عهلی حهمهساڵح: بڕێكی زۆر كهم لهداهاتی نەوت دەدرێتە وەزارەتی دارایی
23/02/2021
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرای دەکات، لە کۆی داهاتی (464) بەرمیل نەوتی رۆژانە، مانگانه تەنها (225) ملیۆن دۆلاری دەدرێتە وەزارەتی دارایی، بۆیه رێککەوتن چهند گرنگه لە ئێستادا، چاکسازیی بۆ ئاییندەی کوردستان گرنگترە.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: ھەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی (464) ھەزار بەرمیل بەرھەم دەهێنێت، ئەو داھاتەشی مانگانه دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ موچە تەنها (225) ملیۆن دۆلارە، بەمەش لە ھەر بەرمیلێک نەوت (16.16) دۆلاری دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە: بە ھەمو پێوەر و لێکدانەوەکان ئەم بڕە زۆر کەمە، ھۆکارەکەشی بۆ گەندەڵی و گرێبەستە خراپەکان دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک نەوتی هەرێم بە نزیکەی (12) دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە، ئەمەش داشکاندنێکی ئێجگار زۆرە، تائێستا میکانیزمی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ناڕونەو پێویستی بە پێداچونەوەیە.
بەوتەی عەلی حەمەساڵح: کرێی بۆری ساڵی (2019) بۆ ھەر بەرمیلێک (8) دۆلار و زیاتر بوەو ساڵی (2020) بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بۆ (6) دۆلار کەمیکرد، ئەمەش بڕێکی ئێجگار زۆرە.
لەبارەی شایستە و قازانجی کۆمپانیاکانەوە، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان ئاشکرای کردوە: شایستەی دارایی و قازانجی کۆمپانیا نەوتییەکان، بەھۆی گرێبەستی خراپ و گەندەڵی و گرانی و قۆرخکاری لە خزمەتگوزاریی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و سیکویرتی کێڵگە نەوتییەکان و سیستمی موچەی کۆمپانیاکان، کە کۆی ئەم خەرجیانە لە داھاتی نەوت وەردەگیرێتەوە، وایکردوە ئەو پارەیەی دەدرێتە کۆمپانیاکان زۆر لەو داھاتە زیاتربێت کە بۆ خەزێنەی گشتییە.
ئهو پهرلهمانتاره بەپێویستی دەزانێت پێداچونەوە بۆ سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت لە بەرهەمهێناوە بۆ فرۆشتن.
عەلی حەمەساڵح ژمارەیەک رێگەی دیاریکردوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی خۆی دابین بکات بەبێ لێبڕین، ئەوانیش لە بەرمیلێک نەوت (30) دۆلار بمێنێتەوە زیاتر لە (605) ملیار دینار دەکات، هەروەها خاڵە سنورییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت و پێداچونەوە بە کاری کۆمپانیاکان بکرێت، بەوەش داھای دەگاتە (250) ملیار دیناری مانگانه.
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئێستا داھاتی باج نزیکە (85) ملیار دینارە، چاکسازیەکی باشی تێدابکرێت دەگاتە (150) ملیار دینار، بەو سێ رێگایەش داھات (100) ملیار دیناری زیاترە لەو پارەی بۆ موچە پێویستە، ئەمە جگە لە داھاتی رسومات کە بڕێکی باشە بۆ خەرجی بەکاربردن بەکاربێت، یاسای چاکسازییش وەک خۆی جێبەجێبکرێت بڕی پارەی پێویست بۆ موچەش کەم دەبێتەوە.
عەلی حەمەساڵح جەختی کردوەتەوە کە؛ بەگرتنەبەری ئەو رێکارانە جگە لەوەی هەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی موچەو خەرجی بەکاربردنی دەبێت، نزیکەی (150) ملیار دینار بۆ پرۆژە لەبەردەست دەبێت و بە پێدانی موچەو دەستپێکردنەوەی پڕۆژە ئەم داھاتانەش زیاتر دەبێت.
وتیشی :"رێککەوتن لەگەڵ عێراق لەم کاتەدا بژارەدەیەکی دروستە، بەڵام چارەسەر بۆ ئاییندە چاکسازییە لە ناوخۆی کوردستان".