ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: پێش ریفراندۆم گۆڕان هۆشدارى دا لەوەى هەلومەرجى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى لەبار نییە

25/09/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى رایدەگەیەنێت؛ پێش ریفراندۆم بزوتنەوەى گۆڕان بە چەند راگەیەندراوێکى فەرمى مەترسى لەدەستدانى کارتى ریفراندۆمى خستەڕو، پێمانموابو هەلومەرج و کاتەکە لەبار نییە و زەمینەسازییەکان وەک پێویست نەکراوە، بەڵام نە گوێ لە ئێمە و نە گوێ لە هۆشدارییەکانى ئەمەریکاش نەگیرا تا دۆخەکە بەم رۆژە گەیشت.

بەهادین ئەحمەد باژێروانى سلێمانى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى، لە ساڵیادى بەڕێوەچونى ریفراندۆمدا رایدەگەیەنێت؛ پێش ریفراندۆم پەیامى بزوتنەوەى گۆڕان رون و ئاشکرا بو کە بەپێویستى دەزانى ژێرخانى ئابورى و هەلومەرجى سیاسى و جیۆپۆلەتیکى ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت و زەمینەسازى تەواو بکرێت، بەتایبەت کە دواى شەڕى داعش و ئەو پەیوەندیانەى هەبو مامەڵەى دەوڵەت لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەکرا، بەڵام گوێ لەو هۆشدارییانە نەگیرا و نەتوانرا لە هەلومەرجێکى لەباردا ریفراندۆم بکرێت، تەنانەت گوێ لە ئامۆژگارى و هۆشدارى و بەڵێنى ئەمەریکاش نەگیرا تا دۆخەکە بەم شێوە و ئاستە گەیشت.

جەخت لەوە دەکاتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان پێیوابو کاتى ئەنجامدانى ریفراندۆم گونجاو و لەبار نییە و ئەو پرسە کارتێکى نیشتیمانییە نابێت بە هەڵە بەکاربهێنرێت، چونکە هێزی پێشمەرگەى یەکگرتو دامەزراوى پتەو و ئابورییەکى بەهێز لەبەردەست نەبو عەدالەت و ئازادییەکان فەراهەم نەکرابون، بەڵام بەداخەوە کارتى ریفراندۆم بۆ بەرژەوەندى تایبەت بەکارهێنرا و ئیستا دەرەنجام و لێکەوتە خراپەکانى دەبینین، چونکە ئەم دۆخەى بەسەر هەرێمى کوردستان هاتووە لەخۆوە نییە و دەرەنجامەکانى ئەو پڕۆسەیەیە کە گوێ لە ئێمە نەگیرابو.

ئەوە لەکاتێکدایە؛ بزوتنەوەى گۆڕان لە (12/8/2017) لە راگەیەندراوێکدا پەیوەست بە پرسى ریفراندۆم هەڵوێستى بزوتنەوەکەى راگەیاند و تێیدا هاتوە: راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامانجی هەمو خەڵکی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە، ریفراندۆم ئامرازێکە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ، بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (٢٠١٧/٩/٢٥) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌ و هەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و کۆمەڵایەتی دراوە، بە تایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ کات‌ و هەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.


دواتریش لە (28/8/2017) و (20/9/2017)، بزوتنەوەى گۆڕان بە راگەیەندراوى فەرمى هۆشداری و مەترسییەکانى دوپاتکردەوە و داواى کرد پرسەکە بۆ اتێکى لەبار دوابخرێ.


هەواڵی زیاتر