ئاشنا عه‌بدوڵا: وه‌زاره‌ت و به‌شێك له‌ زانكۆكان بونه‌ته‌ هۆكاری‌ پاشه‌كشه‌ی‌ خوێندنی‌ باڵا

13/06/2021



په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رباری‌ ئاسته‌نگ و قه‌یرانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ خوێندنی‌ باڵا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وه‌زاره‌ت و به‌شێك له‌ زانكۆكان بونه‌ته‌ هۆكاری‌ پاشه‌كشه‌ی‌ خوێندنی‌ باڵا.

له‌ نوسینێكدا به‌ ناونیشانی‌ "خوێندنی‌ باڵا له‌ژێر سایه‌ی‌ ره‌حمی‌ پاره‌دا" كه‌ له‌ هه‌ژماری‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌: ئاشنا عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ سه‌رقاڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ گرفتی‌ ژماره‌یه‌ك خوێندكاره‌ له‌ زانكۆی‌ راپه‌ڕین و تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ له‌ زانكۆی‌ راپه‌ڕین ژماره‌یه‌ك خوێندكاری‌ پارالێڵ له‌ به‌شی‌ ئێواران به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ قیستیان دواكه‌وتوه‌ وه‌ك سزادانیان تاقیكردنه‌وه‌كانیان بۆ ئه‌ژمار نه‌كراوه‌و پێیان وتراوه‌ ده‌بێت تاقیكردنه‌وه‌كان دوباره‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ زه‌ق ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خوێندنی‌ باڵا ئاستی‌ په‌روه‌رده‌یی‌ و پێگه‌یاندن ئه‌وله‌ویه‌ته‌ لای‌ یاخود بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ داهات له‌سه‌ر حسابی‌ خوێندن و چاره‌نوسی‌ خوێندكاران؟


ئاشنا عه‌بدوڵا زیاتر رونكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ داوه‌ و نوسیویه‌تی‌: سەرۆکی ئه‌و زانكۆیه‌ نەیشارده‌وه‌ كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و خوێندكارانه‌یان هه‌ژمار نه‌كردوه‌ به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ قیسته‌كانیان، به‌ڵام بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ زانكۆكه‌یان كردوه‌ته‌ به‌هانه‌، له‌ كوێی‌ دنیادا خوێندنی‌ ساڵێكی‌ خوێندنی‌ باڵا كراوه‌ته‌ قوربانی‌ پاره‌؟

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێی‌ وایه‌: سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی‌ خوێندنی‌ باڵا خه‌ریكه‌ هه‌مو عورف و رێسایه‌ك تێده‌په‌ڕێنێت، له‌ ژماره‌یه‌ك بەشی زانکۆی هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌نها سێ ڕۆژ دیاریكراوه‌ بۆ نێوان وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ نه‌تیجه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ خولی دوه‌می‌ تاقیكردنه‌وه‌كان، لە کاتێکدا ئەگەر خوێندکارێک نەیتوانیبێت لەماوەی ساڵێک لەوانەیەکدا سەرکەوتوبێت چۆن دەتوانێت بە سێ ڕۆژ سەرکەوتوبێت!؟ جا ئەمە ئەگەر یەک وانە کەوتوبێت ئەی گەر سێ وانە کەوتوبێت؟

ده‌شڵێت: خوێندنی‌ باڵا به‌م دۆخه‌یه‌وه‌ هیچ چاوەڕوانیەکی لێناكرێت.



هەواڵی زیاتر