كۆبونه‌وه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و و یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ رێككه‌وتنی‌ هاوپه‌یمانیی‌ نێوانیان به‌رده‌وامه‌

17/06/2021



پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17/6/2021 وه‌فدێكی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ (1)ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان كرد له‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌لایه‌ن باژێروان و ستافی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ سلێمانیی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی‌ چۆنێتیی‌ هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌كایه‌ی‌ زیاتری‌ ئاشته‌وایی‌ و ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌تایبه‌ت له‌ كاتێكدا كه‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌نزیكبونه‌وه‌دایه‌.

هاوكات لێكنزیكبونه‌وه‌ی‌ زیاتر و رێككه‌وتن له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانی‌ پێشوتری‌  رێككه‌وتننامه‌كانی‌ نێوان گۆڕان و یه‌كێتی‌ هاوشێوه‌ی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ ده‌باشان و رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ لیستی‌ هاوبه‌ش بۆ به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، ته‌وه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بو.

له‌ ته‌وه‌رێكی‌ تریشدا باس له‌ دروستكردنی‌ لیژنه‌ی هاوبه‌ش كرا هاوشێوه‌ی‌ ژوری‌ عه‌مه‌لیات له‌نێوان هه‌ردولا به‌تایبه‌ت له‌پێناو شۆڕكردنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان هه‌ردولا بۆ ئاسته‌كانی‌ خواره‌وه‌ به‌تایبه‌تتر له‌سه‌ر ئاستی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ سلێمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و مه‌ڵبه‌ندی‌ سلێمانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌دواداچون بۆ كێشه‌كان و چاودێریكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.


هەواڵی زیاتر