حکومەت بەبێ پڕۆژەی بودجە
16/01/2019
پێنج ساڵە کارەکانی حکومەتی هەرێم بەبێ پرۆژەیاسای بودجە
ئەنجامدەدرێت و ئەو هەوڵانەش کە دران بۆئەوەى پڕۆژەی بودجە بۆ ساڵی (2019) ئامادەبکرێت
راگیران و هەنگاوەكانی بە نادیاری ماونەتەوە، شارەزاییەکی ئابوری ئامادەنەکردنی بودجە
لەلایەن حکومەتەوە بە "عەیبە" ناودەبات و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: مەبەستی
لە پشتەوەیە.
"ئامادەنەکردنی
بودجە مەبەستدارە"
بەپێی یاسا بەركارەكان دەبێت لە (15)ی ئەیلولی هەمو ساڵێك
وەزارەتی دارایی بودجە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكات و تا (15)ی ئۆکتۆبەر حكومەت
پەسەندی بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكات و پێش كۆتایی ساڵیش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند
بكرێت، بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی نوێوە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەپێى ئەو بودجەیە
کارەکان رێکبخرێت.
دوایین بودجەی ساڵانەی هەرێمی کوردستان کە حکومەت رەوانەی
پەرلەمانی کرد لە ساڵی (2013)دا بو، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەو ساڵەدا لەلایەن
پەرلەمانی کوردستان و بەدەنگی پەرلەمانتارانی دەسەڵات پەسەند کرا، کە بڕەکەی زیاتر
لە (15)ترلیۆن دینار بو، سەرباری ئەوەی دەیان کەموکوڕی لەلایەن پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنەوە
خرایەڕو، بەڵام گوێ بۆ داواکارییەکانیان نەگیرا.
لەوکاتەوە تائێستا پرۆژە یاسای بودجە ئامادە نەکراوە،
ئەوەش دوای بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش
و شەڕی روبەڕوبونەوەی تیرۆر.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان،
پێیوایە؛ "هیچ بیانویەک نییە" بۆ ئەوەی بودجە ئامادە نەکرێت و لەوبارەیەوە
بە (سبەی) وت: "ئەگەر بیانوی حکومەت ئەوە بێت کە پارە لە بەغداوە نەهاتوە، بەڵام
ئەوە بیانویەکی بڕواپێهێنەر نییە، لەکاتێکدا پارە و سەرچاوەی تری داهات دیارە، لەهەر
وڵاتێک داهات و خەرجی هەبێت پێویستە بودجە ئامادە بکرێت".
هەروەک ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بودجە هاتە پەرلەمانەوە
گفتوگۆی ورد لەسەر داهات دەکرێت، بۆ نمونە داهاتی نەوت چەندەو چۆن دەفرۆشرێت و بۆ ناگەڕێنرێتەوە
بۆ ناو بودجە، "پێموایە ئەمە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئامادەنەکردنی بودجەو بە مەبەست
ئامادە ناکرێت".
لە بەرامبەردا دڵشاد شەعبان، ئەندامی خولی چوارەمی
پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، وەزارەتی دارایی بە "کەمتەرخەم"
دادەنێت لە ئامادەنەکردنی بودجەو رایگەیاند؛ ئەگەر دۆخی سیاسیش لەبار نەبوبێت،
بەڵام دەبو وەزارەتی دارایی ئامادەکاری بکردایەو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی
بکردایە، بەڵام ئەوا کەمتەرخەم بون.
ناوبراو کە ئەندامی لیژنەی دارایی بو لە پەرلەمانی
کوردستان بە (سبەی) وت: زروفی سیاسی کاریگەری لەسەر بودجە دادەنێت، لە ساڵانی
رابردوش داهات و ئەو پارەیەی لە بەغداوە دەهات جێگیر نەبو، بەڵام ناکرێت وڵات و
حکومەتێک بەبێ بودجە بێت، لەماوەی خولی رابردوی پەرلەمانیش تەنها دو جار وەزیری
دارایی سەردانی لیژنەکەی کردین بۆ خستنەڕوی راپۆرتی دارایی وەزارەتەکەیان، بەڵام
کەموکوڕی زۆری تێدا بو خۆشیان دانیان بەوەدانا.
لەبارەی بیانوەکانی ئامادەنەکردنی بودجەی هەرێمەوە لە
چەند ساڵی رابردودا، هاوار شێخ رەئوف شارەزای دارایی و ئابوری بە (سبەی) راگەیاند:
کەمجار رودەدات لە وڵاتێکدا کە بەهۆی بارودۆخێکی تایبەتەوە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە
نەکرێت و رەوانەی پەرلەمان نەکرێت، بەڵام دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوە دیاریکراوە پێویستە
پڕۆژەکە ئامادە بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
بڕیاری راگرتنی ئامادەکارییەکان
ساڵی رابردو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە چەند هەنگاوێک نرا
بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی (2019)، وەزارەتی داراییش داوای لە ئەنجومەنی باڵای نەوت
و غازی هەرێم كردبو پێشبینی خۆیان بۆ بڕی هەناردە و داهاتی هەمان ساڵ رەوانەی وەزارەتەكە
بكات، هەرچەندە ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز وەڵامی داواكارییەكەی وەزارەتی دارایی نەدایەوە،
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی (سبەی) بە فەرمانێکی سەرۆکی حکومەت ئامادەکارییەکان بۆ
پڕۆژەیاسای بودجە راگیران.
عەلی حەمەساڵح، لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت؛ هەرکات پڕۆژەی
یاسای بودجە نەبو چاودێری دارایی لەسەر خەرجی و داهات لاواز دەبێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە
کە نیەتێکی جدی نیە بۆ ئەوەی پارەو خەرجییەکان لەچوارچێوەی یاسادا بێت، هەر خەرجییەکیش
لە دەرەوەی یاسای بودجە بێت نایاساییە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی پەرلەمانیش بۆ دروستکردنی فشار لەسەر
حکومەت بەمەبەستی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: وەک دەزانرێت
بودجە لەلایەن حکومەت و دامودەزگاکانیانەوە ئامادە دەکرێت و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت،
ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان هەمو ساڵێک هەوڵ و فشارمان کردوە بۆ ئامادەکردنی، بەڵام دەستەی
سەرۆکایەتی پەرلەمان و زۆرینەو کەمینە رۆڵ دەبینێت.
هاوار شێخ رەئوف، ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک بودجە ئامادە
ناکرێت تێڕوانین بۆ داهاتو نابێت و بێ پلانی لە بواری دارایی و ئابوریدا دێتەکایەوە،
ئەمەش بە یەکێک لە "عەیبەکانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت".
داهات و خەرجییەکانی حکومەت
بودجەی هەرێم پشت بە چەند سەرچاوەیەک دەبەستێت كە بریتین
لە؛ داهاتی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم كە تا ئێستا مەزەندەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان
بۆ ئەو داهاتە لەمساڵدا دیارنیە. هاوكاری
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە كە بۆ ساڵی (2019) بۆ (290) ملیۆن دۆلار
كەمكراوەتەوە. داهاتی
ناوخۆی هەرێم كە بە زیاتر لە (100) ملیار دینار مەزندە دەكرێت. (317) ملیار دیناری عێراق وەک
پشکی بودجە كە تا ئێستا نازاندرێت لەمساڵدا بەردەوام دەبێت یان نا.
لە بەرامبەردا خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم بریتین لە؛ موچەی
فەرمانبەرانی هەرێم كە بەسیستمی ئێستا مانگانە پێویستی بە (725) ملیار دینار هەیە. بەڕێوەبردنی
كاروباری وەزارەتەكان كە مانگانە پێویستی بە (65) ملیار دینارهەیە. دانەوەی
قەرز كە گروپێکى کەم نەبێت كەس نازانێت چەندە و چۆنیەتی دانەوەكەشی ئاشكرا نییە.
لە ئابوریی سەربەخۆوە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا
بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دوای ساڵانێک لە وتنەوەی ئاوازی
ئابوریی سەربەخۆ، ئێستا باسەکەیان بوەتە بودجەی عێراق و پشکی هەرێم لەو بودجەیە، هێندەی
رەخنە لە بودجەی عێراق دەگرن، بەڵام پێنج ساڵە خۆیان لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی
هەرێم دەدزنەوە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق سور دەیزانی
لە پۆستەکەی نامێنێتەوە و دەڕوات و عادل عەبدولمەهدی دەبێتە سەرۆک وەزیران، بەڵام پێش
رۆیشتنی بودجەی (2019)ی عێراقی ناردە پەرلەمان!
لەمڕوەوە هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی حکومەتی هەرێم دەزانن با
هانیبدەن بۆ ساڵی (2019) یاسای بودجە ئامادە بکات، ئەگەر باسی حوکمڕانی دروست دەکەن
ئەوە حکومەت بۆ سیاسەتی دارایی پێویستی بە پلان هەیەو ئەو پلانەش دەبێت لە یاسای بودجەدا
بەرجەستە بێت، "گەندەڵیی و فەزیحەیەکی گەورەیە کە حکومەتی هەرێم بێ یاسای بودجە
بمێنیتەوە".
وەرچەرخان لە کاری پەرلەمانی
(25)ی
تەمموزی (2009)، وەرچەرخانێکی گرنگی مێژویی بو لەسەر ئاستی گۆرەپانی سیاسی لە هەرێمی
کوردستاندا، ئەوەش بەهۆی دروستبونی یەکەم بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری لەژێر ناوی
(بزوتنەوەی گۆڕان)دا.
بزوتنەوەی گۆڕان، بەقورساییەکی بەرچاوەوە چوە پەرلەمان
و ئەو دەزگایەی کە ساڵانێک هەردو حیزبی دەسەڵاتدار بۆ بە یاساییکردنی کارە نایاساییەکانیان
بەکاریاندەهێنا، بو بە دەزگایەکی چالاک بۆ شوێنی روبەڕوبونەوەی مۆدێرنانەی نێوان ئۆپۆزسیۆن
و دەسەڵات. ئیتر روبەڕوبونەوەکان برانە نێو پەرلەمانەوە، شەڕکردن بو لەسەر قوت و بژێوی
خەڵک، بەجۆرێک کە پێشتر هیچ دەزگایەکی رەسمی بە پەرلەمانیشەوە، ئاگای لە چۆنێتی خەرجکردنی
بودجە نەبو، زۆرینەی خەڵکی ئاسایی هەرێمی کوردستان، ئاشنای دەستەواژەیەک نەبون بە ناوی
(بودجە)وە، بەڵام پەرلەمانتارانی گۆڕان لە رێگەی ناڕەزاییەکانیان لە تێپەڕاندنی بودجەدا،
وایانکرد کە هاوڵاتیانی کوردستان هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی
ژیانیان بکەن.
هەرچەندە یەکێتی و پارتی هەوڵیاندەدا بەبیانوی جیاوازەوە
بەهەدەردان لە بودجەدا بکەن و "کورتهێنانی دروستکراو" بکەن، بەڵام فراکسیۆنی
گۆڕان بەپێی توانای خۆی توانی رێگە لە بەشێک لەو بەهەدەردانانە بگرێت.