دلێر حسێن: رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاگان لاواز کراوە
13/02/2021
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت جێگرکردنی لامەرکەزیەت لای بزوتنەوەی گۆڕان کاری لەپێشینەیە و بە پێویستیشی دەزانێت لامەرکەزی بۆهەمو ناوچەکان بێت، دەشڵێت ناکرێت پرسی لامەرکەزی وەک کارتی فشار بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی بەکاربهێنرێت.
دلێر حسێن، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیای (KNN)، رایگەیاند: لامەرکەزی گونجاوترین سیستمی حوکمڕانیە لەجیهاندا، بۆیە جێگیرکردنی لامەرکەزی لای بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتای دامەزراندیەوە ئەولەویەت بوە وهەمیشە داکۆکی لێکردوە، لە کاری رێکخراوەییشدا پەیڕەوی کردوە.
راشیگەیاند: دەمانەوێت سیستمی لامەرکەزی نەک تەنها لە پارێزگاکان، بەڵکو لەسەر ئاستی قەزا و ناحیە و گوندەکانیش پەیڕەو بکرێت، نامانەوێت تەنها بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو بێت، چونکە لەو حاڵەتەدا سەرکەتو نابێت، پێمانوایە پەیڕەوکردنی سیستمی لامەرکەزی بۆ دهۆک و هەولێریش پێویستە.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر باسی لەوەشکرد، ناکرێت پرسی لامەرکەزی وەکو کارتێکی فشار بۆ بەدیهێنانی هەندێک ئامانجی سیاسی بەکاربهێنرێت.
دلێر حسێن بەپێویستی دەزانێت کە شەراکەتی راستەقینە لەهەولێر رەنگبداتەوە، چونکە قورسایی حکومەتی هەرێم کەوتوەتە سەر ئەو پارێزگایە و لەدێر زەمانیشەوە نمونەی پێکەوەژیان بوە، بۆیە ناکرێت هەولێر لەلایەن تەنها یەک لایەنی سیاسییەوە بەڕێوەببرێت و هەمو جومگەکانی قۆرخ بکات.
سەبارەت بە رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی: رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاگان لاواز کراوە، بەتایبەتی لەپارێزگای هەولێر، چونکە عەقڵیەتێک هەیە لەو پارێزگایە کە کار لەسەر بنەمای کەمینە و زۆرینە دەکات.