هەڤاڵ ئەبوبەکر: لەكاتی دیاریکراودا شەقامی (100) مەتری تەواو دەکەین

11/01/2019

پارێزگاری سلێمانی باس لە كار و پڕۆژەكانی سنوری پارێزگاكەی دەكات و رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتو وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی شاری سلێمانی دەكات و دیدارێكی بازرگانی لەگەڵ بازرگانان و سەرمایەدارانی شارەكە سازدەکات.
زیاتر لە چوار هەزار پڕۆژە وەستاون كە نیوەی ئەو پڕۆژانە دەكەونە سنوری سلێمانییەوە

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە بارەی ئەو پڕۆژانەی لە سنوری پارێزگاكەیدا دەست بەكاركردن تیایاندا كراوەتەوە وتی:"لە هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی (2013)ەوە زیاتر لە چوار هەزار پڕۆژە وەستاون كە نیوەی ئەو پڕۆژانە دەكەونە سنوری سلێمانییەوە، ئەو پڕۆژانەی كە رێژەی تەواوبونیان (70٪) بەرەو سەرەوەیە دەستمان پێكردوەتەوە، دوای تەواوكردنی ئەم رێژەیە دەچینە سەر ئەو پڕۆژانەی كە (60٪)ن، بەو سیستمە دێینە خوارەوە بەو ئومێدەی كۆی ئەو پڕۆژانەی وەستابون بخرێنەوە گەڕ و تەواو بكرێن، جگە لەو پڕۆژانە كۆمەڵێك پڕۆژەی تر هەیە كە خزمەتگوزارین لە چاككردنی پرد و قیرتاوكردن و باشتركردنی هێڵەكانی كارەبا و دابینكردنی سوتەمەنی و سێكتەرەكانی تر و هەوڵمانداوە لە پارێزگای سلێمانی بودجەی بۆ پەیدا بكەین بە پشتیوانی كەرتی تایبەت و بەشێكی بە پشتیوانی حكومەت تاوەكو نەهێڵین خزمەتگوزارییەكان بكەوێت و بیانخەینەوە سەر پێی خۆیان".

پارێزگاری سلێمانی وتیشی:"لەئێستادا هیچ بودجەیەكی تایبەتمان لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی پڕۆژەی نوێی پێ‌ ئەنجام بدەین، ئومێد دەكەین بە باشتربونی ئەم بارودۆخە ئابورییە ئەوە دەستپێبكاتەوە".
بۆ ئەمساڵ ئەولەویەتمان خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانە كە دەمانەوێت لەم سێكتەرەدا زۆر ئیش بكەین

باسی لەوەشکرد، "ئەولەویەتی كارەكانمان لە ساڵی رابردو كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و رێگاوبان و سوتەمەنی بو" بەڵام بۆ ئەمساڵ ئەولەویەتمان خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانە كە دەمانەوێت لەم سێكتەرەدا زۆر ئیش بكەین، لەگەڵ كاركردن لە سێكتەرەكانی پەروەردە و تەندروستی و رێگاوبان و پردەكان و كارەبا دەبێت كە نزیكەی دو ملیار دینارمان بۆ ئەم سێكتەرە دابین كردوە.

پارێزگاری سلێمانی رونیکردەوە، "پڕۆژەی رێگای (100) مەتری سلێمانی خراوەتەوە گەڕ، هەوڵیش دەدەین بۆ دروستكردنی بەنداوی خێوەتە و تەواوكردنی ئەو بەنداوانەی تەواو نەبون لەگەڵ دروستكردنی بەنداوی لاوەكی بۆ پشتیوانیكردنی هەردو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، هەروەها هەوڵ بدەین هەڵمەتێكی گەورەی دروستكردنی قوتابخانە دەست پێبكەین كە بەسوپاسەوە كەرتی تایبەت ئەم بەڵێنەیان داوە و دەستمان پێكردوە كە لەوانەیە گەورەترین هەڵمەت بێت بتوانین لە ساڵێكدا جێبەجێی بكەین، بەرنامەیەكی دیکەمان ئەوەیە بایەخ بە وزەی جێگرەوە بدەین، كارێكی ترمان پەرەپێدانە بە بوارەكانی كۆگای ستراتیژی بۆ بواری غاز و سوتەمەنی و دانەوێڵە و ئاو و دەرمان و دابینكردنی پێداویستی پارێزگاكەمان، هەروەها كەمپەكانیشمان ئامادە كردوە بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو".

لە بارەی پڕۆژەی شەقامی (100) مەتری شاری سلێمانی كە (90) ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، پارێزگاری سلێمانی لەو بارەیەوە وتی:"بودجەی پڕۆژەكە زۆرە كە تا ئێستا رەزامەندی لەسەر هەموی نەدراوە، بەڵام قۆناغی یەكەمی كە لە ساڵی (2013)دا بەردی بناغەی دانرا (469) ملیار و (900) ملیۆن دینارە، لە بودجەی (2019)دا، (90) ملیار دینار ئیقرار كراوە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكە، ئومێد دەكەین بتوانین ئەو پارەیە بە نەختینە لە حكومەت وەربگرین تاوەكو پڕۆژەكە دەست پێ بكاتەوە، هەروەها هەوڵ بدەین لە رێگای شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە و رێگاوبان و كەرتی تایبەتەوە هەمو پشتیوانییەك بۆ ئەم شەقامە سەرەكییە ستراتیژییە پەیدا بكەین تاوەكو بتوانین لە كاتی پێویستی خۆیدا تەواوی بكەین".
لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگاكانی هەرێم جیاوازی كراوە

پارێزگاری سلێمانی باس لەوەش دەكات لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جیاوازی كراوە و لە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییانە، ئەو گوتی: "ئەم جیاوازییانە (27) ساڵە بونی هەبوە و هاتوین بۆ نەهێشتنی ئەم جیاوازییانە كە ئێستا وردە وردە نەمانهێشتوە، هەوڵ دەدەین بەپێی ئەو دەسەڵات و یاسایانەی كە رێگامان پێدەدات بتوانین هیچ جیاوازییەك نەهێڵین و خۆشەویستی دروست بكەین و ئومێد و هیوا دروست بكەینەوە و پێمان وا نەبێت ئەگەر پڕۆژەیەكی جوان لە هەولێر كرا ئەوا زیانی بۆ سلێمانی هەیە، بەپێچەوانەوە چاومان لەوەیە لە هەر شوێنێكی كوردستان پەرەپێدان و گەشانەوە و تەلاری بەرز و رێگاوبانی باش هەبن، هەوڵیش دەدەین لە سلێمانی ئەوەی پێمان كراوە جێبەجێی بكەین و هەر سزادانێك یان بەهەدەردانی پارە و پڕۆژە هەبوبێت ئەوە نەهێڵین".

لە بەشێكی تری دیمانەكەدا و لە بارەی بەرنامەی كاری سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بۆ سلێمانی كە بڕیارە لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدات، پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی ئاگاداری ئەو سەردانەن و لە سلێمانی دیدارێكی بازرگانی ئەنجام دەدات.

هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:"سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆتایی هەفتەی داهاتو بۆ سلێمانی دەكرێت، ئامانجی سەردانەكە ئامانجێكی ئابوری هەیە بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ كەرتی بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی، ئێمە لە پێشوازیاندا دەبین و ئومێد دەكەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەمو وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكە و دەرەوە باش بێت".


هەواڵی زیاتر