کاردۆ محەمەد: پاشەکشەی‌ زۆر دەبینرێت لەسەر ئەو دەستکەوتانەی کورد لە ماوەی رابردوو بەدەستیهێناون لە عێراقدا

18/01/2021

رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛لەئێستادا پاشەکشەی‌ زۆر دەبینرێت لەسەر ئەو دەستکەوتانەی کورد لە ماوەی رابردوو بەدەستیهێناون، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، هێزە سەرەکییەکانی هەرێم مامەڵەیەکی نیشتمانی و پیشەییان لەگەڵ عێراق نەکردووە، بەتایبەت کێشە دەستورییەکانی وەک خاک و ماف و شایستە داراییەکان و فیدڕاڵیەت.

کاردۆ محەمەد، رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە کاتی بەشداریکردن لە گەشتی هەواڵەکانی دەنگی گۆڕان رایگەیاند: تائیستا هیچ ئیرادەیەک نابینرێ کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، دەشڵێت: کورد بە درێژایی (100) ساڵی رابردوو کێشەی لەگەڵ عێراق هەبووە، بەڵام چونکە خاوەن پڕۆژەی نیشتمانی نەبووە؛ کێشەکان بێ چارەسەر ماونەتەوە.

 رێکخەری ژوری پەرلەمان دەشڵێت: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق پێویستی بە چەند رێکار و بڕیارێک هەیە، بەتایبەت خۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام تائێستا هیچ ئیرادەیەک نابینرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوە.

وتیشی: "زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن، بەڵام ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن هیچ لایەنێک بوێری ئەوەی نیە خۆی بخاتە ژێر باری".

کاردۆ محەمەد، باسی لەوەشکرد،  کورد لە ماوەی (100) ساڵی رابردودا لە عێراق کێشەی هەبوە، لەوانە کێشەی (خاک، بەشداری، دارایی) و چەندین کێشەی دیکە، بەڵام تائێستا ئەو کێشانە بەردەوامن و چارەسەر نەکراون.

لەبارەی رۆڵ و تێڕوانی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە وتی: رۆڵی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە بڕوامان وابووە کە خاوەنی پڕۆژەی نیشتمانی بین بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق لە ئاستی کێشە دەستورییەکان، ئەوەش بەچارەسەر دەزانین نەک بەرژەوەندی حیزبی و کەسی کە بوەتە هۆی ئەوەی ئێستا مەترسی لەسەر فیدڕاڵییەت و ماف و خاک و شایستە داراییەکانی هەرێم دروست بووە.


هەواڵی زیاتر