ئاشنا عه‌بدوڵا: له‌سه‌ر فشاره‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ كۆتاییهێنان به لێبڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران
07/04/2021
جێگری سەرۆکی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له‌سه‌ر فشاره‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن له‌پێناو كۆتاییهێنان به سسته‌می لێبڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.
له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌به‌رده‌م بینای په‌رله‌مانی كوردستان، ئاشنا عه‌بدوڵا به رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند: به‌پێی بڕگه‌ی چوارم له ماده‌ی 48 له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان داوامان كرد كه بڕگه‌یه‌ك زیاد بكرێت بۆ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مانه‌وه ئاگادار كرامه‌وه كه ناتوانن ئه‌م بڕگه‌یه زیاد بكه‌ن به‌و پێیه‌ی كه تیمی حكومه‌ت ئاماده‌نابن له دانیشتنه‌كه‌دا.
وتیشی: له دوای رێكه‌وتنی حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، تیمی دانوستانكار و ته‌واوی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌م رێككه‌وتنه به ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره ناوده‌به‌ن وه‌ك شانازییه‌ك باسی ده‌كه‌ن كه كاریگه‌ری ده‌بێ بۆ سه‌ر گۆڕانكاری له دۆخی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ئێمه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان به مه‌سه‌له‌ی لێبڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا بچێته‌وه و كۆتایی پێ بهێنێت، چونكه په‌رله‌مانی كوردستان وه‌زاره‌تی یاسادانان نیه هه‌كاتێك حكومه‌ت بیه‌وێت كۆببێته‌وه یاخود هه‌ر به‌ڕێزێك بیه‌وێت یاسایه‌ك له حكومه‌تدا جێبه‌جێ بكرێت په‌رله‌مان بۆی بشه‌رعێنێت.
ده‌شڵێت: پێمان وایه په‌رله‌مانی كوردستان ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه و ده‌زگای یاسادانانه و ده‌بێ رۆڵی خۆی ببینێت و فشاره‌كانی بۆ سه‌ر حكومه‌ت زیاد بكات له‌پێناو كۆتاییهێنان به سته‌می لێبڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران. جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه كه له‌سه‌ر فشاره په‌رله‌مانییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین.