ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: ناکۆکییە حیزبى و شەخسییەکانى یەکێتى و پارتى و گوێنەگرتنیان لە پڕۆژەکانى گۆڕان، زیانى گەورەى بە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان گەیاندوە
29/08/2023
ئەندامێکى
جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ مامەڵەى خراپى یەکێتى و پارتى و
ناکۆکییەکانیان لەپیناو بەرژەوەندییە حیزبى و بنەماڵەیی و شەخسیەکان و
گوێنەگرتنیان لە پڕۆژەکانى گۆڕان بۆ چاکسازى و یەکخستنەوەى پێشمەرگە و حکومڕانى
رەشید، زیانى گەورەى بە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان گەیاندوە و وایکردوە هاوپەیمانانیش
ئەو مامەڵەیەى رابردوو لەگەڵ هەرێمى کوردستان ناکەن.
بەهادین
ئەحمەد باژێروانى سلێمانى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى، ئاماژە بەوە
دەکات؛ کورد سەدان ساڵ قوربانى داوە لەپێناو ئامانجى نەتەوەیی و نیشتیمانى تا
ئەوەى هەلێکى مێژویی بۆ رەخسا بە دروستبونى ئەم هەرێمە کە لەدواى راپەڕینەوە وەک
قەوارەیەکى سیاسى مامەڵەى لەگەڵ کراوە و هاوپەیمانانیش وەک کیانێکى سەربەخۆ
مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆى ئەوەى پارتى و یەکێتى نەیانتوانى
لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکاندا کاربکەن، هەر لە دو ئیدارەییەوە تا ململانێ
و ناکۆکى لەپێناو بەرژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیی و شەخسى ئەو شکستانەى هێناویانە وایکردوە
دۆخەکە تەواو پێچەوانە بوەتەوە و ئێستا ئەو مامەڵەیە لەگەڵ هەرێمى کوردستان ناکرێت.
یەکێتى
و پارتى کە لەژێر کاریگەرى ئەجێنداى وڵاتانى ئیقلیمی و بۆ بەرژەوەندییەکانى خۆیان ململانێ
دەکەن و ناکۆکییەکانیان بە ئاڕاستەى ملشکاندنى یەکترییە، تا دواجار بوەتە هۆى
لێدان لە بەرژەوەندییەکانى گەل و نیشتیمان، لەکاتێکدا دەبو بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان
بکرێتە هۆى بەهێزکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان.
لەبارەى
دۆخى پێشمەرگە و ئاڵنگارییە نوییانەى لەئارادان، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى
دەڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان باشترین بەرنامە و پاکێج و پڕۆژەى هەبوە بۆ یەکخستنەوەى
هێزى پێشمەرگە و بە نیشتیمانیکردنى دامەزراوەکان و بەهێزکردنى پێگەى هەرێم و
ژیرخانەکەى، بەڵام بەداخەوە لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە گوێیان لێنەگیرا و خۆشیان
نەیانتوانى دەوڵەتدارى و نمونەیەکى جوان پێشکەش بکەن، بۆیە دۆخەکە بەم ئاقارەدا رۆیشتوە.