کاردۆ محەمەد: بۆ تێپەڕاندنی‌ گرژیەکانی‌ هەرێم دیالۆگ تاکە بژاردەی‌ بەردەم لایەنەکانە

15/06/2021



ئەندامێکی کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی رایدەگەیەنێت؛ رەوشێکی ئاڵۆز روی لە کوردستان کردوە و پێویستە هەموان بەرپرسانە و نیشتمانیانە هەنگاو بنێن بۆ چارەسەر، دەشڵێت: تاکە بژاردەی بەردەممان چارەسەرکردنی کێشەکانە بە گفتوگۆ.

کاردۆ محەمەد ئەندامی کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی، لە بارەی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی‌ ئێستا لە هەرێمی‌ کوردستان دەگوزەرێت، لە لێدوانێکدا بە دیجیتاڵ میدیای  (KNN)ی راگەیاند: رەوشێکی ئاڵۆز روی لە کوردستان کردوە، هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە لە ناوچەکە و بەتایبەت لە کوردستان، بۆیە ئێمە بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییمان زانیوە رێگری بکرێ لەو هەڕەشانە.

جەختیش دەکاتەوە: "تەنها بژاردە لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و بژاردەی ئاشتییە، بۆئەوەی بتوانین شەڕ لە ناوچەکە دوربخەینەوە و ئەو پیلانەی دوژمنانمان کە دەیانەوێت کورد توشی شەڕی ناوخۆ بکەن؛ پوچەڵ بکرێتەوە".

ئەو ئەندامەی‌ کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی باسی لەوەشکرد، هەنگاونان بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، ئامانجێکی پیرۆزە لەلای هەمو ئەو کەسایەتییە نیشتمانیانەی بە پەرۆشن بۆ سەقامگیری و ئاشتی و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ، "هەنگاوی باشیشمان لەم پڕۆسەیە بڕیوە".

لەبارەی بەدەمەوەهاتنی هێز و لایەنەکان بۆ بانگەوازی کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی، کاردۆ محەمەد وتی: متمانە کەمە و دۆخەکە ئاڵۆزە و گوشاری زۆر هەیە، بەڵام هەمو لایەنەکان هاوڕان کە دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت و رێز لە سەروەری هەرێم بگیرێت.

ئاماژە بەوەشدەکات، بە شەڕ هەمو دەسکەوت و قوربانییەکان لەدەستدەدرێن و مەترسییەکی گەورە رو لە کوردستان دەکات و هیچ بەرنامەیەکیش لەو حاڵەتەدا سەرکەوتو نابێت.


هەواڵی زیاتر