رێبوار ئەحمەد: هەرێمى کوردستان داهاتى زیاد لە خۆى هەیە، بەڵام بەڕێوەبردنێکى ناتەندروستى هەیە و بەشێکى زۆرى داهاتەکەى قۆرخ دەکرێت

13/04/2022

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ هەرێمى کوردستان داهاتى زیاد لە خۆى هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەى بەڕێوەبردنێکى ناتەندروستى هەیە و بەشێکى زۆرى داهاتەکەى لەلایەن دەسەڵاتەوە قۆرخ دەکرێت و بەهەدەر دەدرێت، بۆیە ناتوانرێت ئیدارەى خەڵک و موچەخۆران و دامەزراوەکانى حکومەت بکرێت و دابینکردنى پێداویستى و خزمەتگوزارییەکانى خەڵک لە نزمترین ئاسدایە، دەشڵێت: ئێستاش دەست بکرێت بە حکومڕانییەکى رەشید، دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و دەتوانرێت هەمو قەیرانەکان تێپەڕێنرێت.

رێبوار ئەحمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، لە لێدوانێکدا بۆ سایتى (گۆڕان)، دەڵێت: باوەڕى تەواومان وایە کە ئەم وڵاتە، وڵاتێکى ئاوەدانە و داهاتى زیاد لە خۆى هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەى بەڕێوەبردنێکى ناتەندروستى هەیە، بۆیە ناتوانرێت ئیدارەى خەڵک و موچە خۆران و دامەزراوەکانى حکومەت بکرێت و پێداویستى و خزمەتگوزارییەکانى خەڵک لە ئاو و کارەبا و دەرمان و رێگاوبان و تەنانەت کۆکردنەوەى خاشاک دابین بکرێن.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات؛ هۆکارى سەرەکى ئەم دۆخە ئەوەیە دەسەڵات بەشێکى داهاتى ئەم وڵاتە بۆ خۆى قۆرخ دەکات و بە چەندین رێگە داهاتەکان دەبات، دەشڵێت: ئێمە لە فراکسیۆنەکەمان جگە لە نوسرا و و راپۆرت، هەڵوێستى ئاشکرامان هەبوە لەبارەى هۆکارەکانى ئەم دۆخە قەیراناویەى بەرۆکى هاوڵاتیانى کوردستان و پارێزگاى سلێمانى گرتوە و پێمانوایە؛ ئێستاش هێشتا درەنگ نییە و ئەگەر کەسانێکى خاوەن ئەزمون و دڵسۆز و نیشتیمانیى و دادپەروەر حکوم بکەن و ئیدارەدانێکى تەندروست و رەشید لە قازانجى هاوڵاتیان بگیرێتە بەر، دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و دەتوانرێت هەمو قەیرانەکان تێپەڕێنرێت.

وتیشى: وەک فراکسیۆنى گۆڕان یاداشتمان بۆ بانگهێشتى بەڕێوەبەرى بانکى ناوەندى سلێمانى پێشکەش کردوە، کار بۆ چالاککردنەوەى لیژنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاش دەکەین بۆ چاودێرى زیاترى دامەزراوەکانى حکومەت لە سنورى پارێزگاى سلێمانى.


هەواڵی زیاتر