ئاشنا عەبدوڵا: هیچ پاساوێک نەماوە بۆ بڕین و نەگەڕانەوەى دەرماڵەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان

15/11/2021

پەرلەمانتارێکى گۆڕان بە واژۆى (48) ئەندامى پەرلەمانى کوردستانەوە یاداشتێک ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان دەکات تایبەت بەو پرسە و خستنە بەرنامەى کارى دانیشتى پەرلەمانەوە، دەشڵێت: هیچ پاساوێک نەماوە بۆ بڕین و نەگەڕانەوەى دەرماڵەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان.

ئاشنا عەبدوڵا ئەندامى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پەرلەمانى کوردستان، لەبارەى جوڵاندنى ئەو پرسە و هەوڵدان بۆ دوبارە خەرجکردنەوەى دەرماڵە بۆ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان، دەڵێت: لە ساڵى (2015) بۆ (2016)دا دەرماڵەى خوێندن بە چەند بەهانە و پاساوێک بڕدرا لەوانە شەڕى داعش و دابەزینى بەهاى نەوت و بڕینى پشکى هەرێم لە بەغدا و قەیرانى داراییەوە، بەڵام ئێستا ئەو پاساوانە هیچى نەماون، بۆیە پێمانوایە هیچ بەهانەیەک نییە بۆ بڕین و نەگەڕانەوەى دەرماڵەى خوێندن بۆ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان.

دەشڵێت: هەر لەسەر ئەو بنەمایەش لە یاداشتێکدا کە (48) پەرلەمانتار واژۆیان کرد، داوامان لە سەرۆکایەتى پەرلەمان کردوە ئەو گەڕاندنەوەى دەرماڵەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بخاتە بەرنامەى کارەوە و وەزیرە تایبەتمەندەکان بانگهێشتى دانیشتنەکە بکرێن.

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان ئەوە دەخاتەڕو؛ دەرماڵەى خوێندکاران پاڵپشتییەکى یاسایى هەیە بەپێى یاساى "خدمةى مدنى" هەموار کراو و و بودجەى (2021)ى عێراق کە هەردو حکومەتى هەرێم و عێراق لەسەرى رێککەوتون، بۆیە "نەدانى دەرماڵە پێشێلکاریى یاساییە و ئێمە هەوڵى جدى دەدەین بۆ گەڕاندنەوەى ئەو مافەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش لە پەرلەمان رونکردنەوەمان پێ شبدەن".


هەواڵی زیاتر