پردێش ته‌نیا ناحیه‌ی قه‌زاكه‌ی پێكهێنا، له
سه‌ره‌تادا جگه له پردێ قه‌زای دوبز هیچ ناحیه‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌بو.
بارودۆخی سیاسی دوای نسكۆی (1975)و به‌هێزبونی
حكومه‌تی عێراقی و گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه هه‌مو له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی
ئه‌و كاته‌ی عیراق بو، ئیتر به‌عسیه‌كان ئاشكراتر و خیراترو به گوڕوتینی زیاتره‌وه
كه‌وتنه جێ به‌جێكردنی به‌رنامه‌كانیان، تا راده‌یه‌ك دڵنیابون له نه‌مانی مه‌ترسیه‌كان
و بێهیزی كورد و بێ ده‌نگی نێوده‌وڵه‌تی و پشتیوانی هه‌رێمی له سیاسه‌تی قڕكردنی
كورد، بۆیه هه‌نگاوی فراوانتریان نا بۆ هه‌ڵكشان به‌ره‌و باكور و باكوری رۆژهه‌ڵات
و ده‌ستكاریكردنی یه‌كه كارگێڕیه‌كان به گشتی.
له ساڵی (1977)دا به بڕیاریكی به ناو ئه‌نجومه‌نی
سه‌ركردایه‌تی شۆڕش ژماره (949)، زه‌ویوزاری (38) گوندی كورد له قه‌زاكه خرایه
سه‌ر وه‌زاره‌تی مالیه و له جوتیاره كورده‌كان سه‌ندرایه‌وه، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ
(242) خێزانی عه‌ره‌بی هاورده كرا كه له شار‌و شارۆچكه‌كانی باشور‌و ناوەڕاستی عێراقه‌وه
هێنرابون، روبه‌ری زه‌وی كشتوكاڵی ئه‌و (38) گونده نزیكه‌ی (118،727) دۆنم زه‌وی
بو، هه‌روه‌ها دانیشتوانی (12) گوندی دیكه ناچار كران تاپۆی زه‌یه‌كانیان ته‌سلیم
به حكومه‌ت بكه‌ن و گونده‌كانیان چۆڵ بكه‌ن.
له رۆژی 23/4/ 1979 دوای دو ساڵ له ده‌ركردنی
دانیشتوانی ئه‌و (12) گونده كوردنشینه له قه‌زاكه بڕیاری ژماره(14905)یان ده‌ركرد
بۆ دروستكردنی ناحیه‌یه‌ك له پارێزگای كه‌ركوك سه‌ر به قه‌زای دوبز به ناوی
(قودس= سه‌رگه‌ڕان) بۆ كۆكردنه‌وه‌ی عه‌ره‌به هاورده‌كان. (بڕوانه پاشكۆی(2) .
جگه له زه‌ویوزاری ئه‌و (12)گونده، (30)گوندی
دیكه‌شیان له قه‌زاو ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ر دابڕی و خیستیانه سه‌ر ئه‌م ناحیه
تازه دروستكراوه. به‌مه‌ش ژماره‌ی گونده‌كانی بونه (42) گوند.
سێیه‌كی نه‌وتی كه‌ركوك، واته زیاتر له (33%)
نه‌وتی كه‌ركوك له سنوری ئه‌م (42) گونده‌دایه، ژماره‌ی بیره نه‌وته‌كانی ئه‌م
روبه‌ره (378)بیره نه‌وته، پێنج وێستگه‌ی نه‌وتی گه‌وره‌ی لێ دروستكراوه، بریتین له وێستگه‌كانی (داودگورگه،
دڕكه‌ی كوردان، جاستان، سه‌ربه‌شاغ، ساره‌لو) به چوار له‌م ویستگانه ده‌گوترێت كێڵگه‌ی
نه‌وتی (ئاڤانا) و وێستگه‌ی داودگورگه‌ش سه‌ر به كێڵگه‌ی نه‌وتی بای حه‌سه‌نه.
رژێمی به‌عس به به‌رنامه كاری بۆ پاكتاوكردنی كوردی ناوچه‌كه ده‌كرد، تا روبه‌رێكی
گرنگی وه‌كو ئه‌م ناوچه‌یه كوردی تێدا نه‌مێنێت، بۆیه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی زه‌وی
كشتوكاڵی گونده چۆڵكراوه‌كانی قه‌زای دوبز، حكومه‌تی عێراقی له ساڵی (1984) ده‌ستی
به هه‌ڵمه‌تێك كرد بۆ هێنانی خێزانی عه‌ره‌ب له شاره‌كانی باشوره‌وه، به ناوی قه‌ره‌بوكردنه‌وه،
ناسنامه و تۆماری باری كه‌سی سه‌دان خێزانی عه‌ره‌بیان له دیوانیه و به‌غدا و
ناسریه‌وه گواسته‌وه بۆ كه‌ركوك (بڕوانه پاشكۆی 3)، به ماوه‌یه‌كی كه‌م ته‌واوی
زه‌ویوزاری گونده چۆڵكراوه‌كان به‌سه‌ر خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌دا دابه‌شكران .
له دوای ته‌واوبونی ئه‌و قۆناغه بیر له هه‌ڵمه‌تی
فراوانتر كرایه‌وه، له مانگی نیسانی (1987)دا ته‌واوی گونده كوردنشینه‌كانی قه‌زاكه چۆڵكران
و دانیشتوانه‌كانیان بۆ كۆمه‌ڵگای زۆرملێ له هه‌ولێر گواسترانه‌وه، ته‌نیا
گوندێكی كورد له ته‌واوی قه‌زای دوبزدا نه‌ما.
كاتێك سه‌رانی رژێم بە تەواوی لە تەعریبكردنی قەزاكە
دڵنیا بون و كوردی قه‌زاكه‌یان بە رێژەیەك كەمكرده‌وه ئیتر به مه‌ترسی نه‌زانن، پێیانوابو
كاتی ئه‌وه هاتوه هه‌نگاوێكتر به‌ره‌و ناوچه كوردنشینه‌كانی دیكه بنێین، بۆیه بە مەرسومی جەمهوری ژمارە
(434) لە رۆژی (11/9/1989) دوبز دەكه‌نەوە بە ناحیە و دەیخه‌نە سەر ناوەندی قەزای كەركوك،
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له هه‌نگاوه‌كانی دوای ئه‌و مه‌رسومه بده‌ین، ده‌بینین چه‌ند
ئامانجێك له پشت بچوكردنه‌وه‌ی قه‌زای دوبزه‌وه هه‌بو:
1- بۆ ئەوەی تەعریبی ناوەندی كەركوك بكه‌ن، چونكه
پێیانوابو به ته‌واوی قه‌زای دوبز ته‌عریب كراوه‌و پێویسته ئیتر فشار بخاته سه‌ر
ناوه‌ندی قه‌زای كه‌ركوك، رێژەی عەرەب لە ناوەند بەرز بكاتەوە، بۆیه ناحیه‌ی
دوبزیان خسته سه‌ر قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك.
2- ناحیه‌ی (پردێ)یان له پارێزگای كه‌ركوك دابڕی
و خستیانه سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر، بێگومان دوای چۆڵكردنی ته‌واوی گونده كوردیه‌كان
و به روبه‌رێكی فراوانی زه‌ویوزاری كشتوكاڵی چۆڵه‌وه، كه به نیازی پركردنه‌وه
و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه‌ی بون له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا.
3- دروستكردنی ده‌یان گوند و كۆمه‌ڵگای نیشته‌جێكردنی
خێزانه عه‌ره‌به هاورده‌كان له شوێنی گونده چۆڵكراوه‌كانی كورد له پردێ، دوای
ئه‌وه‌ی ده‌خرێته سه‌ر هه‌ولێر، به‌مه‌ش پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له پارێزگای هه‌ولێردا
دروست ده‌بێت.
4-جگه له عه‌ره‌ب، هه‌روه‌كو ده‌زانین سه‌دان
ساڵه له ناحیه‌ی پردێدا هه‌ردو پێكهاته‌ی كورد و توركمان پێكه‌وه ده‌ژین، یه‌كێك
له ئامرازه‌كانی ته‌عریب دروستكردنی ئاژاوه له نێوان كورد و توركمان و به‌كارهێنانی
توركمان بو دژی كورد، به بچوكردنه‌وه‌ی دوبز ده‌یانه‌ویست لە رێگای چەند خێزانێكی
توركمان و عه‌ره‌بی هاورده‌ی ناحیه‌ی (پردێ)وه ورده ورده كار له‌سه‌ر پێكهاته‌ی
دانیشتوانی هه‌ولێر و نوێنه‌رایه‌تیكردنیان له ئه‌نجومه‌نه‌كانی یاسادانان و راپه‌راندنی
ناوچه‌ی به ناو ئۆتۆنۆمی بكه‌ن.
5-له لایه‌كی تریشه‌وه له ساڵی (1985)ه‌وه
هه‌ڵمه‌تێكی تویژینه‌وه‌و نوسینی كتیب له‌سه‌ر هه‌ولێر له زانكۆكانی موسڵ و به‌غدا
ده‌ستی پێكردبو، باسی مێژوی نیشته‌جێبونی عه‌ره‌بیان ده‌كرد له شاره‌كه.
له مانگی نیسانی ساڵی (1987)دا بڕیاری چۆڵكردنی
ته‌واوی گونده‌كانی كوردستان ده‌رچو، قه‌زای دوبز یه‌كێك بو له‌و قه‌زایانه‌ی ئه‌م
بریاره‌ی به‌سه‌ردا جێ به‌جێ كرا، سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه‌ی سه‌ر به قه‌زای ناوه‌ندی
دوبزو ناحیه‌ی پردێ بون له ساڵی (1987) چۆڵكران، ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانیش هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه
و زه‌ویوزاره‌كانیان به ناوچه‌ی سه‌ربازی تۆمار كران و هه‌ر كوردێكیان له‌و
ناوچانه بگرتایه شوێنبزریان ده‌كرد، به‌ڵام له‌سه‌ر نه‌خشه و نوسراوه فه‌رمیه‌كاندا
ناوی گونده‌كان وه‌كو خۆیان مانه‌وه‌و دوباره تۆمار ده‌كرایه‌وه تا به عه‌ره‌ب
ئاوه‌دانیان بكه‌نه‌وه، زه‌ویوزاری هه‌مو ئه‌و گوندانه‌ی به چۆڵه‌وانی خرانه
سه‌ر ناحیه‌ی دوبز كه ناحیه‌ی دوبزیش له
روی كارگێریه‌وه خرابوه سه‌ر قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك، بریتی بون له‌مانه‌ی
خواره‌وه:
هه‌مو ئه‌م گوندانه، دوای
ئه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كانیان كه له (100%) كوردبون، راگوێزران و له ئۆردوگا زۆره‌ملێكانی
هه‌ولێردا نیشته‌جێكران، زه‌ویوزاره‌كه‌یان كه به چۆڵه‌وانی مابوه‌وه، له
سنوری ناحیه‌كانی شوان و پردێ و قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك دابران و خرانه سه‌ر
ناحیه‌ی دوبز كه له قه‌زاوه كرایه‌وه به ناحیه تا بخرێته سه‌ر قه‌زای ناوه‌ندی
كه‌ركوك و ناحیه‌ی پردێش بخرێته سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر!!
ئه‌و گوندانه‌ی له سنوری ناحیەی پردێ گوازرانەوە
بۆ سنوری ناحیەی دوبز بریتی بون له (قەرغەتو، كتكە، كەرتی كشتوكاڵی
ژمارە40ی پردێ
بەری كەركوك و قەرەبەگ و چیاچەرمگ گچكە و چیاچەرمگ
گەورە و دەرماناو گچكە و دەرماناو گەورە و گەڵۆزی و نەبیاوە و گورزەیی و
گەوەنی و قەرەسالم
و بیرەسپان گەورە و بیرەسپان گچكە و قادرباغر و رۆژبەیانی و یارمجە و
قەزنەفەر و شانەشین و كەڵور/باڵتوپە و خورمالوجە و دارەمان گچكە و حەسار
گەورە و گۆڵدەرەی گچكە و گۆڵدەری گەورە و بیبانی گچكە و زەردك وداره‌مانی
گه‌وره)
كه ژماره‌یان (28)گوند بو..
هەر بە هەمان مەرسومی جەمهوری ژمارە (434) لە رۆژی
(11/9/1989) ئەم دێیانەی لای خوارەوە له ناحیه‌ی شوان، كه له مانگی شه‌شی (1987)
به مه‌ركه‌زی ناحیه و هه‌مو گونده‌كانیه‌وه چۆڵكرابو و خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ
ئۆردوگاكانی پارێزگای هه‌ولێر راگوێزرابون، دابڕان و خرانه سه‌ر ناحیه‌ی دوبز، ژماره‌یان (22) گوند بو (تۆراغ و حەسار تەها و
دوبزنی و قادرزەمە و و بیراڵك و كارێز و توڵكی و عەلی بەیان و شەوگێر و پەڵكانە و دەرماناو
و حەمدون و مەرزیخەی خوارو ، مەرزیخەی سەرو ، كانی رەش ، جگیلە و حەسەنقەباغ و نەیبەسەرە
و جەوەجەوە و رێدار و قولی بەگ و حەسار گچكە).
به هه‌مان مه‌رسومی جمهوری حه‌وت گوندیش له قه‌زای
ناوه‌ندی كه‌ركوك دابران و خرانه سه‌ر ناحیه‌ی دوبز كه بریتی بون له گونده‌كانی
(هەنجیرە و باجوان و گومبەتلەر و عەلاوەمەحمود و قوتان خەلیفە و قوتان گچكە و قوتان
گەورە).
بۆیه ئه‌گه‌ری هه‌بو له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا
ئه‌گه‌ر راپه‌رین نه‌بوایه، دوای ته‌عریبكردنی ته‌واوی گونده‌كان، پردێ ده‌كرا به
قه‌زا و دوبز وه‌كو ناحیه‌یه‌ك ده‌خرایه سه‌ر پردێ! چونكه بڕیاری دروستكردنی ده‌یان
كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بنشین له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كانی ده‌وروبه‌ری پردێ درابو.
به‌ڵام په‌لاماردانی كوه‌یت و شه‌ڕی دوه‌می كه‌نداو
و راپه‌رینی خه‌ڵكی كوردستان و ئازادكردنی پردێ و كه‌ركوك و(هه‌رچه‌نده دوبز
ئازاد نه‌كرا له راپه‌رینی سالی 1991) وایانكرد سه‌رانی به‌عس به به‌رنامه‌كه‌یاندا
بچنه‌وه بۆ ته‌عریبكردنی كوردستان .
به تایبه‌ت دوای دروستبونی هه‌رێمی كوردستان و
جێگیربونی سنوری باشوری كوردستان له‌و هێڵه دیاریكراوه‌دا، هه‌لێكی بۆ حكومه‌تی
به‌غدا ره‌خساند له ساڵی (1992)ه‌وه تا
ساڵی (2003) جه‌خت بكاته سه‌ر ته‌عریبكردنی ناوچه كوردستانیه دابرێنراوه‌كان، ده‌ركردنی
خێزانه كورده‌كان و ناردنیان بۆ هه‌رێمی كوردستان و هێنانی عه‌ره‌ب له باشور و
ناوه‌راستی عێراقه‌وه‌و نیشته‌جیكردنیان له شوێنی خێزانه كورده ده‌ركراوه‌كان.
بەپێی یه‌كێك له‌و راپۆرتانه‌ی لیژنه‌ی كاروباری
باكور بۆ سه‌روی خۆی به‌رزی كردوه‌ته‌وه، به‌ژماره (314) له رێكه‌وتی (14/2/1998)
نوسراوه، له ساڵی (1991)ه‌وه تا كۆتای (1997) توانیویانه (38) گوندی ناوچه‌كه
ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌و گرێبه‌ستی كشتوكاڵی و دابه‌شكردنی زه‌وی له‌گه‌ڵ (1444) جوتیاری
عه‌ره‌بی هاورده ببه‌ستن، روبه‌ری زه‌وی كشتوكاڵی دابه‌شكراو به‌سه‌ر ئه‌و
جوتیارانه‌دا به گرێبه‌ست گه‌یشتوه‌ته (92322) دۆنم زه‌وی و (73802) دۆنمیش به‌سه‌ر
(588) جوتیاری عه‌ره‌بی هاورده‌ی دیكه‌دا دابه‌شكراوه.
بۆیه جارێكی‌تر بەمەرسومی جمهوری ژمارە (245) لە
رۆژی 25/10/2000 دوبز كرایه‌وه بە قەزا و بەهەمان مەرسوم ناحیەی سەرگەڕانیش كرایه‌وه به ناحیه و خرایه‌وه سەر قه‌زای
دوبز، دریژه به ته‌عریب كردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌مو گونده چۆڵكراوه‌كانی
كورد درا، له گونده‌كانی سه‌ر به ناحیه‌ی شوان و ناوه‌ندی كه‌ركوك، به هه‌زاران
خێزانی مه‌ڕداری عه‌ره‌ب نیشته‌جێكران، چه‌ندین كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب نشین له‌سه‌ر ئه‌و
زه‌ویانه دروست كرا‌و هه‌وڵیاندا ئه‌و گونده عه‌ره‌بنشینانه له ناحیه‌یه‌كدا كۆ
بكه‌نه‌وه‌و بیخه‌نه‌وه سه‌ر قه‌زای دوبز. ئه‌وه بو له گونده‌كانی كه‌ڵوڕ و گه‌ڵۆزی
و حه‌سارو دوبزنی و....هتد، به ده‌یان خانوبه‌ره‌ی گه‌وره‌یان دروست كرد‌و هه‌ندێك
بنه‌ماڵه‌ی عه‌ره‌بی به ناوی شێخ و سه‌ید و سه‌رۆك خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه نیشته‌جێكرد،
به ده‌یان بیری ئیرتوازی و كه‌ره‌سته‌و ئامیری كشتوكاڵیان بۆ ئه‌و خێزانانه
هێناو له‌سه‌ر ئه‌و پارچه زه‌ویه كشتوكاڵیانه‌ی كوردی نیشته‌جێكردن، به‌ڵام به
هۆی روداوه‌كانی ساڵی (2003) هه‌مو ئه‌و پڕۆژانه‌ی ته‌عریب راوه‌ستان و له‌سه‌ره‌تادا
سه‌رجه‌م عه‌ره‌به هاورده‌كان گه‌رانه‌وه‌و له ناوچه كوردیه‌كاندا نه‌مان، دواتر
پاش ده‌رچونی ماده‌ی (140)و بریاری قه‌ره‌بو كردنه‌وه‌ی عه‌ره‌به هاورده‌كان به
بڕی بیست ملیۆن دینار، جارێكی‌تر هه‌مو گه‌رانه‌وه بۆ ناوچه كوردستانیه
دابرێنراوه‌كان و مامه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بو كردنه‌وه‌یان پیشكه‌شكرد تا بگه‌رێنه‌وه سه‌ر
شوێنی ره‌سه‌نی خۆیان له شاره‌كانی ناوه‌راست و باشوری عێراق، له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نیا
(1896)خێزانی عه‌ره‌بی هاورده قه‌ره‌بویان وه‌رگرت و گرێبه‌ستی زه‌ویه‌كانیان هەڵوه‌شانده‌وه،
له‌وانه‌ش (249)خێزانیان له جوتیاری عه‌ره‌به هاورده‌كانی سه‌رگه‌ڕان بون، به‌ڵام
تا نزیكی كۆتایی سالی 2007یش هیشتا (1408)خێزانی عه‌ره‌بی هاورده له ناوچه‌كه
چاوه‌ڕوانی قه‌ره‌بو كردنه‌وه بون و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گریبه‌سته‌كانیان كۆتایی
نه‌هاتبو.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای
سه‌رنجه دوای وه‌رگرتنی قه‌ره‌بو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته كشتوكاڵیه‌كانیان
له دوای روداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری (2017)، هه‌ندێك له‌و خێزانه عه‌ره‌بانه گەڕاونه‌ته‌وه
قه‌زای دوبز، به تایبه‌تی گونده‌كانی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان وه‌كو په‌ڵكانه‌و گابه‌ره‌كه
و لهێبان و ده‌رماناو..هتد فشار ده‌خه‌نه
سه‌ر خێزانه كورده گه‌ڕاوه‌كان تا گونده‌كانیان چۆڵ بكه‌نه‌وه.
پاشكۆكان
پاشكۆی (1)
پاشكۆی (2): دروستكردنی ناحیه‌ی قودس= سه‌رگه‌ڕان
پاشكۆی (3): گواستنه‌وه‌ی ناسنامه‌و باری كه‌سی
خێزانه عه‌ره‌به‌كانی دیوانیه بۆ كه‌ركوك.