له‌ یادی‌ (8)ی‌ مارسدا زنجیره‌یه‌ك چالاكی‌ له‌لایه‌ن ئافره‌تانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چو

08/03/2021

پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ (8ی‌ مارس) وه‌ك یادكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رۆژی‌ جیهانی‌ ژنان، ئافره‌تانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ چه‌ند چالاكییه‌كیان رێكخست.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا وتاری‌ ئافره‌تانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان خوێندرایه‌وه‌ و تیایدا وێڕای‌ پیرۆزبایی‌ له‌ ئافره‌تانی‌ جیهان به‌گشتی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی‌، جه‌خت كرایه‌وه‌ له‌سه‌ر فراوانكردنی‌ به‌شداری‌ راسته‌قینه‌ی‌ ژنان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ ئامانجی‌ هێنانه‌دیی‌ یه‌كسانیی‌ جێنده‌ری‌.

دواتر و له‌ به‌شێكی‌ تردا به‌هادین ئه‌حمه‌د كه‌لان باژێروانی‌ مه‌كۆی‌ سلێمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وتاری‌ مه‌كۆی‌ سلێمانی‌ خوێنده‌وه‌ و جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ پێگه‌ی‌ ئافره‌تان له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ شانبه‌شانی‌ پیاوان چ له‌ په‌رله‌مان و چ له‌ حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می‌ ئۆپۆزسیۆنبونیشدا تێكۆشاون بۆ هێنانه‌كایه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ چالاكییه‌كاندا، ئافره‌تانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ كۆمه‌ڵ سه‌ردانی‌ گڵكۆی‌ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فایان كرد و چه‌پكه‌ گوڵی‌ رێز و وه‌فادارییان پێشكه‌ش كرد و جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ رێبازه‌كه‌ی‌ ره‌وانشاد كه‌ تێیدا به‌ گرنگیه‌وه‌ باس له‌ رۆڵی‌ ئافره‌تان كراوه‌ له‌ كایه‌ی‌ سیاسیدا.

 


هەواڵی زیاتر