د.محەمەد شوانی: دۆخی کورد لە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان خراپە

10/07/2023

رێکخەرى ژورى ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دۆخی کورد لە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان خراپە و ئەوەش پەیوەندى بە نەبونى یەکڕیزى و بەرنامەى ستراتیژى درێژخایەنى کوردەوە هەیە، ئەرکى ئەم قۆناغەى کورد بەتایبەتى پارتى و یەکێتى وەلاخستنى بەرژەوەندى حیزى و بنەماڵەیی و کەسییەکانە وەک ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان لە سەرەتاوە پێداگرى لەسەر دەکرد و هۆشدارى دەدا لەوەى لە ئەنجامى ئەو ململانێیانە مافەکانى کورد لەو ناوچانە لەدەست بدرێن.

د.محەمەد شوانی، رێکخەرى ژورى ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاشکراى دەکات کە دۆخی کورد لە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان خراپە و ئەمڕۆ لە هەموکات زیاتر ئەوە زەق بوەتەوە و"بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی لە کەرکوک و تەواوى ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، مافەکانی کوردی خستوەتە بەردەم مەترسییەوە و مافە نەتەوەیی و پرسە نیشتیمانییەکان پەراوێز خراون.

شوانى رەخنەى ئەوە دەگرێت کە کورد و دەسەڵاتدارەکانى لەکاتى بەهێزبوندا پێشتر نەیتوانى بەپێى دەستور مافەکانى کورد لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان جێبەجی بکات و هەر زوو گۆڕان و کاک نەوشیروان لە بەرنامە و پاکێجەکانیاندا هۆشداریی ئەو مەترسیانەیان خستەڕو کە لە ئەنجامى ئەو ململانێیانە مافەکانى کورد لەو ناوچانە لەدەست بدرێ، ئەو مامەڵەیەش کە پارتى و یەکێتى لەو ناوچانە دەیکەن بە زیانى خەڵکى ئەو ناوچانەیە، دەشڵێت: هیچ ئومێد و گەشبینییەک نییە و تا کورد یەکڕیز نەبێت و خۆى رێکنەخاتەوە و بەهێزنەبێتەوە و نەتوانێت فشار بکات بەدەستهێنانى مافەکانى کورد لەم ناوچانە زەحمەتە و نابێت ئومێدى گەورەمان بەوە هەبێت لەم رەوشە نالەبار و پەرتەوازەییەدا بە هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى مافەکانى گەلى کورد بەدى بێ".

دەشڵێت: پەرتەوازەیی و ململانێ لە هەرێم کاریگەرى لە مافەکانى کورد لە ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان دەبێت و خراپى دۆخى کوردیش لەوێ پەیوەندى بە نەبونى یەکڕیزى و نەبونى بەرنامەى ستراتیژى درێژخایەنى کوردەوە هەیە، بۆیە "ئەرکى ئەم قۆناغەى کورد بەتایبەتى پارتى و یەکێتى وەلاخستنى بەرژەوەندى حیزى و بنەماڵەیی و کەسیەکانە و دانانى بەرنامەیەکى تۆکمەى نەتەوەیی و نیشتیمانیە کە جەخت لە گەڕانەوەى ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بکات، نەک کێ و چ لایەنێک زیاتر دەنگ دێنێ"


هەواڵی زیاتر