ئەنجومەنی قەزای سەیدسادق: بۆ پرسە سیاسی و ناوخۆییەکان گۆڕان بڕیارە دروستەکە دەدات
26/04/2021
ئەنجومەنی قەزای سەیدسادقی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنن، ئامادەکاری بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەنجومەنەکەیان گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی.
بۆ تاوتوێکردنی پرسە سیاسی و ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ دووشەمە، ئەنجومەنی قەزای سەیدسادقی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوە و دواین هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆی و پرسی بەستنی کۆنفڕانسی نیشتیمانی گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا چالاکیەکانی بازنە و ڕایەلەکانی ئەنجومەنەکە باسکران و پلانی چالاکیەکانی ئایندە دانران و لەلایەن باژێڕوانی سەیدسادقەوە دواین هەنگاوەکانی پرسی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژارنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئامادەبوان ڕونکرایەوە و ئەگەرەکانی هاوپەیمانی بزوتنەوەکە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە باسکران.
بەشداربوانی کۆبونەوەکە پشتیوانیان بۆ هەنگاوەکانی گۆڕان دەربڕی و ڕایانگەیاند، دڵنیاین بڕیارەکان بۆ پرسە سیاسی و ناوخۆییەکان بەشێوەیەک دەبن لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدابێت.