کەرنەڤاڵى رێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەى گۆڕان لە ئەنجومەنى قەزاى سلێمانى سەرکەوتوانە بەڕێوەچو

18/06/2021

ئەمڕۆ هەینى 18/6/2021 بە سەرکەوتویی قۆناغی یەکەم لە خولی چوارەمی پرۆسەی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنى قەزاى سلێمانى بزوتنەوەى گۆڕان بەڕێوەچو.

پڕۆسەکە لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەی گۆڕان لە شارى سلێمانى بەڕێوەچو کە تێیدا دەستەى بەڕێوەبەرى بازنە و رایەڵەکان و هەروەها نوێنەرانی کۆنفرانسی دوەمی نیشتمانی بزوتنەوەکە هەڵبژێردران و وێڕاى بەشدارییەکى بەرچاوى گۆڕانخوازان هاوکات پەیامێک بو بۆ نوێکردنەوە و دوبارە خۆڕێکخستنەوەى گۆڕان.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند؛ بەخۆشحاڵییەکى زۆرەوە قۆناغى یەکەمى خولى چوارەمى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى سنورى سلێمانى کۆتایى هات، دەشڵێت: (80%)ى ئەو پلانکارەى بۆ قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان داماننابو بەسەرکەوتویى کۆتایى هات.

باسى لەوەشکرد، ئەوان دڵخۆشن بەو جۆش و خرۆش و بەشدارییە فراوانەى هەڵسوڕاوانى قەزا و شارەکان بۆ هەڵبژاردنەکە، ئەوە دەرخەرى ئەوەیە بزوتنەوەى گۆڕان وەک پڕۆژەیەکى سیاسى و هێزێک بۆ گۆڕانکارى و چاکسازی ئومێدى بەشێکی بەرچاو لە خەڵکى کوردستانە. ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوی گرنگە بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق و بەستنی کۆنفرانسی دوەمی نیشتمانی، جگە لەوە
هەڵبژاردنەکە لەچەند رەهەندێکەوە بۆ بزوتنەوەى گۆران گرنگە، رەهەندێکیان جێبەجێکردنى دەستورى ناوخۆى بزوتنەوەى گۆڕانە، رەهەندێکى دیکەى بڕوابونە بە پڕەنسیپەکانى هەڵبژاردن لەنێو ئۆرگانەکان و نوێبونەوەى کارى رێکخراوەیی.

جەختى لەوەشکردەوە کەرنەڤاڵی ئەمڕۆی ھەڵبژاردنی مەکۆی سلێمانی ئاڵنگاری گەورە بوو دژ بەو بوختانانەی دەکرێ، گۆڕان ئیرادەیەکی بەھێزو بەردەوامە

بەشداریی بەرفراوانى گۆڕانخوازان بەو جۆش و خرۆشییەى ئەمڕۆ گەواهیدەری ئەو راستییە بو کە گۆڕان خاوەنی هەمو نوێگەرییەکی سەردەم و پەسەندکراوە بەلای سەرجەم چین و توێژەکانەوە.


هەواڵی زیاتر