هەرێم؛ بەرەو سیستمى پەرلەمانى

23/12/2018

راپۆرت: سەنگەر کوردە

ئاڕاستەکان بەرەو ئەوەن سیستمى پەرلەمانیى لە هەرێمى کوردستان جێگیر بێت، ئەوەش یەکێکە لەو پڕۆژە و بەرنامانەى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە هەوڵى بۆدەدات لەپێناو رێگرى لە ئەگەرى سەرهەڵدانى دیکتاتۆریەت.

گۆڕینی سیستمی سیاسی و حكومڕانی
بزوتنەوەى گۆڕان لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە لە ساڵى (2009)ەوە، کارى کردوە و پرۆژەى پێشکەشکردوە بۆئەوەى سیستمى سیاسى و حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان پەرلەمانیى بێت، لە بەرنامەى هەڵبژاردنى (30)ى ئەیلولى رابردودشدا بە رونى ئاماژەى بەوە کردوە ئەو پێداگرییە بۆ بۆ رێگریكردن لە مەترسی سەرهەڵدانی سیستمێكی دیكتاتۆری.

عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان، لەو بارەیەوە بە (سبەى) وت: "دیدى ئێمە لە رابردوەوە بۆ ئێستا ئەوە بوە کە سیستمى تەواوەتى پەرلەمانیى بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەم دۆخەى هەیە باشترین سیستمە، چونکە کاتێک سەرۆک لەناو خەڵکەوە هەڵدەبژێرێت بەو دەسەڵاتە زۆرەى دەیبێت لە ژێر هیچ چاودێرییەکى پەرلەماندا نابێت، ئەمە رەنگە لە دۆخێکدا هەرێمى کوردستان بەرەو دیکتاتۆرییەکى زۆر گەورە و خراپ ببات، لە ئەنجامدا کاولکارى بەدوادا بێت".

گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى بابەتێکى کەسى و شەخسى نییە، پەیوەندى بە دیدى گۆڕانەوەیە بۆ سیستمەکە
بابەتەکە شەخسى نییە
لە رابردودا لێکدانەوەى ئەوە دەکرا وروژاندنى ئەو پرسە لەلایەن بزوتنەوەى گۆڕانەوە مەبەستى شەخسی لەپشتەوەیە، بەڵام کاتێک کۆدەنگى لەسەر هەڵپەساردنى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هاتە ئاراوە بۆچونەکان گۆڕانکارییان بەسەرداهات، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە بزوتنەوەکە وەک پرسێکى نیشتمانى لەو بابەتە دەڕوانێت.

عەلى حەمەساڵح دەڵێت: "لاى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوە بابەتێکى کەسى و شەخسى نییە، دیدی ئێمە ئەوەیە؛ لە سیستمى پەرلەمانیدا سەرۆک وەزیران بە کردایى دەسەڵاتى جێبەجێکردنى هەیە، سەرۆکى هەرێمیش کە لەناو پەرلەمان هەڵبژێرێت ئەگەر بەشێک لە دەسەڵاتەکانیشى هەبێت دەبێت لەژێر چاودێرى پەرلەماندا بێت، واتە چاودێرى هەبێت، چونکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کاکردن بەبێ چاودێریى مەترسى چون بەرەو دیکتاتۆریى لێدەکرێت".

دەشڵێت: "چەسپاندنى سیستمى پەرلەمانى هەڵوێستێکى نەگۆڕە لاى گۆڕان، چونکە ئێمە پێمانوایە کاتێک سەرۆکى هەرێم لەژێر چاودێرى پەرلەمان هەبێت دڵنیاییەک هەیە، ئەمە پەیوەندى بە شەخسەوە نییە ئەوەى ئێمە پێداگرى لێدەکەین پەیوەندى بە دیدى ئێمە بۆ سیستمەکە و عەقڵیەتى بەڕێوەبردن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە، چونکە رەنگە رۆژێک کەسێک لەو پۆستەدا بەرەو دیکتاتۆرى بڕوات ئەگەر هاتو بەرپرسى سوپا و هێزى ئەمنى و پەیوەندى دەرەکى و پرسى نەوت بێت و مەرسومى حاکمەکان دەربکات".

هاوتەریب لەگەڵ عێراق
بەپێى دەستورى عێراق سیستمى حوکمڕنى پەرلەمانییە، سەرۆک کۆمار بە گشتى دەسەڵاتەکانى تەشریفاتین و زۆرینەى دەسەڵاتەکان لاى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانە و هەر خۆشى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانە و لەبەرامبەردا کارەکانى لەژێر چاودێرى پەرلەماندایە، بەوپێیەى پەرلەمان متمانەى پێدەبەخشێت و هەر خۆشى دەتوانێت لەکاتى لادانى لە شاڕێگەکە، متمانەى لێوەربگرێتەوە و لەکارى بخات.

نەوشیروان مستەفا: گونجاوترین سیستمى سیاسى بۆ کوردستانى عێراق سیستمى پەرلەمانییە هاوشێوەى بەغدا
لە چەند ساڵى رابردودا و لەکاتى هەوڵەکان بۆ هەموارى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و نوسینەوەى پڕۆژەى دەستورى هەرێم زۆرینەى داواکارییەکان بەو ئاڕاستەیەبون، بەشێوەیەک دواى سەردانى یوسف محەمەد سادق سەرۆکى خولى پێشوى پەرلەمانى کوردستان بۆ لاى بزوتنەوەى گۆڕان، نەوشیروان مستەفا لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى هاوبەشدا وتى:"ئەجێنداى کۆبونەوەکە ئەوەبو کە دەیانویست بۆچونى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى پرسى دەستورى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بزانن، ئێمە لە ئەنجامى هەڵسەنگاندنى هەلومەرجى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و سیستمى سەرۆکایەتى لە وڵاتانى جیاجیا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بیرو بۆچونى خۆمان پێڕاگەیاندن کە پێمانوایە گونجاوترین سیستمى سیاسى بۆ کوردستانى عێراق سیستمى پەرلەمانییە هاوشێوەى بەغدا".

ئێستاش سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئەوە دەخاتەڕو کە لە عێراق سیستمێکى پەرلەمانى جێگیرى رون هەیە، "پێویستە هەرێمى کوردستان سیستمێکى هاوشێوەى عێراق یان نزیک لەوەى عێراق پەیڕەو بکات".

..

 

..

 

 

..

هەموار کردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم
لە چەند ساڵى رابردودا زۆرینەى گرفتەکان لەسەر یاساى سەرۆکایەتى هەرێم بو ئەوەش بەهۆى ئەو دەسەڵاتە زۆرانەى لەو یاسایەدا بە پۆستى سەرۆکى هەرێم درابون، بەشێوەیەک لە خولى پێشوى پەرلەماندا پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە لە (18) ماددە پێكهاتبو، بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لەسەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی پێشکەشکرا و دواتر بەهۆى هەوڵەکانى نەکەوتنە بۆشایى یاسایى هەرێم و گۆڕینى سیستمەکە لەلایەن گۆڕان و چەند لایەنێک و داکۆکى پارتى لە بەردەوامبونى دۆخەکە پەرلەمان پەکخرا.

پارتى کاندیدى بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم هەیە و ئامادەیە لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت

دواى دوساڵ لە پەکخستنى پەرلەمان و دواتر دەستبەکاربونەوەى لە (11)ى تەموزى ئەمساڵ پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەى دەنگ یاساى ژمارە (10)ى ساڵى (2018)ى تایبەت بە یاساى هەڵپەساردنى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەڕێمى کوردستانى پەسەند کرد کە لەشەش ماددە پێکهاتوە.

لە مادەى یەکەمى یاساکەدا هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى هەرێم دواخرا کە دەبو لەگەڵ هەڵبژاردنى پەرلەماندا بەڕێوە بچوایە، لە ماددەى دوەمیشدا جەختکراوەتەوە لە دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى سەرۆکایەتى هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستورییەکاندا.

هاوکات لە مادەى سێیەمى یاساکەدا هاتوە؛ لەسەر خولى پێنجەمى پەرلەمانى پێویست کردوە کە لە ماوەى دو وەرزى گرێدانى ساڵى یەکەمیدا لەژێر رۆشنایى پێوەرە گشتییە دەستوریەکاندا، بڕیار لە چارەنوسى دامەزراوەکە بدات.

ئێستا کە خولى پێنجەمى پەرلەمان دەستبەکاربوە و دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەت هاتوەتە ئاراوە، پارتى دیموکراتى کوردستان کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە کاندیدى بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم هەیە و دەیەوێت دامەزراوەکە کارا بکرێتەوە و ئامادەیە سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

لیژنەى نوسینەوەى دەستور
خولى پێشوى پەرلەمانى کوردستان یاساى ژمارە (4)ى ساڵى (2015)دا دەرکرا کە (یاساى ئامادەکردنى پڕۆژەى دەستورى کوردستان – عێراق بۆ راپرسی)یە، پشت بەست بە دەقى یاساکە لیژنەیەک لە (21) ئەندام پێکهات بۆئەوەى لە ماوەى (90) رۆژدا رەشنوسى پڕۆژەى دەستور ئامادە بکات (ئەندامەکانى لیژنەکە لە نوێنەرانى لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەک پسپۆڕى یاساى دەستور و پەرلەمانتار پێکهێنرا) لەماوەى کارکردنیدا سێ دەروازەى رەشنوسى پڕۆژەکەیان نوسیەوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەر دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم و دواتر کۆتایى هاتنى وادەکەى نەیتوانى پڕۆژەکە بە ئەنجام بگەیەنێت.

کوێستان محەمەد، ئەندامى لیژنەى نوسینەوەى دەستور لەبارەى کارەکانى لیژنەکەوە بە (سبەى) راگەیاند؛ لیژنەکە سێ دەروازەى پڕۆژەى رەشنورى دەستورى نوسیەوە ئەوانیش دەروازەى بنەما سەرەکییەکان، دەروازەى ماف و ئازادییەکان کە لە دەروازەى ماف و ئازادى پێکهاتەکاندابوین کە گرفت هاتە بەردەم لیژنەکە، کێشەى سەرەکى لەسەر دەوازەى دەسەڵاتەکان بو بە دیاریکراوى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم، دواتر بەهۆى کۆتایى هاتنى وادەکەیەوە لیژنەکە کارەکانى وەستا و دواتریش پەرلەمان پەکخرا و وادەى کاکردنى لیژنەکەش درێژ نەکرایەوە.

ئەو پێیوایە؛ ئێستا ئەگەر یاساى سەرۆکایەتى هەرێم هەموار بکرێتەوە بەشێوازێک کە سیستمەکە پەرلەمانى بێت و سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەکانى پرۆتۆکۆڵى بێت و ئەوەش بخرێتە بەردەم لیژنەى دەستور، ئەوا کارئاسانى دەکات "بۆئەوەى لەماوەیەکى کورتدا دەستورێکى زۆر باش بۆ هەرێمى کوردستان بنوسرێتەوە".

گۆڕان پێداگرى دەکات لەوەى لەم خولەدا پڕۆژەى دەستور بنوسرێتەوە

کاراکردنەوەى لیژنەکە
هەرچەندە لەدواى دەستبەکاربونەوەى پەرلەمانیشەوە کار لەسەر ئەو دۆسیەیە نەکراوە و لیژنەکە نەخراوەتەوەکار، بەڵام بەپێى بڕگەى دوەمى ماددەى سێیەمى یاساى ژمارە (4)ى ساڵى (2015) پەرلەمان دەسەڵاتى هەیە ئەگەر لیژنەکە کارەکانى تەواو نەکرد ماوەکەى درێژ بکاتەوە.

لەو سۆنگەیەوە عەلى حەمە ساڵح باس لەوە دەکات؛ هەوڵەکانیان خستوەتەگەڕ بۆئەوەى لەم خولەدا ئەو لیژنەیە کارا بکرێتەوە.

لاى خۆشیەوە کوێستان محەمەد دەڵێت: " زانیاریم نیە لەسەر کاراکردنەوەى لیژنەکە، بەڵام وەفدى دانوستانکارى گۆڕان پێداگرى کردوە لەوەى لەم خولەدا پڕۆژەى دەستور تەواوبکرێت و بنوسرێتەوە دواى دەنگدانى پەرلەمان لەسەرى بخرێتە راپرسیەوە، ئەوەندى ئاگادارم شاندى پارتیش پێانباشوە لەم خولەدا دەستور بنوسرێتەوە".

وتیشى: "ئەگەر بە کۆدەنگى و بۆ بەرژەوەندى میللەتەکەمان دەستورێکى باش بنورێتەوە سودى زۆرى دەبێت، چونکە بەپێى دەستورى عێراق ئەولەویەت بۆ دەستورى هەرێمەکانە و دەتوانین مەسەلە چارەنوسسازەکانى خۆمان لە دەستورى خۆمانەوە چارەسەر بکەین نەک بۆ هەمو شێتێک بگەڕێینەوە بۆ عێراق".


چەسپاندنى سیستمەکە لە دەستوردا

پسپۆڕان و لایەنە سیاسییەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە سیستمى خوکمڕانى لە هەرێم بەشێوەى "پەرلەمانیى" لە دەستوردا بچەسپێندرێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان دەڵێت؛ لە خولى پێشوى پەرلەمان و ساڵانى رابردودا لەو سۆنگەیەوە دو تێڕوانین هەبو، "ئێمە و یەکێتى نیشتیمانى و لایەنەکانى دیکە تایبەت بەو پرسە زۆر لەیەکتر نزیک بوین، کەمێک ناکۆکى و خیلاف لەگەڵ پارتى هەبو، ئیستا وردە وردە کار دەکەین ئەو خیلافەش لاى ئەوانەوە نەمێنێت و دەمانەوێت لە ئێستاوە و پێش پێکهێنانى کابینەى حکومەت رێککەوتن بکرێت لەسەر پرەنسیپەکانى پڕۆژەى دەستوریش".


پارتى رازیە سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەوەش هەنگاوێکى باشە

ئێستاش داواکاری گۆڕانە
دواى هەڵبژاردنەکانى (30)ى ئەیلول و لە سەروبەندى دانوستانەکاندا بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم، پارتى دیموکراتى کوردستان ویستى خۆى نیشاندا بۆ کارى پێکەوەیى و هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە ئەوەش بە ماناى گۆڕانکارى دێت لە سیستمى حوکمڕانى هەرێم بۆ سیستمى پەرلەمانى کە پێشتر پارتى داکۆکى لە مانەوەى دەکرد.

لەو بارەیەوە عەلى حەمە ساڵح دەڵێت: "لە دانوستانەکان یەکێک لەو خاڵە سەرەکیانەى بزوتنەوەى گۆڕان گفتوگۆى لەسەر کردوە، هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم بوە لەژێر چاودێرى پەرلەمان و دیاریکردن و گەیشتن بە ئەنجامێک لەسەر دەسەڵاتەکانى، هەروەها هەوڵ بدەین بە (تەوافوق) دەستور بنوسینەوە کە سیستمى حوکم بۆ هەمیشە لە هەرێمى کوردستان جێگیر بێت".

ئەو ئاشکراى دەکات؛ کە ئێستا پارتى رازیە بەوەى سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەوەش بە "هەنگاوێکى باش" لەقەڵەم دەدات و رونیى دەکاتەوە کە هەوڵى بزوتنەوەکەى بۆئەوەیە لە ئێستاوە رێککەوتن بکرێت لەسەر پرەنسیپەکانى پڕۆژەى دەستوریش.

ئەوەش دەخاتەڕو؛ پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرمى لە کۆبونەوەکاندا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە هیچ گرفتێکیان نییە یاساى سەرۆکایەتى هەرێم هەموار بکرێتەوە و سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

هەروەک جەخت دەکاتەوەى لەوەى ئەو دۆسیانەى بزوتنەوەى گۆڕان لە سەرەتاى دامەزراندیەوە هەوڵى جێبەجێکردنیان دەدات ئێستاش لە هەر کۆبونەوەیەک و لە هەربەرەیەک "لە دەسەڵات یان ئۆپۆزیسۆن"بێت کارى لەسەر دەکات کەئەوانیش دۆسیەى سیستمى حوکمڕانی و نەوت و شەفافیەت و چاکسازیی یەکخستنى هێزى پێشمەرگە لەو ریزى پێشەوەیاندان.


* یاساى ژمارە (4)ى ساڵى (2015)

کلیک لێرە بکە
*یاساى ژمارە (10)ى ساڵى (2018)

کلیک لێرە بکە


هەواڵی زیاتر