ئەنجومەنی قەزای سەیدسادقی بزوتنەوەی گۆڕان: هێرشەكان بەبێ هاوکاری سیخوڕ ناوخۆیی بە ئەنجام ناگەن

24/08/2024

ئەنجومەنی قەزای سەیدسادقی بزوتنەوەی گۆڕان ئیدانەی هێرشە درۆنییەكەی ئەمڕۆی ڕێگای (سەیدسادق - هەڵەبجە) دەكات كە دو ڕۆژنامەنوس تێیدا شەهیدبون و هاونیشتیمانیەك برینداربو، دەشڵێت: ئەم جۆرە هێرشانە بەبێ هاوکاری و نۆکەرایەتی لایەن و سیخوڕی ناوخۆیی بە ئەنجام ناگەن.

ئەنجومەنەكە لە درێژەی بەیاننامەكەدا دەڵێت: بزووتنەوەی گۆڕان لە مێژوی دروستبونیەوە بۆ خزمەتی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستان تێکۆشاوەو پاڵپشتی و پشتیوانی دۆزی رەوای گەلەکەمان بوە لە هەمو پارچەکانی کوردستاندا، هەرگیز و لە هیچ دۆخێکدا و لە ژێر فشارو هەڕەشەیەكیشدا لە پرەنسیپە نیشتیمانیەكەی لای نەداوەو باجی گەورەشی داوە .

هەروەك لەبەیاننامەكەدا هاتوە: بەو پەڕی شانازیەوە جارێکی دیكە بانگەواز بۆ هەموو لایەنەسیاسیەکان و رۆژنامەنوسان و چالاکان و ڕۆشنبیران دەکەین، کە هەرگیز ڕێگە نەدەن ململانێ سیاسیەکان سەر بکێشن بۆ نۆکەرایەتی و سیخوڕی.


هەواڵی زیاتر